سوودانی: دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، پاساو بۆ مانەوەی چەک لە دەستی گرووپەکان نامێنێت

07-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە بەغدا، لە بەرنامەی (بێستوون تۆک)ی رووداو دا، کە لەلایەن بێستوون عوسمانەوە پێشکێش دەکرێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی پرسیاری پێشکێشکارەکەی رووداو و گەنجانی پارێزگا جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێتەوە.
 
لە بەرنامەکەدا، کە گەنجان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، بەغدا، بابل، کەربەلا، میسان و بەسرەوە بەشداربوون، پرسیارەکان لەبارەی چارەنووسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گرووپە چەکدارەکان، دانپێدانانی فەرمیی دەوڵەتی عێراق بە جینۆسایدی کورد، کێشەی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکان و گەندەڵییەوە بوون.
 
چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان: یەکخستن یان کاری سیاسی
 
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی بەرنامەکە پرسیاری گەنجێکی پارێزگای بابل بوو لەبارەی "چەکی لە کۆنترۆڵدەرچوو". محەممەد شیاع سوودانی لە وەڵامدا مێژووی سەرهەڵدانی ئەو گرووپانەی باسکرد و گوتی، ئەو دیاردەیە لەدوای ساڵی 2003 بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و دواتریش بۆ شەڕی دژی داعش دروستبوو.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رێککەوتووین، کاتێک ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی ئەمنیی دوولایەنە، چی دیکە هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نامێنێت."
 
سوودانی چارەسەری پێشنیازکراوی خستەڕوو و گوتی، "هەرکەسێک چەکی لە دەرەوەی دەوڵەت هەڵگرتبێت، دوو بژاردەی لەبەردەمدا دەبێت: تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت یان روو لە کاری سیاسی دەکات."
 
دانپێدانان بە جینۆسایدی کورد
 
پرسیار لە سوودانی کرا، ئەگەر بۆ خولێکی دیکە متمانەی پێبدرێتەوە، ئامادەیە بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبووردنی فەرمی لە گەلی کوردستان بکات لەسەر تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بکات بۆ ئەوەی رێگە بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی قوربانیان خۆش بکرێت.
 
سوودانی لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد کە "دەستووری عێراق دانی بەو تاوانانەدا ناوە و بە جینۆسایدی ناساندوون." گوتیشی، "دەوڵەتی عێراق بە دەستوور و یاساکانی دانی بەو تاوانانەدا ناوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی وەک یەکێک لە قوربانیانی دەستی دەسەڵاتی بەعس ناساند و رایگەیاند، "پێنج ئەندامی بنەماڵەکەم لەدەستداوە. کێ داوای لێبووردن لە من بکات؟" گوتیشی، پرسی قەرەبووکردنەوە پەیوەستە بە رێککەوتنی سیاسی و یاسایی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.
 
جیاوازیی خزمەتگوزاری لەنێوان پارێزگەکان
 
چەند پرسیارێک لەبارەی جیاوازیی گەورەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لەنێوان پارێزگاکاندا کران. بێستوون عوسمان ئاماژەی بە جیاوازیی نێوان کەربەلا و دیوانییە کرد.
 
سوودانی هۆکارەکانی ئەو جیاوازییەی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە. یەکەمیان، نەبوونی داهاتی پترۆدۆلار لە هەندێک پارێزگای وەک دیوانییە و سەماوە. دووەمیان، جیاوازیی ئاستی کارگێڕیی ئیدارە خۆجێییەکان لە پلانداڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و نموونەی میسانی هێنایەوە کە بەهۆی پلانی دروستەوە ژێرخانەکەی "بە رێژەی 95%" تەواو بووە.
 
سەبارەت بە دیوانییە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "زیاتر لە 2 تریلیۆن دیناری زیادەمان بۆ دیوانییە تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە و پێشبینی دەکەم لە دوو ساڵی داهاتوودا سیمای شارەکە بە تەواوی بگۆڕدرێت."
 
لەبارەی پیسبوونی ژینگەی میسان بەهۆی کەرتی نەوتەوە، سوودانی باسی لە پلانی حکومەت کرد بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ و رایگەیاند، کار دەکەن تاوەکو ساڵی 2028 بگەنە "سفر گاز سووتاندن."
 
دەقی پرسیارەکان لە محەممەد شیاع سوودانی و وەڵامەکانی:
 
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران، نزیکەی دوو ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دوایین ئەڵقە کە لەگەڵ جەنابت تۆمارمان کرد. ئەو کاتە من نەمدەتوانی بە عەرەبی قسە بکەم. ئێستا سوپاس بۆ خودا بە عەرەبی قسە دەکەم. سوپاس بۆ خودا. کوردیت چۆنە جەنابت، ئێستا؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بەخوا باش نییە. هەوڵدەدەین، دەمانەوێت رێز لە براکانمان بگرین، هەمیشە گلەییمان لێدەکەن. پشتیوان بە خودا لە داهاتوویەکی نزیکدا.
 
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران، گەنجان لە هەموو پارێزگاکانەوە هاتوون، بەڵام با من سەرەتا پرسیارێک لە بەڕێز سەرۆکوەزیران بکەم. گەنجان ئازادن لە هەر پرسیارێک کە هەیانە بەبێ هیچ هێڵێکی سوور، ئەوە یەکەم. دووەم، پشتیوان بە خودا دوای ئەم پرسیارانە، بە سەلامەتی و گەرەنتییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان؛ هیچ گومانێکى تێدا نییە. بە پێچەوانەوە، ئێمە پێویستمان بەم کەشى راستگۆیی و روونکردنەوەیە. سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ هیچ جۆرە ستەم، دەمکوتکردن، لێپرسینەوەیەک لە کەس لەسەر بۆچوونی یان هەڵوێستی نییە. عێراقی نوێ بە تەواوی جیاوازە لە عێراقی پێش ساڵی 2003.
 
