وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە: بۆ کارێکی گرنگ هاتووم

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە رایگەیاند، "بۆ کارێکی گرنگ هاتوومەتە بەغدا، پێکەوەبوون دژی داعش گرنگە و فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاش کۆبوونەوەیان لە بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
ژان نوێل بارۆ باسی دۆخی ناوچەکەی بە گشتی کرد، گوتی دەبێ هەموولایەک پابەندی ئاشتی بن و لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەردەوام بن.
 
لەبارەی سەقامگیریی عێراقەوە، سەرکۆنەی ئێرانی کرد و گوتی، "بە هەر نرخێک بێت، دەبێ ئاسایشی عێراق بپارێزرێت چونکە هێزێکی گرنگە بۆ ناوچەکە".
 
لای خۆیەوە، فواد حوسێن رایگەیاند، "بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕین لە عێراق و ناوچەکەشدا. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی هەڵبژاردنەکەی عێراقمان کرد کە ئێستا لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێن".
 
هەروەها گوتی کە عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕیوە و "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئاگری شەڕ دووربخەینەوە لە ناوچەکەمان".
 
"جەختمان لە رێککەوتنەکەی حکومەتی سووریا و هەسەدە کردەوە و لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوام دەبین"، فواد حوسێن وای گوت.
 
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
 
بڕیارە ئەمشەو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بگاتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.