موقتەدا سەدر: بۆ خۆپاراستن لە شەڕ و پیلانگێڕی، ئاڵای سەوز هەڵبکەن
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە کرد بۆ پاراستنی ئیسلام و مەزهەبەکەیان لە "شەڕ و پیلانگێڕیی دووژمنان"، شەوی 23ی رەمەزان ئاڵای سەوز لەسەر ماڵ و باڵەخانەکان هەڵبکەن.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات "بۆ پاراستنی ئیسلام، مەزهەب، وڵات و دوورکەوتنەوە لە شەڕی دووژمنان و پیلان و تەڵەکە و فێڵ، با پەیمان بە ئیمام مەهدی بدەین لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر هەموو خانوو، باڵەخانە، رێگە، شەقام، کۆڵان، شار و گوندێک و هەموو ناوچەیەکی شیعە."
موقتەدا سەدر دەشڵێت: "ئەوە کەمترین کارە کە شوێنکەوتووانی محەممەد و عەلی بیکەن."
ئەو داوایەی موقتەدا سەدر هاوکاتە لەگەڵ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە هێرشی مووشەکی و درۆنی لە ناوخۆی عێراق و بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە داوا دەکات ئەو ئاڵایەی بەرز دەکرێتەوە لەو شوێنانە رەنگی سەوز بێت و بە رەنگی سپی لەسەری بنووسرێت "لە خزمەتدام ئەی خاوەن بڕیار" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئیمام مەهدی، دوایین ئیمامی شیعەکان.
موقتەدا سەدر داوای کردووە ئەو رێوشوێنانە دوای خوێندنی نزا لە شەوی لەیلەتولقەدر بکرێت، کە شەوی 23ی رەمەزانە و بۆ شیعەکان 13ی ئادار دەکات.