مانگی رابردوو 1900 زیندانی لە عێراق ئازاد کراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق ئاماری مانگانەی ئەو زیندانییانەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی تەممووزی رابردوو لە فەرمانگەی چاکسازیی عێراقەوە ئازاد کراون.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی عێراق کۆی گشتیی ئەو کەسانەی ئازاد کراون گەیشتووەتە 1910 زیندانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، هاوکات لەو ژمارەیە 1490 زیندانی بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون.
لەو وردەکارییانەی وەزارەتی دادی عێراقدا هاتووە، "420 زیندانیی دیکەش بەهۆی تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان، یان بە بڕیاری پێداچوونەوە و لێخۆشبوون ئازاد کراون."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ''فەرمانگەی چاکسازی بەردەوام چاودێریی میکانیزمی ئازادکردن دەکات دوای تەواوکردنی هەموو رێکارە یاساییەکان، ئەمەش لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان و بە بەرزترین ئاستی پیشەییبوون''.
لە عێراق 65 هەزار زیندانی لە 30 بەندیخانەدان، کە هەزار و 600 زیندانیان بیانین. 85 منداڵیش لەگەڵ دایکیان لە زیندانەکاندان.