سەیدولشوهەدا هۆشداری دەداتە سعودیە: رێگە مەدەن سەربازانی ئەمریکا پەنا ببەنە بەر کەعبە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، هۆشداریی تووند دەداتە دەسەڵاتدارانی سعودیە و دەڵێت، رێگە نەدەن سەربازانی ئەمریکی پیرۆزیی ماڵی خودا بشکێنن و وەک پەناگەیەک بۆ خۆشاردنەوە بەکاریبهێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند: "هۆشداری دەدەینە دەسەڵاتدارانی سعودیە لە رێگەدان بە سەربازانی ئەمریکی بۆ بێڕێزیکردن بە پیرۆزیی ماڵی خودا و پەنابردن و خۆشاردنەوە لەنێو جەرگەی کەعبەدا."
وەلائی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سایەی ئەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، ماڵی خودا بووەتە "تاقە شوێنی بەردەست کە مابێتەوە بۆ ئەوەی سەربازانی ئەمریکا بە سەلامەتی تێیدا خۆیان بشارنەوە لە تەواوی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا."
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی و لە ساڵی 2013 دامەزراوە، بە یەکێک لە گرووپە نزیکەکان لە ئێران دادەنرێت و ئەبو ئالا وەلائی سەرکردایەتی دەکات.
ئەم هۆشدارییەی ئەمینداری کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل چووەتە شەشەمین رۆژیەوە و گرژییەکان تەواوی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.