وەزارەتی پەروەردەی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ئامادەیی (سەفیر)ی بەسرە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ڤیدیۆیەکدا ژمارەیەک قوتابی لە ئامادەیی (سەفیر) لە پارێزگای بەسرە دەردەکەون کە لە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە کتێبەکانیان فڕێ دەدەن و بەسەریاندا دەڕۆن. وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەسەر رووداوەکە هاتەدەنگ و بڕیاری دا رێوشوێنی تووند بگرێتە بەر.
رۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پەروەردەی عێراق بەوەکالەت بڕیاریدا بە گرتنەبەری رێکاری بەپەلە و تووند، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوونی وردەکارییەکانی رووداوەکە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و پەروەردەیی بەرامبەر قوتابییەکان.
ئەم هەنگاوانەی وەزیری پەروەردە لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: ''ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رێکخستنی رەفتاری قوتابییەکانە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارانەی کە گوزارشت لە رەوشتی قوتابی عێراقی و بەهاکانی دامەزراوەی پەروەردەیی ناکەن''.
ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق کاردانەوەی تووندی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەتی بەهۆی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و دڕاندنی کتێبی قوتابخانە.
ئەحمەد ئەسەدی دەڵێ: ''ئەمە وێنەی راستەقینەی قوتابیانی ئێمە نیشان نادات کە بە پابەندبوون و دیسپلین ناسراون و پێویستە کولتووری رێزگرتن لە سەرچاوە فێرکارییەکان بچەسپێنرێت''.
ئەسەدی داوای لە دایک و باوکی قوتابیان کردووە کە رۆڵی پەروەردەیی خۆیان بەهێزتر بکەن و بەشداربن لە راستکردنەوەی رەفتاری منداڵەکانیان و پابەندبن بە چاندنی بەها کۆمەڵایەتییە رەسەنەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی دامەزراوەی فێرکاری.