رووداو: کێ قورسترین پرسیاری هەیە؟
 
فالح عەتوان لە بەغدا: بەڕێز سەرۆکوەزیران، تێبینی کراوە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران زیاتر لە 12 ساڵە و بۆ سێ خولی لەسەریەک کاری پەرلەمانی دەکەن. تێبینی دەکەین کە بەشداری لە دانیشتنەکان یان گفتوگۆکان و خستنەڕووی پێشنیازەکان ناکەن بۆ بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەوەی بۆ خولی دیکەش خۆیان بەربژێر دەکەنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی حکومەت چییە بۆ رۆڵی ئەو پەرلەمانتارانەی هیچ چالاکییەکی روونیان نەبووە لە ماوەی کاری پەرلەمانییان، بەتایبەتی لە بەغدا پەرلەمانتار هەن خۆیان بەربژێر کردووە کە زیاتر لە خولێک بەشداربوون پێشتر و هیچ شتێک ناکەن، واتە هیچ شتێک پێشكێشی هاووڵاتییان ناکەن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ. سوپاس فالح. رۆڵی پەرلەمانتار چییە؟ رۆڵی پەرلەمانتار ياسادانان و چاودێرییە. راستگۆیانە بڵێم، پێوەرەکانی خەڵک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانتار بووەتە ئەوەی چەندە داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ دەکات، هەروەها داوای دامەزراندن و شتی دیکەی لێدەکات، ئەمە رۆڵی پەرلەمانتار نییە یان رۆڵی ئەوە نییە سەردانی فەرمانگەی شارەوانی بکات یان بچێتە ناو فەرمانگەیەکی جێبەجێکار. پەرلەمانتار ئەندامە لە بەرزترین دەسەڵاتی ياسادانان و چاودێری؛ ئەرکی چاودێری و ياسادانانە. ئەمە رۆڵی ئەوە. رۆڵی ئەوەیە پێشنیازەیاسا دەربکات يان چاودێری حكومەت و كارەكانی بکات. بەداخەوە، خولی پێشووتر دەزانن فرەبازنەیی بوو، وای لێهات وەکو ئەوەی پەرلەمانتار ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی بێت. ئەمەش شێواندنی رۆڵ و پێگەی ئەندامی پەرلەمانە بەپێی ئەرکە دەستوورییەکانی. پەرلەمانتار دەبێ کارا بێت لە رەخنەی پیشەیی، نەوەک ناوزڕاندن و کات بەفیڕۆدان و چەواشەکاری. هەروەها هەندێکجار هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ پەرلەمانتار ئەوەیە کە بە هێز قسە دەکات، رەخنە دەگرێ. ئینجا راست بێت یان هەڵە. ئەمەش کاریگەری لەسەر رێڕەو و کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەنێت. دەبێت لە رۆڵ و ئەرکەکانی پەرلەمانتار تێبگەین بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای ئەوە هەڵیسەنگێنین. چەند پێشنیازێک بۆ یاساکان هەبوون. ئەمە ئەو کۆمەڵگەیە جیا دەکاتەوە کە ئێمە دەمانەوێ کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بێت و باوەڕی بە دەوڵەتی دامەزراوەکان و دەستوور هەبێت.
 
ئەمیر شەکرچی لە کەربەلا: بەڕێز سەرۆکوەزیران، ئێمە لەو نەوە کارگێڕی و پیشەسازی و بەرهەمهێنەرەین کە باوەڕی وایە کارگێڕیی راستەقینە تەنیا کاخەز نییە، بەڵکو سیستمێکە دامەزراوەکان بنیات دەنێ و رێگری لە هەڵەکان دەکات پێش ئەوەی رووبدەن. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەگەر تەنیا یەک بژاردەتان لەبەردەم بێت بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازیی نیشتمانی کە نوێنەرایەتیی کەرتی تایبەت دەکات، ئایا پشتگیری لە بەرهەمهێنان دەکەن یان پشتگیری لەو کارگێڕییە دەکەن کە بەردەوامیی ئەم بەرهەمهێنانە مسۆگەر دەکات؟ ئێمە هیچ پرۆگرامێکمان نەبینیوە کە بە شێوەیەکی راستەقینە پشتگیری لە کارگێڕییەکان بکات. پشتگیریی حکومەتەکەتان لە چوار ساڵی رابردوودا بە تایبەتی بۆ کارگێڕییەکانی کەرتی تایبەت چی بووە؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ. زۆر سوپاس. هیچ جێگرەوەیەکمان نییە جگە لە پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت. دوای ساڵی 2003 و لە سایەی پاشخانە دیکتاتۆرییەکەی دەوڵەت کە زاڵ و باڵادەست بوو بەسەر هەموو چالاکییەکاندا، دەستپێکی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت شەرمنانە بوو و بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو. بەپێچەوانەوە، رێگری لە هەر جۆرە پشتگیرییەک بۆ کەرتی تایبەت لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەکرا. ئێمە کۆمپانیای حکومی و کۆمپانیای کەرتی تێکەڵاومان هەیە. بۆیە دەبینیت کەرتی تایبەت پێشنەکەوت، بەتایبەتی پیشەسازییەکان، وازیان لە پیشەسازی هێنا و بوونە بازرگان، کەلوپەلیان هاوردە دەکرد یان دەچوونە نێو کاری بەڵێندەرایەتییەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، وڵاتەکەمان خاوەنی هەموو کەرتەکانی پیشەسازییە، چونکە سامانە سرووشتییەکان و مادە خاوەکان زۆر بەردەستن، هەروەها بازاڕێکی ناوخۆیی هەیە کە هەموو بەرهەمەکان لەخۆدەگرێ. حکومەتەکەمان بەوپەڕی متمانەوە دەتوانێ بڵێت، سەردەمی زێڕینی کەرتی تایبەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم حکومەتە دەستیپێکردووە. زۆر داتاشم لەبەردەستە. یەکەم، یەکەمجارە دەوڵەت لە یاسای بودجەدا جێگیری دەکات کە گەرەنتیی سەروەری بە کەرتی تایبەت بدات، واتە بە شێوەیەکی ئاسایی گەرەنتیی سەروەریمان دەدا بە دەوڵەت بۆ ئەوەی وێستگەیەکی کارەبا یان پاڵاوگەیەک یان گرێبەستێک ئەنجام بدات. نەخێر، لەم حکومەتەدا و لە یاسای بودجەدا، گەرەنتیی تەواومان داوە بە کەرتی تایبەت. کەرتی تایبەت کێیە؟ ئەوەی پرۆژەیەک دادەمەزرێنێت و بەرهەمهێنان لە دەرەوە دەهێنێت و دایدەمەزرێنێت. من گەرەنتیی سەروەریی 85%ی پێدەدەم و 15%ی تێچووی پرۆژەکە لەسەر کەرتی تایبەت دەمێنێتەوە. ئەمە هانی پیشەسازە راستەقینەکانی دا کە داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن لەگەڵ لێکۆڵینەوەی وردی ئابووری. لێرەدا دێینە سەر ئەو کارگێڕییەی بەڕێزتان باستان کرد. ئەو کارگێڕییە سەرکەوتووەی پرۆژەیەک پێشکێش دەکات کە لێکۆڵینەوەی وردیی ئابووریی قبووڵکراوی لەلایەن ئێمە و لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە تێدایە. بەڕاستی زۆربەی پیشەسازییەکان لێهاتووییان هەبوو لە پێشکێشکردنی پرۆژەی خاوەن کواڵیتی راستەقینە. ئێمە باسی کەربەلا دەکەین، من بەردی بناخەی گەورەترین پرۆژەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داناوە کە سێ هێندەی کۆمپانیای مەراعیی گرووپی ئیتیحادە و بەهاکەی 2 ملیار دۆلارە. هەموو هێڵەکانی بەرهەمهێنان بە تەکنەلۆژیای نوێن. ئەم وەبەرهێنەرە کاتێک دێت و پرۆژەیەک بەم قەبارەیە پێشکێش دەکات، دڵنیابە کارگێڕییەکی سەرکەوتوو هەیە کە پێشەکییەکانی بۆ پرۆژەیەکی وا ئامادە کردووە. ئێمە پشتگیریی دەکەین و هیچ جێگرەوەیەکمان نییە. هەر ئەم پیشەسازییە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لەلای کاردەکەن 13,000 فەرمانبەرە. دەزانی 13,000 واتە چی؟ واتە هاوتای چوار وەزارەتە بۆ من؛ هاوتای فەرمانبەرانی چوار وەزارەتە. بۆیە من وەکو حکومەت لە بەرژەوەندیمدایە پشتگیریی ئەم پیشەسازییە بکەم، چونکە هەلی کاری هاوتای چوار وەزارەتی حکومیم بۆ دەڕەخسێنێت. بۆیە هیچ جێگرەوەیەک نییە جگە لە پشتگیریکردنی کەرتی تایبەتی پیشەسازی و ئەو کارگێڕییە لێهاتووانەی کە پێشەکییەکانی سەرکەوتنی پرۆژەکە ئامادە دەکەن.
 
