ئەنجوومەنی پارێزگاکان چاوەڕێی ئەنجامی تانەکانن تاوەکو کۆببنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتەی داهاتوو بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکلاییکەرەوە دەبێت، لەو ماوەیەدا دەبێت کۆمیسیۆن سەرجەم تانەکان یەکلاییبکاتەوە و رێگەخۆشبکات بۆ بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان.
بەپێی یاسا، دەبێت لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکان، سەرۆک و دوو جێگرەکەی ئەنجوومەن هەڵبژێرن، بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "پابەند دەبین بەو وادانەی لە یاسا و رێکارەکان دیاریکراوە، رێکارەکان بەپێی خشتەکان دەڕۆن."
رۆژی هەینی 5-1-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرجەم ئەو تانانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە هەبوون ،کە 329 تانە بوون رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کراون و بۆچوونی کۆمیسیۆنی لە رووی هونەری و یاساییەوە تێدایە، چاوەڕوانین دەستەکە بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەبارەوە بدات و دوای ئەوە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسند دەکرێن."
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئێوارەی رۆژی 28-12-2023، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە، لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ ماوەى سێ رۆژ دەرگەى تانەدان لەو ئەنجامانە کرایەوە.
لەنێو لیستە کوردییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە کە سکاڵای تۆمارکردووە.
عیماد جەمیل باسی وردەکاریی رێکارەکان بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لیستی براوەکان لەدوای تەواوبوونی وەرگرتنی تانەکان دەکات و دەڵێت: "پابەند دەبین بەوەی لە مادە شەشی سیستمی سکاڵا و تانەکانی هەڵبژاردن، ژمارە 8ـی ساڵی 2023 هاتووە، ئەگەری هەیە ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەیان بکەن."
لە مادە شەشی سیستەمی سکاڵا و تانەکانی هەڵبژاردن لە بارەی تانەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاتووە:
- ماوەی سێ رۆژ لەبەردەم بەربژێرانە بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامەکانی کۆتایی بدەن، دوای ئەوەی کۆمیسیۆن رایان دەگەیێنێت.
- ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ماوەی 7 رۆژ وەڵامی داواکارییەکانی دەستەی دادوەری دەداتەوە و روونکردنەوە لەبارەیانەوە دەداتە دەستەکە.
- دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی 10 رۆژدا وەڵامی روونکردنەوە و تانەکان دەداتەوە، بە رەتکردنەوە یان قبوڵکردنیان.
- کۆمیسیۆن لە ماوەی سێ رۆژدا ئەنجامی کۆتاییەکان رادەگەیێنێت.
لەدوای یەکلاییکردنەوە و راگەیاندنی ئەنجامی تانەکان، هەنگاوەکان بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکانی پارێزگاکانی 15 پارێزگای عێراق بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا، بەمشێوەیە دەبێت:
- لە ماوەی 15 رۆژدا پارێزگار داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات.
- یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبێت و سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی بە دەنگی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، واتە"50+1"ی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێن.
- لە ماوەی 30 رۆژدا و لە رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنەکە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی، واتە "50+1"ی ژمارەی ئەندامانی، پارێزگار و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێرێت.
- ئەگەر هەریەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی نیوە کۆ یەکی ئەندامانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنن، لە گەڕی دووەم رکابەرایەتی لەنێوان دوو بەربژێر دەکرێت کە لە گەڕی یەکەم زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە و لە گەڕی دووەمدا کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە پارێزگار.
- لە ماوەی 15 رۆژ لە هەڵبژاردنیەوە، مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی پارێزگار دەردەچێت.
- جێگرانی پارێزگار پێویستە مەرجەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەبێت؛ لە ماوەی 15 رۆژ لە هەڵبژاردنیانەوە لەلایەن پارێزگارەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت.