موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: لە 24 کاژێردا 19 هێرشمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن رایگەیاند، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان لە رێگەی دەیان درۆنەوە کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، گرووپەکە لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام بڵاوی کردەوە لە 24 کاژێری رابردوودا، 19 هێرشیان کردووە. لەم هێرشانەدا دەیان درۆن بەکارهێنراون بۆ پێکانی بنکەکانی ئەو لایەنانەی کە بە "دوژمن" ناویان دەبەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئامانجی هێرشەکان بنکە سەربازییەکان بووە لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا، بەڵام وردەکاریی زیاتریان لەبارەی شوێنی وردی بنکەکان و قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو گرووپە چەکدارانە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، بانگەشەی ئەوەی دەکەن، لە 28ی شوباتەوە، کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، 791 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
زۆرترین هێرش کە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە لە 17ی ئاداردا بووە، کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرشیش لە 12ی ئاداردا بووە، کە 13 هێرش بووە.