نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا: جەختمان لە کار و هاوئاهەنگی کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانەکەی بۆ بەغدا بە "بەرهەمدار و سەرکەوتوو" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکانیدا جەخت لە کار و هاوئاهەنگی هاوبەش کراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5-5-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ کۆتاییمان بە سەردانێکی بەرهەمدار و سەرکەوتوو بۆ بەغدای پایتەخت (ی عێراق) هێنا کە تێیدا چاومان بە هەموو هاوپەیمانی، کەسایەتییە نیشتمانی و هاوبەشەکان لە بەغدا کەوت".
نێچیرڤان بارزانی باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا دەکات و دەڵێت: "جەختمان لە کار و هاوئاهەنگی هاوبەش کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نیشتمانییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، لەنێویاندا جەختکردنەوە لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، چارەسەری خێرا بۆ دۆخی ئابووری بەهۆی لێکەوتەکانی دۆخی هەرێمیی ناوچەکە؛ هەروەها جەختمان لە گەرەنتیکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە ململانێ هەرێمییەکان کردەوە."
عەلی زەیدی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راسپێردراوە و بەشێکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەکە بوون.
نێچیرڤان بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێ: "لەگەڵ هاوبەشەکاندا گفتوگۆمان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد؛ جەختمان لە پاڵپشتیی تەواومان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردەوە بۆ کاری هاوبەش لەپێناو گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناخێکی نوێ لە سەقامگیری، گەشەسەندن و پێشکەوتن".
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێ: "سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەرمیی پێشوازی، سنگفراوانی و گفتوگۆ ئەرێنییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندی عێراقدان".
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق؛ ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبى ئەهلى حەق؛ عەبدولحوسێن مووسەوی، سهرۆكى هاوپهيمانيى (نههج)ى نيشتمانى؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانین.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ کۆتاییمان بە سەردانێکی بەرهەمدار و سەرکەوتوو بۆ بەغدای پایتەخت هێنا کە تێیدا چاومان بە هەموو هاوپەیمانی و کەسایەتییە نیشتمانی و هاوبەشەکان لە بەغدا[ی پایتەختی عێراق] کەوت. جەختمان لە کار و هاوئاهەنگی هاوبەش کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نیشتمانییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، لەنێویاندا جەختکردنەوە لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، چارەسەری خێرا بۆ دۆخی ئابووری بەهۆی لێکەوتەکانی دۆخی هەرێمی ناوچەکە. هەروەها جەختمان لە گەرەنتیکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە ململانێ هەرێمییەکان کردەوە.
لەگەڵ هاوبەشەکاندا گفتوگۆمان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد؛ جەختمان لە پاڵپشتیی تەواومان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردەوە بۆ کاری هاوبەش لەپێناو گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناخێکی نوێ لە سەقامگیری، گەشەسەندن و پێشکەوتن. سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەرمیی پێشوازی، سنگفراوانی و گفتوگۆ ئەرێنییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندی عێراقدان.