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران، گەشتێکی تەواومان بە هەموو پارێزگاکاندا کرد. کاتێک چوومە ناو کەربەلا هەستم کرد لە عێراق نیم، بەڵکو لە وڵاتێکی پێشکەوتووم، ئاوەدانی و گەشەپێدان و ئابوورییەکی گەورەی هەیە. ئەوە شتێک بوو زۆر پێم خۆش بوو؛ بۆ من مایەی خۆشحاڵی بوو کە شارێکی عێراقی ئەوەندە پێشکەوتوو ببینم. بەڵام دوای کەربەلا چووینە دیوانیە. جیاوازی نێوان دیوانیە و کەربەلا نزیکەی دوو کاژێرە. کاتێک چوومە ناو دیوانیە، هەستم نەکرد لەناو عێراقم، هەستم کرد لە ساڵانی 1950کانم. بۆچی ئەم جیاوازییە، بەڕێز سەرۆکوەزیران؟ ئایا پشتیوانی بۆ هەندێک پارێزگا هەیە لە حکومەتی فیدراڵییەوە یان جیاوازی لە کارگێڕی یان حکومەتە خۆجێییەکان هەیە؟ هەمان جیاوازی لەنێوان بەسرە و میسان هەیە. چاوم بە خەڵکی میسان کەوت، دەڵێن ئێمە لە بابەتی پیترۆدۆلار ئەو بودجەمان پێنەگەیشتووە کە پێویستە پێمانبگات. تەنانەت کەرکوکیش کێشەی هەیە لە بەدەستهێنانی بودجەی پترۆدۆلار و ساڵی رابردوو تەنیا سێ مانگ پترۆدۆلاریان وەرگرت. ئەم جیاوازییە لەنێوان پارێزگاکاندا چییە؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان، هەموو پارێزگاکان بودجەیەکی یەکسان لە دەوڵەت وەردەگرن لە 2003وە؛ بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان، بودجەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان. دیوانیە لەو پارێزگایانەیە و سەماوە و بابلیش پترۆدۆلاریان نییە، چونکە بەرهەمی نەوتیان نییە. واتە جیاوازییان لەگەڵ میسان و بەسرە، کەرکووک، بەغدا و هەروەها واست کە لەم دواییانەدا هاتە ریزیانەوە نییە. کەواتە کەمبوونەوە لە تەرخانکردنەکە هەیە. دووەم، بابەتی کارگێڕی هەیە. کارگێڕی هەیە بە دروستی پلانی دادەنێ، بە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری دەستپێدەکات، هەموو پارەکەی بەکاردەهێنێت. من دەمەوێ باس لە پارێزگای میسان بکەم. لە ساڵی 2004دا قایمقام بووم و لە ساڵی 2005دا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بووم و لە 2009دا پارێزگار بووم. لەو ماوەیەدا هەموو سەرنجمان لەسەر ژێرخانی ئابووری بوو. هەموو پارێزگاکە ئێستا، پارێزگای میسان سەنتەر و قەزا و ناحیەکانی نزیکەی 95%ی ژێرخانی ئابوورییەکەی تەواوە. کەواتە پلانێکی دروست هەیە، کارێکی دروست هەیە. پارێزگا هەیە کە بە ژێرخانی ئابووری دەستی پێنەکردووە، بۆ نموونە بە رێگەی لادێکان دەستیپێکردووە، بە پڕۆژەی جوانکاری دەستیپێکردووە. ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی پارێزگاکە هەبووە. با باس لە حکومەتەکەی خۆم بکەم. من هاتم و پارێزگاکانم بینین و زانیاریم هەیە، دەزانم جیاوازی لەنێوان ئەم پارێزگایانەدا هەیە. ئێمە چەند پارێزگایەکمان وەک ئامانج دیاری کرد، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە پارێزگاکانی دیکەمان فەرامۆش کردوون، بەڵام سەرنجمان لەسەر ئەوانە بوو. پارێزگای دیوانیە بە پلەی یەکەم کە یەکەم سەردانیشم بۆ دیوانیە بوو، هەروەها سەماوە و بابل و سەڵاحەدین. دیوانیە بە تایبەتی، چونکە جەنابت وەک نموونە هێناتەوە. بێگومان کەربەلا پێشکەوتووە، کارگێڕییەکی سەرکەوتووی هەیە، پارێزگارێکی لێهاتووی هەیە و دەزانێت کاربکات و پڕۆژە گرنگەکانی دیاری کردووە، سەرەڕای ئەوەی ئاوارەبوون و کۆچی لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ کرا، بەڵام ئەو ئاوارانەی لەخۆگرت و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکێش کرد، جگە لە ملیۆنان زیارەتکار. دیوانیە پڕۆژەیەکی وەستاوی هەبوو، لە کاتێکدا من وەزیر بووم. بیرمە لە ئەنجوومەنی وەزیران لە 2010 پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی وەستاو هەبوو و خاوبوونەوە لە کەرتەکانی دیکەدا هەبوو. بوومە سەرۆکوەزیران و کەلێنەکەم دۆزییەوە. دەستمان کرد بە چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستمان کرد بە تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ، واتە زیاتر لە 2 تریلیۆن دینار بودجەی زیادە بۆ پارێزگای دیوانیە لە دەرەوەی تەرخانکردنەکانی و بە پڕۆژەکان، بە یەکە کارگێڕییەکان، هەموویان پڕۆژەی ژێرخانی ئابوورین جگە لە پاڵاوگە و وێستگەی کارەبا. شتێک هەیە گەنجان دەیزانن و پشتگیریم دەکەن. پڕۆژەی ئاوەڕۆ کە ئەویش لە پڕۆژە وەستاوەکانە، دوای ئەوەی تەواو بوو دامانە کۆمپانیایەکی نوێ بۆ خزمەتگوزاری شارەوانی. کۆمپانیا نوێیەکە دەستی بەکار کرد، بینی کە جێبەجێکردنەکە کێشەی تێدایە، بۆیە دەبێت ئەم جێبەجێکردنە راستبکەینەوە و شارەوانی پڕۆژەکە تەواو بکات. کێشەی زۆری تەکنیکی و یاسایی هەبوون و تا دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاری فەرمانی گۆڕانکاریمان دەرکرد و بەڕێز پارێزگاری دیوانیەم ئاگادارکردەوە و گوتم کێشەکەمان چارەسەر کرد و ئینشائەڵا تەواوی دەکەین. بە پێشبینی من، دیوانیە لە دوو ساڵی داهاتوودا دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژانەی کە پارەمان بۆ تەرخان کردوون، گۆڕانێکی تەواو جیاواز بەسەر دیمەنەکەدا دێت کە تۆ بینیت.
 
