دەریا و بەرزاییەکانی نەجەف شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش لە باشووری عێراق

رووداو دیجیتاڵ

 دەریای نەجەف کە سرووشتێکی جوانی هەیە و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە، بووەتە یەکێک لە سیماکانی پارێزگاکە و ناوی نەجەفی لێنراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە و نەبووەتە جێی بایەخی بەرپرسانی پارێزگاکە لەڕووی گەشتیارییەوە.
 
حەیدەر جەنابی، توێژەری شوێنەواریی لە نەجەف بە رووداوی گوت "گرێدانی ناوی ئەو دەریا بە شاری نەجەف دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کۆندا ناوەکەی نەی ..جەف بووە، دواتر بووەتە نەجەف، پارێزگاکەش ناوەکەی لەو دەریاوە هاتووە، کە نەجەفە. لە دەوری دەریای نەجەف کۆمەڵێک تەپۆڵەی بەردی لە بەرزییەکان هەن، کە پاشماوەی دەریاکە بۆ 65 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە بۆ باکووری کەربەلا و هەروەها دیوانییە لە باشوور". 
 
لە بواری ئابوورییەوە دەریای نەجەف گرنگییەکی  زۆری هەیە بۆ ئەوەی حکومەت یاخود کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان سوودی لێوەربگرن بەمەبەستی رەخساندنی هەزاران هەلی کار و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی.
 
موسەننا عیساوی، چالاکڤانی مەدەنی بە رووداوی گوت: "دەریای نەجەف و بەرزاییەکان نەجەف درێژدەبنەوە هاوتەریب لەگەڵ رێگەی وشکانی حەج، کە پارێزگای نەجەف بە شانشینی سعودیە دەبەستێتەوە. شوێنەواری زۆری کریستیانەکان لەو ناوچانەدا هەن. ئەگەر بە باشی سوودی لێبوەربگیرێت، ئەوا گەشتیاران لەهەموو شوێنێک رووی تێدەکەن. موسڵمان و  کریستیانەکان دێنە ئەو ناوچانە، کە بێگومان داهاتێکی زۆری بۆ خەڵکی پارێزگاکە دەبێت و هەروەها بەشێوەیەکی باش چارەسەری بێکاریی دەکات کە لە پارێزگادا هەیە"
 
دانیشتووانی شارەکە چەندین داواکارییان هەیە بۆ ئەوەی سوود لەو شوێنە وەربگیرێت تاوەکو وەک خێزان هەناسەیەکی تێدا بدەن و بۆ بۆنە گەشتوگوزارییەکان سوودی لێبوەربگرن. 
 
حوسێن کاشف چالاکوانی مەدەنی بە رووداوی گوت: "بەردەوام دانیشتووانی نەجەفی پیرۆز، هەوڵدەدەن تیشک بخرێتەسەر ئەو ناوچە گەشتیارییە. داوا دەکەین وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و زیندووبکرێتەوە. ناوچەیەکی جوانە و هەموو تایبەتمەندییەکانی ناوچەی گەشتیاریی تێدایە، ناوچەیەکی گەشتیاریی و سرووشتییە، دەریای لێیە و شوێنی جوانی لێیە وەک تەپۆڵەکان. ناوچەیەکی کراوەیە، تەنیا پێویستی بە هەوڵی حکومەتە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان، یاخود هەوڵی دەوڵەت بیکاتە ناوچەیەکی گەشتیاری" .
 
چەندین مانگە بەسەر لێدوانەکەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان تێدەپەڕێت بەوەی یەکێک لە وەبەرهێنەرەکان رەزامەندیی دەستەکەی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەریای نەجەف بکاتە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاریی کە چەندین چێشتخانە و کافێ و یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە رووناکی بەخۆوە نەبینوە وەک پرۆژە پەکخراوەکانی دیکە لە پارێزگاکە.