راپی مەهداوی بەشێک لە پیاوانی ئایینی شیعەی تووڕەکردووە

رووداو - هەولێر

شێوازێکی نوێی "لەتم" کە باوەڕدارانی شیعە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بۆ ئیمامەکانیان ئەنجامیدەدەن و لەسەر شێوازی راپی ئەمریکییە، بەشێک لە شیعەکانی تووڕەکردووە.

راپی مەهداوی ئاماژەیەکە بۆ ئیمام مەهدی کە ئیمامی دوازدەیەمینی باوەڕدارانی شیعەی دوازدەئیمامییە، کە پێیدەڵێن "ئیمامی زەمان" و چاوەڕوانن دادوەریی و ئاشتی بڵاوبکاتەوە.

رێکخەری رێوڕەسمی راپی مەهداوی لە نەجەف رەخنە لە پیاوانی ئایینی دەگرێت و دەڵێت، ئەوان وایانکرد گەنجان روو لە راپ و شێوازی رۆژئاواییەکانی دیکە بکەن. 

شێخ سالم نەجاحی، رێکخەری رێوڕەسمی راپی ئیسلامی دەڵێت "راپ یەکێکە لەو ئامرازانەی کە لە کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە و هۆکاری ئەوەش گەندەڵی و مایەپووچبوونی پیاوانی ئایینییە کە زۆردارن و گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسییان کۆنترۆڵکردووە، ئەوەش وای لە گەنجان کرد لە گوتاری ئایینی دووربکەونەوە و روو لە گوتاری رۆژئاوایی یان شێوازە رۆژئاواییەکان بکەن، چونکە پێیانوایە ئەمە خۆشی و خۆشگوزەرانییان بۆ دابیندەکات".

راپی مەهداوی لە ساڵی 2018 لە باشووری عێراق سەریهەڵدا و دوای ئەوەی ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، هەرای زۆری نایەوە و لەلایەن چەندن مەرجەعی شیعەوە لە عێراق رەتکرایەوە.

لەتیف عەمیدی، پیاوی ئایینی لە نەجەف دەڵێت "بەم دواییە رەوتی ئایینی بەلاڕێداچوو سەریانهەڵدا و سۆز و لاوازی رێنمایی ئایینی باوەڕدارییان لای بەشێک لە گەنجان قۆستەوە و ئەوەی لە ئاییندا نییە هێنایانە نێو ئایین، وەک شوور و راپ و ئەم بابەتە پووچانەی کە هیچ بنەمایەکیان نییە، ئەوەی نەگۆڕە لە شەریعەتی ئیسلامی لای ئێمە و لە هەموو ئایینە ئیسلامییەکان ئەوەیە کە هەڵپەڕین و گۆڕانی گوتن و ئەو ئامێرانەی کە رێگە بۆ ئەوانە خۆشدەکەن لە ئیسلامدا حەرامن".

تۆمەت ئاراستەی سەید سەرخی حەسەنی دەکرێت کە مەرجەعێکی شیعەی عێراقییە و لە دەرەوەی عێراقە بەوەی گوایە هەوڵی بڵاوکردنەوەی راپی مەهداوی و رەفتاری نادروست لەنێو کۆمەڵگە و باوەڕدارانی شیعە دەدات.