داعش ئامادەكاری بۆ شەڕێكی تووند لە هیت دەكات

رووداو ـ رومادی

چەكدارانی داعش ئامادەكاری بۆ شەڕێكی تووند لە شارۆچكەی هیتی رۆژئاوای ئنبار دەكەن، لە هەندێك ناوچەش لەبەرامبەر پێشڕەوی هێزە ئەمنییەكانی عێراق پاشەكشەیان كردووە.

هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی چەكدارانی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەرەو نێوەڕاستی شارۆچكەی هیت لە باكووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لەپێشڕەویدان، بەتایبەتی لە قۆڵەكانی باشووری نزیك ناوچەی محەممەدی و قۆڵی باشووری رۆژئاوا لە نزیك هێڵی شەمەندەفەر.

نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە قۆڵی باشوور و باشووری رۆژئاوا گەیشتوونەتە نێو شارۆچكەی هیت و گەڕەكەكانی (ئامینە، زهور، بەسایل، جەبەل، موعەلیمین)یان كۆنترۆڵكردوونەتەوە".

چەكدارانی داعش لە هەندێك ناوچە بەرەو ناوچەكانی نزیك رووباری فورات لە نزیك ناوچەی جەزیرە لەنێوان پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و موسڵ پاشەكشەیان كردووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان لەسەر رێگە گشتییەكان و باڵەخانەكان داناونەتەوە، ئەمەش بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشڕەوی هێزە ئەمنییەكان بەرەو نێوەڕاستی شارۆچكەكە.

رێكخراوی داعش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایگەیاندووە "وەك ئامادەكاری بۆ شەڕێكی تووند، دانیشتووانی هەردوو قۆڵی باشوور و باشووری رۆژئاوای هیتیان بۆ نێوەڕاست و باكووری شارۆچكەكە گواستوونەتەوە".

هاوكات بەهۆی ئەگەری تووندی پێكدادانەكانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش، هەزاران كەس روویان لە قۆڵەكانی باشوور و باشووری رۆژئاوا و دەرەوەی شارۆچكەكە كرد.