رووداو: پشتیوان بە خودا. باشە، با ئەو خانمە لە هەڵەبجەی شەهید، پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان و 19ی عێراق بفەرموێت.

شاهان لە هەڵەبجە: ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێیتەوە، بەناوی عێراقەوە داوای لێبووردن دەکەیت لە بەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی کورد وەک لە ئەنفال و هەڵەبجە، بۆئەوەی قەرەبووی مادی و مەعنەویی قوربانییەکان بکرێتەوە؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: یەکەم، ئێمە لە ساڵی 2025داین، واتە 22 ساڵ دوای 2003. کاتێک دەستوورمان نووسی، دانمان نا بە هەموو تاوانەکانی جینۆساید. دەوڵەتی عێراق دانی پێدانان و گەل دەنگی بەم دەستوورە دا، کە دانی بەو تاوانانەدا ناوە وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە هەڵەبجە، ئەنفال و راپەڕینی شەعبانی و زۆنگاوەکان و خەڵکەکەمان لە رومادی. سەدام تاڕادەیەک دادپەروەر بوو لە دابەشکردندا و دژی هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق تاوانی کرد. کەواتە دەوڵەتی عێراق دانی بەو رووداوەدا ناوە و بە یاسا دەستی کردووە بە کاری دادپەروەرانە بەرامبەر کەسوکاری قوربانییەکان. ئەوە پەیوەندیی بە قوربانییەکانی رژێمی دیکتاتۆرەوە هەیە و ئەمە لە رێککەوتنێکی سیاسی دەچێت، لەو کاتەدا کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندایە کە دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان جێبەجێ دەکات و قەرەبوویان دەکاتەوە لە بەرامبەر زیانەکان، وەک چۆن پەرلەمانی فیدراڵی یاسای دەرکرد و دادپەروەریی بۆ ئەو قوربانیانە هێنا کە رژێمی دیکتاتۆر تاوانی بەرامبەریان ئەنجامدابوو. پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوەچووە، ئەمە شێوازێکی دەستووری یاساییە. من پێنج کەسم لە ماڵباتەکەم لەدەستداوە. خودا لێیان خۆشبێ. کێ داوای لێبووردنم لێدەکات، بۆ نموونە بۆ ئەو تاوانانە؟ هەموو گەلی عێراق بێتاوانە لە کردەوەکانی رژێمی دیکتاتۆر. دەوڵەتی عێراق بە دەستوورەکەی، بە یاساکانی، دانی بەم تاوانانەدا ناوە و دەستی کردووە بە دەرکردنی یاسا بۆ قوربانییەکان.
 
رووداو: رۆحی قوربانییەکانی ماڵباتی جەنابت و خێزانی سەدان هەزار هاووڵاتی لە کوردستان و پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاست شایستەی داوای لێبووردنێکی فەرمییە لە دەوڵەتەوە. ئەمە مانای هەیە، لە رووی یاساییەوە مانای هەیە و لە رووی مەعنەوییەوە مانای هەیە.  ئایا ئەم بوێرییە لە دەوڵەتی عێراقدا هەیە کە وەک دەوڵەت داوای لێبووردن بکات و بتوانێ قەرەبووی ئەو خێزانانە بکاتەوە، بە تایبەتی لە کوردستان؟ بەڕێزت ئاماژەت بەوە کرد کە ئەمە لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستاندایە، بەڵام ئەمە پارەی دەوێ. بەڕێزت دەزانیت قەیرانێکی دارایی لە کوردستان هەیە، بەهۆی بەشە داراییەکەی کوردستانەوە لەناو بودجەی عێراق. ئینجا ئایا پەرلەمانی عێراق کە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان دەکات ناتوانێت رۆڵی هەبێت لە دەرکردنی یاسا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم خەڵکە کە هاووڵاتی عێراقین؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ، بێگومان ئەمە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقە، بەڵام ئەمە پێویستی بە رێککەوتنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 12.6%ی بەشی بودجەی هەیە. ئینجا ئایا ئەو یاسایانەی کە دەبێت دەربکرێن بۆ دادپەروەریکردن لەگەڵ قوربانییەکان لە چوارچێوەی پشکەکەدان یان لە دەرەوەی پشکەکەدان؟ ئەمە بێگومان پێویستی بە گفتوگۆیە. ئەوە پێویستە لە دەرەوەی ئەم پشکە بێت. ئەمە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانە کە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات. دەوڵەتی عێراق، سیستمی سیاسی دوای 2003 کە لە ئەنجامی ستەم و تاوانەکانی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو هاتە ئاراوە، دانی بەم پێشێلکارییانەدا ناوە و لە دەستوورەکەیدا جێگیری کردوون، کەواتە دانپێدانانێک لە لایەن دەوڵەت و گەلەوە هەیە کە ئەم تاوانانە تاوانی دژی مرۆڤایەتین و دەبێت قوربانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
 
