دانیشتووانی روومادی یەکەم رەمەزانی دوای داعش بەڕێدەکەن
رووداو - هەولێر
دانیشتووانی روومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار، یەکەم رەمەزانی دوای داعش بەڕێدەکەن، رەوش ئاساییبووەتەوە و بازاڕەکان گەرموگوڕ دەردەکەون.
لە سەردەمی داعشدا، دوای بەربانگ کەس بۆی نەبوو لەماڵ بێتە دەرەوە، خەڵک چێژییان لە خۆشییەکانی رەمەزان نەدەبینی، کەچی ئێستا بازاڕ و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخن و تاوەکو پارشێو خەڵک هەر لە دەرەوەیە.
وەک زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراق، شەوانی رەمەزان بازاڕەکان لە روومادی گەرموگوڕترن. خەڵک بەڵام دەڵێن، لەوەتەی داعش نەماوە، خێر و بەرەکەت گەڕاوەتەوە روومادی.
داعش لە 2015 لە روومادی وەدەرنرا، بەڵام بەهۆی کاولبوونی ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی، ئاوارەکان درەنگ گەڕانەوە شارەکە.