گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە ناوچەی سەوز.. شوێنێک بۆ نیشاندانی هێز و هەژموون
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی هەشتاکانەوە تاوەکو سەرەتاکانی 2003، گۆڕەپانی پێشاندانی هێزی سەربازی بوو لەلایەن سەدام حوسێنەوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بووەتەوە شوێنی پێشاندانی هێز و هەژموون، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر.
گۆڕەپانی ئاهەنگەکان کە لە ساڵی 1986 دروستکراوە. بڕیارە ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر نوێژی یەکگرتوویی تێدا بکەن.
گۆڕەپانەکە لەلایەن سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق دروستکراوە، پەیکەری کەوانی سەرکەوتنی تێدایە کە یەکێکە لە پەیکەرە دیارەکانی بەغدا و ناوچەکە و گۆڕەپانەکە، بڕیارە ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەربەلا و بابل و واست بۆ نوێژی هەینی و لەسەر داوای موقتەدا سەدر بچنە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان.
پێشتر سەدام لەو گۆڕەپانەوە نمایشە سەربازییەکانی دەکرد و هێز و بازووی خۆی پێشانی نەیارەکانی، بە تایبەت ئێران دەدا. ئەوە یەکەمجارە سەدرییەکان نوێژە بە کۆمەڵەکەیان دەبەنە ئەو گۆڕەپانەوە، بۆیە دەکرێت ئەمە وەکو نمایشێکی سەدر بۆ "سەرکەوتن"ی بەسەر نەیارەکانیدا لە نێو ماڵی شیعەدا لێکبدرێتەوە. بە تایبەتی دوای ئەوەی لە 30ی مانگەوە لایەنگرانی باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقیان کۆنتڕۆڵکردووە و ناهێڵن پەرلەمان کۆببێتەوە.
رۆژی 15ی تەمموزی 2022ی سەدرییەکان لە ناوچەی سەدری بەغدا نوێژی بە کۆمەڵیان کرد و لەوێ نوێنەرێکی سەدر گوتارێکی بەناوی سەدر خوێندەوە و گوتی: "تاقیکراوەکان تاقیناکرێنەوە". ئەمەش ئاماژەیەک بوو نەگەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەر کورسیی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق. کە بۆ ماوەی دوو خول (2006 - 2014) سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
رۆژی 30ی تەمموزی 2022، جارێکی دیکە سەدرییەکان چوونەوە نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای چاکسازی و رەتکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانیان کرد.
دوای چەند رۆژێک مانەوە لە پەرلەمان، محەممەد ساڵح عێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر بانگەوازی بۆ نوێژی هەینی یەکگرتوو کرد و 10 رێنوێنیشی بۆ خۆپێشاندەران دەرکرد، دواتر رەوتی سەدر لیژنەیەکی حەوت کەسی بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانەکان دیاریکرد و ئەوان ماوەی دوو رۆژ دەبێت سەردانی گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا دەکەن و هەموو رێوشوێن و ئامادەکارییەکیان بۆ نوێژی هەینی 5ـی ئاب تەواوکردووە.
شەیما عوبەیدی، یەکێک لە ئەندامانی لیژنە حەوت کەسییەکەی رەوتی سەدر بۆ سەرپەرشتیی خۆپێشاندانەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "رۆژی هەینی گەورەترین نوێژ و بە ئامادەبوونی زۆرترین کەس کە سەروو ملیۆنێک کەس دەبێت لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا دەکرێت."
سەرایا سەلام، گرووپی چەکداریی سەر بە رەوتی سەدر هەزاران چەکداری خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نوێژخوێنان خستووەتە ئامادەباشییەوە، جگە لە هێزەکانی حکومەتی عێراق.
ئەو خۆپێشاندانانەی دەچن بۆ بەشداری لە نوێژی هەینی لە ناوچەی سەوز، سەرەتا دەپشکندرێن. بەشێک لە خۆپێشاندەرانیش گەرما تینی بۆهێناون و لەنێو حەوز و فوارەکان خۆیان فێنک دەکەنەوە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 5, 2022
وێنەکان: حەیدەر دۆسکی - رووداو pic.twitter.com/WKRXWStDhO
لەبارەی هەڵبژاردنی گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا بۆ نوێژی یەکگرتوویی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، محەممەد فەخری مەولا، شرۆڤەکار و توێژەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی لەلایەن سەدرییەکانەوە پەیامی ئاشکرای راگەیێندراوی هەیە وەکو ئەوەی شوێنێکی فراوانە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەخۆدەگرێت و شوێنێکی گونجاوە بۆ نوێژکردنی سەدان هەزار نوێژخوێن".
بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، هەڵبژاردنی ئەو شوێنە لەلایەن موقتەد سەدرەوە "پەیامی ناراگەیێندراوی سیاسی"یشی تێدایە و دەڵێت: "یەکەم شوێنێکە بۆ نیشاندانی هێز کە سەدرییەکان دەیانەوێت بە عێراقییەکان و دەرەوەش بڵێن هێزێکی نوێی بەهێز هەیە و گۆڕانکاریی دەوێت و دەکات، جگە لەوەی ئەو شوێنە پێشتر شوێنی نمایشی سەربازیی بووە کە ئەمەش پەیامی دیکەی تێدایە، لەپاڵ ئەوانەدا سەدرییەکان دەیانەوێت بڵێن کە ئەوان لە شوێنی نمایشەکانی دەوڵەت ئامادەن کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دەبنە بەشێکی گەورە لە عێراق و حکومەت و پێکهاتەی دەوڵەت و دژی پاشکۆیەتی دەوەستنەوە."
گۆڕەپانی ئاهەنگەکان
- لە ساڵی 1986 دروستکراوە.
- دەکەوێتە ناوچەی حارسییە لە بەغدا.
- چەندین مۆزەخانە و پەیکەری تێدایە، پەیکەری سەربازی ونیشی لێ نزیکە.
- لە دوای رووداوەکانی ئاداری ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس ناوچەکە بووە شوێنێکی سەربازی.
- دوای داخستنی بۆ ماوەیەکی زۆر، گۆڕەپانەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2017 کرایەوە.
- کەوانی سەرکەوتن، یەکێکە لە دیارترین پەیکەرەکانی گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا.
- لە 8ی ئابی ساڵی 1989 و دوای تەواوبوونی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، پەیکەرێکی گەورە لە نێو گۆرەپانەکە دروستکرا کە بە"کەوانەی سەرکەوتن" دەناسرێت، کە بریتییە لە دوو شمشێر، پەیکەرەکە وەکو ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی عێراق بەسەر ئێراندا دروستکراوە.
- لە سەردەمی سەدام حوسێندا ئاهەنگ و نمایشە سەربازییەکان لەو گۆڕەپانەدا دەکران.