دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دژی سوودانی و حەلبووسی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکردووە. لە سکاڵانامەکەدا داوا دەکات ساڵانە ژمێری کۆتایی تایبەت بە خەرجی و داهاتی پێشکێش بکرێت، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ژمێری کۆتایی 20 ساڵی رابردوو پێشکێشی پەرلەمان بکات.
رۆژی هەینی، 6-10-2023، رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق، لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تۆماری کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سکاڵایەم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکردووە، چونکە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراق دەبێت حکومەت هەموو ساڵێک ژمێری کۆتایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکان رادەستی پەرلەمان بکات، چونکە ناکرێت بودجەی ساڵێک بەبێ ژمێرەی کۆتایی پەسندبکرێت، داوا دەکەم ئەو بارە راست بکرێتەوە."
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێشتر وەکو سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق سکاڵاکەی تۆمارکردبوو، بەڵام دادگەکە داوایان لێکرد رێکارەکان بگۆڕێت و وەکو هاووڵاتی سکاڵا تۆماربکات.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 8-10-2023، دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراقەوە لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەیدا رائید فەهمی داوای کردووە دادگەکە ئەنجوومەنی وەزیران پابەندبکات بە تەواوکردنی ژمێرەی کۆتایی لەو چوارچێوەیەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 دیاریکردووە، لەنێویاندا ژمێرەی کۆتایی ساڵانی رابردووش کە تاوەکو ئێستا نەکراوە.
جگە لەوە داوایکردووە دادگەی فیدراڵی حکومەتی عێڕاق پابەندبکات بە پێشکێشکردنی ژمێرەی کۆتایی بە پەرلەمان پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ئەوەی لەگەڵ حوکمەکانی بڕگەی یەکەمی مادەی 62ـی دەستووری عێراق بگونجێت، دەشڵێت پەرلەمان بودجەی ساڵانە پەسند نەکات ئەگەر ژمێرەی کۆتایی ساڵانی رابردوو پێشکێش نەکرێت.
ژمێری کۆتایی بریتییە لە تۆمارێکی دارایی بۆ دەرخستنی چالاکیی دارایی هەر وڵات یان دامەزراوەیەک لەماوەی ساڵێکی دارایی کە لە رۆژی 1-1ـی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و تاوەکو 31-12 بەردەوام دەبێت، تێیدا سەرجەم رۆیشتوو و هاتوو لە داهات و خەرجی و پارەی دیکەی تێدا رووندەکرێتەوە.