وردەکاریی رەتکردنەوەی دوو دەقی یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵی لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر نادەستووریبوونی دوو دەستەواژەی دوو بڕگەی یاسای بودجە دا، یەکێکیان رەتکردنەوەی دەقێکی حکومەتی عێراقە لە یاسا، ئەوی دیکەیان رەتکردنەوەی هەموارێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانە لەسەر دەقێکی حکومەت، بەمەش بودجەی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێردرێت، هەروەها سەرۆکوەزیران چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند دەکات، نەک پەرلەمان.
 
رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک تانە و سکاڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دژی یاسای بودجە کۆبووەوە، دادگە لە کۆی تانەلێدان لە 10 بڕگە و خاڵی 4 مادەی یاسای بودجە کە مادەکانی (2، 11، 12 ،13) بوون، بڕیاری لە دوو بڕگەی دوو مادەی یاساکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دا و تانەی سەر هەشت بڕگەی چوار مادە رەتکردەوە. 
 
ناردنی بودجەی هەرێمی پێویستی بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران نابێت
 
یەکێک لەو دوو بڕگەیەی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بڕیاریان لەبارەوە درا بڕگەی یەکەمی مادەی 11 بوو، کە ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی بە رەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەستبووەوە، دادگەکە ئەو دەقەی بە نادەستووری هەژمارکرد و وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکرد بە ناردنی بەشە بودجەی بێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی عێراق.  
 
دەقەکە لە نێو رەشنووسەکەی کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو و لەگەڵ ئەو دەقەشی کە دوای دەستکاریکردنی پەرلەمان کە وەکو خۆی ماوەتەوە، ناردنی بودجەی کوردستانی بە رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی عێراق بەستووەتەوە، بەڵام ئەمە رەتکرایەوە.
 
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 7-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی بەبێ ئەوەی پێویستی بە را و رەزامەندی سەرۆکوەزیران هەبێت پابەندە بودجەی کوردستان بنێرێت، ئەمەش بڕیارێکی لە شوێنی خۆی بوو، چونکە نابێت ناردنی بودجەی کوردستان ئەو هەموو مەرج و کەسەی پێویست بێت، ئەوە بۆ بودجەی هیچ پارێزگا و شوێنێکی دیکە نەبووە، تەنیا بۆ کوردستان دانرابوو."
 
پەرلەمان دەستوەردان لە کێشەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و ناوەند ناکات
 
دووەم بڕگە کە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی کوردستان بڕیاری لەبارەوە دا، بڕگەی حەوتەمی مادەی 13 بوو، بڕیارەکە وابوو کە پەرلەمان کاری بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لەبارەی یاسای بودجەوە نەبێت و دەستیان تێوەرنەدات، ئەگەر کێشە هەبوو هەردوو حکومەت چارەسەری دەکەن و لەماوەی 30 رۆژ لە دوای پێکهێنانی لێژنەیەکەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری خۆی دەدات نەوەک پەرلەمان وەکو لە دەستکارییەکانی سەر رەشنووسەکە کرابوو.
 
ئەو دەقەی سکاڵای لەسەر کرابوو، بڕگەی حەوتی مادەی 13ـی یاسای بودجەیە کە پێشتر لەو رەشنووسەی حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو بڕگەی حەوتی مادەی 14 بوو.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییەوە، رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە لابردنی ئەو دەقانە وەکو بڕیاری دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە درا، کار بە دەقەکە رەسەنەکە دەکرێت. واتە بەو دەقەی کە حکومەت ناردوویەتی، کە لەو دوو مادەیە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دەقەکەی پەرلەماندا نییە." 
 
لە دەقەکەی ئەو بڕگەیەی رەشنووسەکەی حکومەت هاتبوو: "لەکاتی سەرهەڵدانی هەر جیاوازییەک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ماف و پابەندبوونە داراییەکان و میکانیزمەکانی ئاماژە بۆ کراو لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، لێژنەیەکی هاوبەش لەهەردوو لا پێکدەهێنرێت بۆ بینینی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە و لەماوەی 30 رۆژ لە رۆژی پێکهێنانییەوە راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزدەکاتەوە ،بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات."
 
هەرچی دەقی دوای دەستکارییکردنی لە لیژنەی دارایی و پەرلەمان و دوای بوونی بە یاسا دەڵێت: "لەکاتی سەرهەڵدانی هەر جیاوازییەک لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ماف و پابەندبوونە داراییەکان و میکانیزمەکانی ئاماژە بۆکراوە لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، لێژنەیەکی هاوبەش لەهەردوو لا پێکدەهێنرێت بۆ بینینی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە و لەماوەی 30 رۆژ لە رۆژی پێکهێنانییەوە دەبێت راسپاردەکانی بەرزبکاتەوە و کێشەکان چارەسەربکرێن، ئەگەر ئەوە نەکرا، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری پێویست دەدات."
 
دادگەی فیدڕاڵی بڕیاری بە نادەستووریی ئەو دەستەواژەیە، لە بڕگەی حەوتی مادەی 13 دا، کە دەڵێت: "ئەگەر چارەسەر نەکران، ئەنجوومەنی نوێنەران."
 
رەتکردنەوەی تانە لە هەشت بڕگە و خاڵی دیکە
 
دادگەی باڵای فیدراڵی هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک تانەی رەتکردنەوە کە لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر مادە و بڕگەکانی یاسای بودجە درابوون، لەوانە:
 
- بڕگەی دووەمى مادەى 11 کە تایبەتن بە دیاریکردنى بڕی شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
 
- سێ خاڵى بڕگەى دووەمى مادەى 12 کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و خەرجکردنى بەشە بودجەی هەرێمى کوردستان لە بودجە بەگوێرەى پابەندى بە رادەستکردنى نەوت و داهات. 
 
- خاڵى (ب) لە بڕگەى هەشتى مادەى 13 کە تایبەتە بە پارەدارکردنى یەکێک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە، ئەگەر کارى لەپێشینەى خەرجکردنى بودجە بۆ مووچە و پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پارێزگاکان نەبێت.
 
- لقی (ب)ـی خاڵى پێنجى بڕگەى یەکى مادەى دوو کە تایبەتە بە خەرجکردنى رێژەی 70%ـی داهاتى زیادەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ کورتهێنانى بودجە و خەرجکردنى 30%ـی ئەو زیادەى داهاتى نەوت بۆ شایستەى دارایی دواکەوتووی پارێزگاکان.