حەلبووسی بۆ رووداو: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ لێکنزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا هەنگاوێکی دروستە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد لێکتێگەیشتنی باش بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەیە.
محەممەد حەلبووسی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، تیشکی خستە سەر دیداری نێوان هێزە سیاسییە سوننەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە ماڵی خەمیس خەنجەر بەڕێوەچوو. حەلبووسی گوتی: "ئەم دیدارە هاوئاهەنگی پێشوەختەی بۆ کرابوو و کاتەکەی زۆر گونجاو بوو. ئامانجی سەرەکی کارکردنە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق و دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی حیزبی."
سەرۆکی پارتی تەقەدووم جەختی کردەوە کە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا بۆ لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە وڵات و ناوچەکە بە دۆخێکی پڕ لە ئاڵنگاریی مەترسیداردا تێدەپەڕن.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، حەلبووسی ئاشکرای کرد کە شایستە وەزارییەکان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلایی کراونەتەوە و گوتی: "لێکتێگەیشتنی
ئاستبەرز لەنێوان هێزە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی هەیە. کار دەکەین بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یان لە نێوەڕاستیدا حکومەت پێکبهێندرێت."
حەلبووسی ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کراوە کە دەبنە بنەمای دیدگەی حکومەتی داهاتوو، لەوانەش لایەنی ئابووری، ئاسایش، هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و سەروەریی یاسا لە هەموو شوێنێکی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، محەممەد حەلبووسی جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەموو هاووڵاتییان کردەوە و گوتی: "دەبێت هەموو هاووڵاتییەک، هەر لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو دوایین خاڵ لە بەسرە، شایستە داراییەکانی خۆیان بە تەواوی و بێ کەموکوڕی
وەربگرێ."
حەلبووسی هاوسۆزیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
پرسیار: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چۆن دەبینن؟
محەممەد حەلبووسی: زۆر سوپاس. دوێنێ دیدارمان هەبوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، برا نێچیرڤان بارزانی، هاوئاهەنگیی پێشوەختە بۆ ئەم دیدارە هەبوو، لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێ. دیدارەکە لە ماڵی بەڕێز خەمیس خەنجەر بوو؛ دەتوانین بڵێین هەنگاوێکە بۆ کارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی عێراق و دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، کاتەکەی زۆر گونجاو بوو.
بەشێکی دیدارەکە پەیوەندی بە دۆخی گشتیی عێراق، شایستە داراییەکانی خەڵک و دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەوە بوو کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە. جگە لەوەش، گفتوگۆیەکی راشکاوانە بوو، دەتوانین بڵێین ئەمە هەنگاوێکی نوێ یان هەنگاوێکی دروستە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکان؛ هەروەها شایستەکانی پێکهێنانی حکومەتیش هەن، سەردانەکەی لەم کاتەدا زۆر گرنگ بوو.
ئێمە پێشتر هاوسۆزیی خۆمان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیبوو بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانە سەری و ئەوەشمان بە ئەرکێکی نیشتمانی دانا کە دوور بێت لە ململانێی حیزبی، پێشتریش دیدارێکی دیکە هەبوو لەنێوان سەرکردایەتیی پارتی تەقەدووم و سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێمە چاومان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانە و دەمانەوێ بزانین گرنگترین پێداویستییەکانی خەڵک و هاووڵاتییان چین. بێگومان رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و رۆڵی هەرێم لە هاوکێشەی عێراقدا بە گشتی گرنگە.
پرسیار: کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا بووەهۆی چەسپاندنی لێکتێگەیشتنی روون بۆ قۆناخی داهاتوو؟
محەممەد حەلبووسی: پێشتریش بە بەڕێزتانم گوت، ئەو ئاڵنگارییانەی عێراق پێیاندا تێدەپەڕێ مەترسیدارن؛ دەبێت هەموو کارەکتەرە سیاسییەکان ئامادە بن و بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن. قۆناخەکە پێویستی بە وەستانێکی جیدیی هەموو سەرکردە سیاسییەکانە. وەک هەمیشە، جەنابی سەرۆکی هەرێم رۆڵی هەیە لە لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان.
پرسیار: دوایین پرسیارمان؛ هەڵوێستی ئێوە چییە لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران؟
محەممەد حەلبووسی: لە ساڵانی رابردووی کاری سیاسییماندا، هەمیشە پەرۆشی هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق بووین. پەرۆشین بۆ ئەوەی دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی سامانی وڵات و شایستە داراییەکان. دەبێت هاووڵاتییان، هەر لە هاووڵاتییانمان لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو دوایین خاڵی عێراق لە بەسرە، شایستە داراییەکانی خۆیان بە تەواوی و بێ کەموکوڕی وەربگرن.
پرسیار: جەنابی سەرۆک، ئایا ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی شایستە وەزارییەکانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو عەلی زەیدی یەکلایی کردووەتەوە؟
محەممەد حەلبووسی: شایستەکان روونن؛ شایستەکانی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن روونن و لەسەر ئەو بنەمایەش شایستە وەزارییەکان هەژمار دەکرێن، لێکتێگەیشتنی ئاستبەرز لەنێوان هێزە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی هەیە. گرنگتر لەوە، دوو رۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەمان هەبوو و تێیدا گرنگترین ئەو خاڵانەمان دیاریکردن کە پێمانوایە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گشتی و بۆ داهاتووی وڵات گرنگن، لەوانەش لایەنی ئابووری، ئاسایش، هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، سەروەریی یاسا لە هەموو شوێنێکی عێراق و هەروەها دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوەکان کە کەمێک پێش ئێستا ئاماژەم پێدا. کۆمەڵێک دۆسیەی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردووش هەن کە عێراقییەکان چاوەڕێی چارەسەریان دەکەن؛ ئەمانە لە ئاستی نیشتمانییدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ تاوەکو وەک وەرەقەیەکی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، ببێتە بەشێک لە دیدگەی حکومەت بۆ قۆناخی داهاتوو.
پرسیار: بەڕێز سەرۆک، سەبارەت بە کابینەی وەزاری و شایستەکان؛ کەی دەگەنە رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو؟
محەممەد حەلبووسی: چەند رۆژی داهاتوو شاهیدی خێرای دەبن لە تەواوکردنی ئەم دۆسیەیە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یان لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو حکومەت پێکبهێندرێ، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەم رۆژانەدا بەردەوامن و هەندێک رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دەکرێن بۆ ئەوەی حکومەت بە خێرایی پێکبهێندرێت. زۆر سوپاس.