كچێک لە میسان: من هاووڵاتییەکیسادەم لە میسان، نازانم ئایا هەندێک شت ئەرکی حکومەتی خۆجێییە یان دەسەڵاتی ناوەندییە یان دەسەڵاتی وەزارەتی پلاندانان یان دارایی یان پترۆدۆلار یان هی دیکەیە. بەڕێز سەرۆکوەزیران، عەمارەی شارەکەت سکاڵای هەژاری خۆی دەکات. عەمارە سکاڵای کەمی ئاوەدانی، ئاو، هەوا و تەنانەت دارەکانی دەکات. عەمارە خنکاوە، ئێمە بە زەحمەت دەتوانین هەناسە بدەین، بەهۆی دووکەڵەوە. عەمارە تینووە. ئێمە ئاوی خواردنەوە و چێشتلێنان دەکڕین و بەم زووانە رەنگە هەوای پاکیش بکڕین بۆ هەناسەدان. بەڕێز سەرۆکوەزیران، دار دەبڕن، هەڵمەتی دارچاندن و پاککردنەوە کە گەنجان ئەنجامی دەدەن و تەنانەت لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێن، سوودیان نابێت مادام کەسێک دارەکان دەبڕێ. قسەی زیاترم هەیە و زیاتریشم دەبێت، ئەگەر دوو رۆژ لەمەوبەر بە تایبەتی هەڕەشەیەکی کوشندە و بەناو و ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و ناوزڕاندنم پێنەگەیشتایە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی: خزمەتگوزارییەکان، ژێرخانی ئابووری، میسان باشترینە لەنێو کۆمەڵێک پارێزگا لەبواری ژێرخانی ئابووری. کێشەی دیکەی خزمەتگوزاری هەیە بەهۆی زێدەڕۆیی، قەرەباڵخی، رێکخستن، رەنگە هەموو پارێزگاکان بەدەست پیسبوونەوە بناڵێنن. ئامادەبووانی بەڕێز، ژینگە زیانی گەورەتری لە مرۆڤەوە پێدەگات، نەوەک تەنیا لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە. کردەوەی هەڵە هەن لە کارگەکان، لە نەخۆشخانەکان، لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، لە لایەن هەندێک هاووڵاتی و لە میسان بە تایبەتی لە نەوتەوە. میسان و بەسرە. بەڵێ، چونکە کێشەیەکمان هەیە. ئێمە وەک حکومەت میراتمان بۆ ماوەتەوە، چارەسەرمان بۆ داناوە و ئینشائەڵا چارەسەرەکە لە سەرەتای 2028دا کۆتایی دێت کە نەمانی گازی هاوەڵە. واتە ئێمە نەوت بەرهەمدەهێنین، میسان 650,000 بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، بەسرە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل. بیهێنە بەرچاوت ئەم بڕە لەگەڵیدا گازی هاوەڵ هەیە. ئەم گازە دەگۆڕدرێ و کاریگەری لەسەر گەرمبوونی زەوی هەیە و کاریگەری لەسەر ژینگە هەیە. ئێمە ئەم پرۆسەیەمان لە رێگەی پڕۆژەکانەوە راگرتووە کە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنیان و پشتیوان بە خودا تەواو دەبن، بەشێوەیەک کاتێک دەگەینە ساڵی 2028 گازی سووتاو سفر دەبێ. ئەوە لە سەرەتای حکومەتەکەماندا نزیکەی 40% بوو، ئێستا گەیشتوەتە 72%، تاوەکو ساڵی 28 سفر دەبێت و کۆتایی بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە ناوچەی باشووردا دەهێنین. بەڵام کەمیی ئاو، کێشەیەکی گشتییە، نەوەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە. هەموو راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەکە رەنگە لە داهاتوودا خراپتر بێت، ئەوەش بەهۆی کەمیی بارانبارین، زیادبوونی زەوییە بیابانییەکان و ئەو کردەوانەی لەگەڵ هەلومەرجی کەمیی ئاودا ناگونجێن. واتە بۆ نموونە، میسان دەزانین دایکی زۆنگاوەکانە، میسان پێی دەوترێت شارێک لە شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا دەچێت، بەهۆی زۆری لقەکانی رووباری دیجلەوە. لە میسان 2000 گۆمی ماسی هەیە. 2000 گۆمی ماسی هەیە کە زۆربەیان زێدەڕۆن. باشە چۆن ئاوی خواردنەوە دەگاتە بەسرە؟ من دوو رۆژ لەمەوبەر بە هێلیکۆپتەر چوومە سامەڕا و لە رێگەدا لە بەغداوە بۆ سامەڕا سەیری رێگە، دەکرد، تا چاو بڕ بکات هەمووی گۆم بوو. ئەمانە، ئەم کردەوە و چالاکیانە لەگەڵ کەمیی ئاودا ناگونجێن. لە موسڵەوە بۆ بەسرە، هەموو تۆڕەکانی ئاوەڕۆ ئاوەکانیان بۆ کوێ دەچێت؟ دیجلە. باشە ئەگەر ئاستی ئاوەکە نزم بێت و ئەم پاشماوانە بچنە ناوی، چی روودەدات؟ لە خراپترین دۆخدا بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ ژینگە دەگوازرێتەوە. چارەسەرەکانمان چین؟ یەکەم، هەموو پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری کە لە موسڵەوە بۆ بەسرە دەستمان پێکردوون، سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردن بووە و دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنیان. رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تورکیا کە لە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە هاتە ئاراوە، وردەکارییەکانی بەم شێوەیەیە: تورکیا و عێراق لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە هیچ رێککەوتنێک لەنێوانماندا نەبووە، واتە تا ئەو کاتەی ئەم ڕێککەوتنەمان واژۆ کرد. ئێمە 90%ی سەرچاوە ئاوییەکانمان لە تورکیاوە دێن لە رێگەی دیجلە و فورات و 10% لە ئێرانەوە. تورکیا دەڵێت من بەشی ئاو دەدەم بەڵام بەکارهێنانتان هەڵەیە. کەمێک لەمەوبەر باسمان لە بەکارهێنان کرد. رێککەوتن کرا کە ئەزموونی سەرکەوتووی تورکیا لە بەڕێوەبردنی ئاودا بۆ عێراق بگوازرێتەوە لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەنداو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەسرە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی دیکە و گۆڕینی رووبارە کراوەکان بۆ بۆری و وێستگەی چارەسەرکردن و وێستگەی شیرینکردن و پڕۆژەی کشتوکاڵی و پڕۆژەی ئاودێری. کێ ئەمانە جێبەجێ دەکات؟ کۆمپانیا تورکییەکان، لە بەرامبەر پارەیەک کە ئێمە پێشکێشی دەکەین، واتە گرێبەستێکە وەک هەر گرێبەستێکی دیکە. بەم رێککەوتنە بەشی دادپەروەرانە و بەردەوام لەلایەن تورکیاوە بۆ رووباری دیجلە و فورات مسۆگەر دەکەین، بەشێوەیەک بتوانین بەردەوامی بە کشتوکاڵ بدەین و ئەوەی پێویستمانە لە ئاوی خواردنەوە دابین بکەین. کەواتە بەم چارەسەرانە دەتوانین بڵێین لەسەر رێگای راستن. گازەکە رادەگرین، ئێستا شاندمان لە بەرازیلە بۆ کۆنگرەی کەشوهەوا. هەموو کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و راسپاردەکان، پێیانەوە پابەندین. تیمێکی نیشتمانیمان لە گەنجان دامەزراندووە بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی پەیوەست بە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و هیوادارم بەشداری ئەم چالاکیانەمان بکەن و پڕۆژەمان لەسەر زەوی هەیە کە پشتیوان بە خودا جێبەجێیان دەکەین تا دۆخی ژینگە باشتر بکەین.
 
