بەنگین رێکانی بۆ رووداو: 25 فڕۆکە لە عێراق گیریان خواردووە و مەترسیی پێکانیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بە وەکالەت دەڵێ، هەوڵ دەدەن 25 فڕۆکەی سڤیل کە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گیریان خواردووە، ببەنە دەرەوەی وڵات؛ ئەوەش بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، دەیانەوێ 25 فڕۆکەکە لە عێراق ببەنە دەرەوە، بۆئەوەی لە هێرشەکان بیانپارێزن و چاوەڕێی دەرفەتێکی خێرا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی گواستنەوەی فڕۆکەکان، رێکانی روونی کردەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق تاوەکو ئێستا رێگەی پێنەداون، "ئاسمانی عێراق بەردەوام درۆن، مووشەک و فڕۆکەی جەنگیی تێدایە و کاتەکە بۆ فڕینی فڕۆکەی سڤیل و بردنە دەرەوەیان سەلامەت نییە."
بەنگین رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا لە کاتی ئاساییبوونەوە یان رەخسانی کاتێکی گونجاودا رێگەیان پێدەدرێت فڕۆکەکان بگوازنەوە.
سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بە وەکالەت بۆ رووداو ئاشکرای کرد، ئەو فڕۆکانەی ئێستا لە عێراق گیریانخواردووە بەم شێوەیە دابەشبوون: دوو فڕۆکەی کۆمپانیای ئیمارات لە فڕۆکەخانەی بەسرە، فڕۆکەیەکی هێڵی "فلای ئەربیل" لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، 22 فڕۆکەی دیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە و هاووڵاتییان تەنیا رێگەی وشکانی بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنن.