هەولێر و بەغدا لیژنەی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، راگەیێندراوێکیان لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بڵاوکردەوە و بڕیاری پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنە دراوە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و راپۆرتێکی تایبەت لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە ئەو لیژنانە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێیندراوی هاوبەشی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 5ـی ئابی 2023ـی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی عێراق لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "لە چوارچێوەی چاکسازییە یاساییەکان کە لە کارنامەی حکومەت و بەدیاریکراوی لە بڕگەی 23دا هاتووە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بە پشتبەستن بە رێنمایی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە و بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییە، رۆژی 5ـی ئابی 2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکوەزیران (وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوت) و شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، کۆبوونەوەیەک کرا."
سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "کۆبوونەوەکە باسی لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و گاز و پێویستیی تەواوکردنی لە زووترین ماوەدا بە بەشداریی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ کەشی کۆبوونەوەکەش کراوە و "کەشەکە ئەرێنی بوو کە رەنگدانەوەی بایەخ و رژدبوونی لایەنەکانی تێدا رەنگیدابووەیەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، چونکە بەشێکە لە پابەندییەکانی کارنامەی وەزاری، کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێدا و هەروەها پایەیەکی گرنگە بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز بەباشترین شێوە جیهانییەکانی و بەو پێیەی ببێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم رۆڵەکانی عێراق".
لە کۆبوونەوەکە چەند راسپاردەیەک دەرکران لەوانە:
1- پێکهێنانی لیژنەکانی بەدواداچوونی ئەو بابەتە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر.
2- کاخەزێکی تایبەتی کارکردن لە رێگەی ئەو لیژنانەوە لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئامادەبکرێت لە رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکانی پێشوو کراون بە مەبەستی تاوتوێکردنیان لە رێگەی ئەو لیژنانە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسندنەکران.
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوت بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.