عەمار غەزالی لە بابل: من عەمار غەزالیم لە پارێزگای بابل. بێگومان هەموو ئەم قەیرانانەی گەنجان باسیان کردن و زۆرێک لە قەیرانەکانی دیکە دواجار دەگەڕێنەوە بۆ یەک قەیران کە هەمانە، قەیرانی سیاسی. ئەمڕۆ چەک کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتە. ئایا هەڵمەتی دژی چەکی نایاسایی کۆتایی دێت دوای ئەوەی خاوەنی ئەم چەکانە لە رووی سیاسییەوە رێکدەکەون، چونکە ئێمە دەزانین ئەوان خاوەنی پێگەی سیاسین وەک پەرلەمانتار و هی دیکە. ئەمڕۆ من دەبینم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پرد و ژێرخانی ئابووری دەکاتەوە. ئەمڕۆ بەڵێندەر چی دەکات؟ ئایا قەیرانی میلیشیاکان چارەسەر دەکات؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان ئەرکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و لەم ئەرکەدا کەمتەرخەمی ناکەین، پێویستە بە راشکاوی لەگەڵتان قسە بکەین، چونکە ئێوەش بەشێکن لە چارەسەر. گەنجان ئەمە داهاتووی ئێوەیە؛ یان دەوڵەتێک بنیات دەنێین، دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، یان دەوڵەت جێدەهێڵین بۆ چەکدارەکان و ئەوانەی دەیانەوێ کارەکان بەڕێوەببەن. ئەمە پەیوەندی بەم رووداوەوە هەیە کە ئێستا هەموو گەل چاوەڕێیەتی کە هەڵبژاردن و پرسی بایکۆتکردنە. دۆخی میلیشیاکان و گرووپەکان لە 2003 دروستبوو. لایەن هەبوون دژی گۆڕانکاری و دژی داگیرکاری بوون و گرووپەکان پێکهێندران؛ دژی داگیرکاری بوون و بەرگرییان راگەیاند. لە سەرەتادا سوپای مەهدی راگەیێندرا، دژی پرۆسەی سیاسی بوو، دژی داگیرکاری بوو، دواتر رووبەڕووبوونەوەکان دەستیانپێکرد و بەردەوام بوون.  لە فەللوجەش پێکهاتەی دیکە و لە تەواوی ئەنبار، ئەم ناونیشان و گرووپانە دەستیانپێکرد و ماوەیەک بەردەوام بوون تاوەکو دەستیان کرد بە گۆڕینی شێوازەکانیان و بەشێکیان چوونە ناو پرۆسەی سیاسییەوە. گەیشتینە لووتکە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، بەشێوەیەک هەموو ئەوانەی دەیانتوانی چەک هەڵبگرن دەستیان کرد بە چەک هەڵگرتن و رووبەڕووبوونەوەی کە گەیشتبووە دەوروبەری بەغدا. رووبەڕووبوونەوەکە روویدا کە تێیدا لە شەڕی دژی داعشدا دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەشدار بوون و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە راوێژکار و هێزەکانییەوە بەشداربوون. راوێژکارە ئێرانییەکان بەشدار بوون، گرووپەکان بەشدار بوون. کەواتە هەموویان لە یەک سەنگەردا شەڕیان کرد. هەموو دەزگا ئەمنییەکان، لە سوپا، پۆلیس، حەشد، پێشمەرگە، حەشدی عەشایەری. هەموویان دژی تیرۆر شەڕیان کرد. تیرۆر کۆتایی هات، داعش کۆتایی هات. کەواتە ئێستا باس لە حکومەتی پێشوو دەکرێ کە ئاڵۆزی تێدا بوو و ئەم ناوچە سەوزە شایەتی ئەوەیە کە هەموو دوو/سێ رۆژ جارێک هێرشێک هەبوو بۆ کوێ؟ بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێرشێک هەبوو. بۆ کوێ؟ بۆ بنکە سەربازییەکان کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدا بوو. راسپێردرام بۆ پێکهێنانی حکومەت. لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هێزە سیاسییەکان دانیشتم. برایان، ئەگەر دۆخەکە وەک پێشوو بەردەوام بێت، من لە کۆشک دابنیشم و باڵیۆزخانەکان بۆردوومان بکرێن و چەکی نایاسایی هەبێت، من ئەم ئەرکەم ناوێ. چی پێویستە؟ پێویستە حکومەت بەرپرس بێت لە باشکردنی ئەم دۆخە. چەکدارەکانی گرووپەکان پێیانوایە، ئینجا تۆ قەناعەتت پێی هەبێت یان نەبێت، بوونی 86 وڵات لەوەی پێی دەوترێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جۆرێکە لە جۆرەکانی داگیرکاری، چونکە وڵاتەکەمان شەڕی لەگەڵ داعشدا کۆتایی هات، پاساوی بوونی 86 وڵات چییە؟ جەنابت چۆن دەیبینیت، وەک داگیرکاری یان وەک یارمەتی بۆ عێراق؟ یارمەتی لە سەرەتادا، ئەم یارمەتییە کۆتایی هات.  ئێستا چی؟ دێمە سەر قسەکە. کەواتە لێرەدا، من لەگەڵتم، سەروەری وڵات بۆ ئێمە گرنگە. بێگومان، ئێمە هیچ هێزێکی بیانیمان ناوێ تاوەکو پاساو نەبێت بۆ هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی کە عێراق بگۆڕێ بۆ گۆڕەپانی ململانێ. ئەمە ئامانجمانە. کەواتە، رێگەمان پێبدەن ئێمە وەک حکومەت، ئەم دۆخە چاکبکەینەوە، نەوەک ئێوە بەم شێوەیە چاکی بکەنەوە چونکە ئەمە بوونی دەوڵەت هەڵدەوەشێنێتەوە. حکومەت بە دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد. هاوڕێیانمان، بەناوی گەلی عێراقەوە، سوپاس و پێزانینی تەواوتان پێشکەش دەکەین بۆ ئەو هەوڵانەی داوتانە و لە شەڕی دژی داعشدا پشتیوانیتان کردین. بەڵام عێراق لە 2025 عێراقی 2014 نییە و جیاوازە. ئێستا سوپاس بۆ خودا دۆخی ئەمنی جێگیرە. دەزگا ئەمنییەکانمان لە هەموو شوێنێکن. من مانگێک لەمەوبەر بە ئۆتۆمبێلی خۆم لە دۆڵی حۆراندا دەگەڕام. دۆڵی حۆران کە کەس پێی نەدەگەیشت. با بیرۆکەکە تەواو بکەین پاشان. گەیشتینە رێککەوتنێک لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەوان لە داواکارییەکەمان تێگەیشتن و پێم گوتن ئەمە بەشێکە لە بەرنامەی حکومەت، واتە ئێستا ئەگەر بگەڕێیتەوە ماڵەوە و سەیری بەرنامەی حکومەت بکەیت کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە دەبینیت رێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سنووردارکردنی چەک هەیە. چووینە ناو ئەم دانوستانەوە و ماوەیەکی کاتیمان بۆ دوو ساڵ دیاری کرد. لە ئەیلوولی 2025 و لە ئەیلوولی 2026، لە دوو قۆناخدا، بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و پەیوەندی نێوانمان و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگۆڕدرێت. ئێمە نامانەوێ لە دابڕاندا بین لەگەڵیان، هاریکاریمان دەوێ، چەکی ئێمە ئەمریکییە و پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی، فەرەنسا و بەریتانیادا هەیە. کەواتە دێینە ناو پەیوەندییەکی ئەمنی دوولایەنەوە لەگەڵیان، وەک وڵاتانی دیکە، بەڵام هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی 86 وڵاتمان ناوێ لە عێراق. فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و شتی دیکە و ئاسمان کۆنتڕۆڵ نەکراوە، ئەمە کوێی سەروەرییە؟ ئەمە کێشەیەک هەیە لە سەروەریدا. ئێمە ئێستا دوو بنکەمان هەیە، لە عەین ئەسەد و لە هەولێر. یەک نووسراوی فەرمیم پێبدە کە رێگە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بدات بنکە لە عێراقدا دابمەزرێنێت، ئەمە پێچەوانەی دەستوورە. دەستوور دەڵێت، هەر بنکەیەک لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش دەکرێت و بە یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند دەکرێت. ئەمە نییە، ئەم دۆخە لە هەلومەرجی شەڕدا دروست بوو. ئەرکی ئێمە ئێستا چارەسەرکردنیەتی گەیشتینە ئەم رێککەوتنە. رووداوەکان و پێشهاتەکانی غەززە و دەرهاویشتەکانی لەسەر ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا روویاندا هێشتا هۆکاری نیگەرانییە بۆ هەموو ناوچەکە. ئێستا داعش بە هێزەوە لە سوریایە. هەمان ئیدارە کە لە دیمەشقە ئەم بابەتە دەزانێت، بەم زووانە دێنە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەمە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە وەک وڵاتانی ناوچەکە. ئێمە ئێستا دوای ئەوەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەواو دەکەین و پەیوەندییە ئەمنییەکە دەگۆڕدرێ بۆ پەیوەندییەکی فەرمی نێوان دەوڵەتێک و دەوڵەتێک، هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لەژێر هیچ ناونیشانێکدا لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نامێنێت. هەموو ئەوانەی چەک هەڵدەگرن لە گرووپەکان، لە کۆمەڵەکان، بژاردەیان دەبێت، یان چوونە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە یان چوون بۆ کاری سیاسی. ئەمە نەخشەڕێگاکەیە، ئەمە رێڕەوەکەیە، نەوەک ڕێڕەوی رووبەڕووبوونەوە و شەڕی ناوخۆیی. ئەم رێڕەوە ئێمە گرتوومانەتەبەر، لە ماوەی پێشوودا گرتوومانەتەبەر و لە قۆناخی داهاتوودا دەیگرینەبەر و پێویستمان بەو خەڵکەیە کە لەم ڕێڕەوەدا پشتیوانیمان دەکەن تا ئینشائەڵا جێبەجێی بکەین.
 
