بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کەسی یەکەمی لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن. 
 
گوتیشی، محەممەد شیاع سوودانی بەلایەوە گرنگ بوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەربکەوێت بۆ ئەوەی هەندێک بابەت یەکلایی بکرێنەوە، بەتایبەتی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. 

 

 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، لایەنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گەرمی پێشوازییان لە نێچیرڤان بارزانی کرد و زۆر بەباشی باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. 
 
پێشتر، د. عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی هاوپەیمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرسی رێککەوتنە سیاسییەکان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، بودجەی ساڵی 2024، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و چەند پرسێکی دیکە دیارترین ئەو دۆسیانە دەبن کە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبن". 
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە لەمبارەیەوە دەڵێت، "کێشەی زۆر گەورە لە ماوەکانی رابردوودا روویاندا، لەنێویاندا کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جگە لە ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی عێراق لە سەرووی ئەو پرسانەوە دەبێت کە لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێ دەکرێن، پێموابێت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکەمجارە بەشداریی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات؛ ئەوە شتێکی گرنگە."
 
 
هاوکات عارف حەمامی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە رووداوی گوت، "رێککەوتنی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت، پرسی نەوت و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن و پێداچوونەوە بە کارەکانی حکومەت لە دیارترین پرسەکان دەبن هاوپەیمانێتییەکە باسیان دەکات."