رووداو: سەرۆکوەزیران، بەڕێزتان باسی مەترسیی داعشتان کرد دوای پێشهاتە نوێیەکان لە وڵاتانی دراوسێ. ئەگەر ئەم وڵاتانەی هاوپەیمانان یارمەتی عێراقیان داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، عێراق بەجێبهێڵن، چۆن ئەمریکییەکان لە 2011دا عێراقیان جێهێشت، دوای چەند ساڵێک داعش دەرکەوت. مەترسیی گەڕانەوەی داعش یان شتێکی نوێ وەک داعش بۆ عێراق نابینن ئەگەر هاوپەیمانان عێراق جێبهێڵن؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: باشە، پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا هاوپەیمانان چین؟ چییان هەیە بۆ نموونە؟ سوپایان هەیە؟
 
رووداو: راوێژکاری.
 
محەممەد شیاع سوودانی: چی؟ ئەوەی دەیبینین..
 
رووداو: راوێژکارییە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: واتە ئێستا کوڕانی خۆمان دۆسیەی ئەمنییان لەدەستە، ئەوان سوپا و پۆلیس و حەشدی ئێمەن، ئەوان هێزە ئەمنییەکانمانن.
 
رووداو: واتە چەکی بیانی لە عێراقدا نەماوە...
 
محەممەد شیاع سوودانی: دوێنێ... دوێنێ... بگەڕێوە سەر راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، چی دەڵێت، دەڵێت ئێستا هێزە عێراقییەکان خۆیان پلان بۆ هێرشەکان دادەنێن و دژی تیرۆر جێبەجێی دەکەن. ئەمە دانپێدانانە.
 
رووداو: واتە هیچ بیانوویەک نەماوە... بیانوو بۆ گرووپەکان..
 
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان نەماوە، بۆ هەر کەسێک کە چەکی هەڵگرتبێت، ئێمە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین، دانوستاندنی نیشتمانی لەسەر بکەین، تۆ بۆچی چەکت هەڵگرتووە لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، داگیرکاری نەماوە، سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکان دەبنە پەیوەندی ئەمنیی دوولایەنە، بۆیە دەبێت پشتگیریی لەم بەرنامەیە بکرێت و بکرێتە راستی و دڵنیایی بە خەڵکی خۆمان بدەین.
 
رووداو: سەرۆکوەزیران، پرسی چەکی بێمۆڵەت، لەسەر ئاستی پارێزگای میسان، بابەتێکی دیکەیە و پەیوەندی نییە بەو شتەی باسی بەرگریتان کرد. بە رای تۆ چارەسەر چییە، تێکەڵکردنە لەگەڵ حەشدی شەعبی و ببنە بەشێکی فەرمی لێی و بچنە ژێر فەرمانی سەرکردایەتیی گشتیی هێزە چەکدارەکان یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە؟ چارەسەرە راستەقینەکە چییە؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: چارەسەرەکە روونە. هەر گرووپێکی چەکدار، دوای تەواوبوونی هەموو پاساوەکان، بێگومان دوای تەواوبوون، مەبەستم ئەوە نییە ئێستا رێگەیان پێ بدەین. ئێستا دەوڵەت بەرپرسە، ئێمە بە ماوەیەکی سەختدا تێپەڕیوین، دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆ سەر غەززە و لوبنان، شەقامی عەرەبی و ئیسلامیی هانداوە دژی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی فەلەستین کراون، کاردانەوەی ناڕێکیش هەن، ئێمە رووبەڕوویان بووینەوە، رووبەڕوویان بووینەوە نەوەک بۆ بەرگری لە لایەنێک، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە وڵات و گەلی خۆمان. نابێت هیچ لایەنێک بۆ دەربڕینی هەڵوێستی، خاکی عێراق بەکاربهێنێت و مووشەک یان درۆن بەکاربێنێ. چووینە دۆخێکەوە رەنگە ئاشکرا نەبێ، بەڵام لەسەر زەوی، هێزە ئەمنییەکان و دەوڵەتی عێراق مافی بەکارهێنانیان هەیە  و ئەمەشمان جێبەجێ کردووە، بە رێوشوێنی یاسایی و ئەمنی و سیاسی. ئەو بژاردەیەی کە لە بەردەم هەر گرووپێکی چەکداردا هەیە ئەوەیە کە یان دەچێتە ناو هێزە ئەمنییەکان لە حەشدی شەعبی و بەرگری و ناوخۆ و هەر هێزێکی دیکە یان دەچێتە بواری سیاسی. بژاردەی سێیەم نییە.
 
رووداو: کاریگەریی چەک لەسەر سیاسەت چییە؟ ئێستا زۆربەی هاوپەیمانێتییەکان یان گرووپە چەکدارەکان لیستیان هەیە و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان یاساکە روونە، هەر گرووپێکی چەکدار یان خاوەنی گرووپێک بێت دەبێت لە نێوان کاری ئەمنیی وەک دامەزراوەیەکی ئەمنی، بوونی لە دامەزراوەی ئەمنی و کارکردنی وەک حیزبێک بەگوێرەی یاسا جیای بکاتەوە، حیزبەکە دەبێت لە فەرمانگەی حیزبەکان لە کۆمسیۆن تۆمار بکرێ و دادگا پەسەندی بکات. ئەمە رێوشوێنێکی یاساییە و ئێمە سوورین.
 
رووداو: بەڵام راستییەکە جیاوازە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: ئەمەش پێویستی بە جێبەجێکردنە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بێ جیاوازی. هەموو لایەنەکان، تەنانەت دەسەڵاتی گەلیش، پێویستە گەل رۆڵی خۆی بگێڕێت بەرامبەر ئەو لایەنە سیاسییەی کە باڵێکی چەکداری هەیە و یەکێکی دیکەی سیاسی. سبەی ئێمە باسی هەڵبژاردن و دەنگدان دەکەین، شەقامیش بەرپرسە لە بڕیاردان لەم بابەتە.
 
رووداو: وەک هاوپەیمانیی بنیاتنان و گەشەپێدان هیچ بەربژێرێکتان هەیە کە خاوەنی گرووپی چەکدار بێ؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: هیچ گرووپێکی چەکداریمان نییە.
 
رووداو: هیچ بەربژێرێکتان...
 
محەممەد شیاع سوودانی: نەخێر، هیچمان نییە. ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کارە، نە گرووپی چەکداری هەیە و نە هیچ.
 
ئامادەبوو: گرووپی ئەنساروڵڵاهول ئەوفیا چی؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: نا هیچ نییە، قەوارەی فوراتەین و باقیی قەوارەکانی دیکە دیارن. هیچ قەوارەیەکی چەکداریی لە هاوپەیمانێتییەکەی ئێمەدا نییە.
 
رووداو: هیوادارم ئەو رووداوەی مانگێک پێش ئێستا روویدا لەبەرچاو بگیرێ. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دور، ئەوانەی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە کرانە ئامانج، لەسەر دەستی هێزێکی دیکە بوو. دەمەوێ ئەو ئەندام ئەنجوومەنی پارێزگایە بیربهێنینەوە کە لە ناسریە بە بۆمب کوژرا، لە بەغدا خۆی هەڵبژاردبوو، دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی: کاردانەوەکە لە کاتی خۆیدا بوو و دوو چەکدار دەستگیر و کوژران، 11ی دیکەیان دەستگیر و رەوانەی دادگا کران، ئەمانە کراون.
 
ئامادەبوو: کێن سەرۆکوەزیران؟ لەژێر کۆنترۆڵی کێدان؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: ئەمە زێدەڕۆییە و دەوڵەت یەکەمجارە رووبەڕووی دەبێتەوە، پێشتر رووبەڕووبوونەوەی وا نەبووە، دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان، رووبەڕووی بوونەتەوە و سزای داوە و رێوشوێنمان گرتووەتەبەر دژی ئەو لایەنەی لەژێر چەتری هێزە ئەمنییەکاندا بووە.
 
ئامادەبوو: ئەی تارمییە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: لە کەمتر لە هەفتەیەکدا تۆڕەکە ئاشکرا بوو. ئەمەش بۆ یەکەمجار روودەدات.
 
ئامادەبوو: بوخاریم لە هەولێرەوە. جەنابی سەرۆکوەزیران، وەک دەرچوویەکی بەشی پزیشکی، ئەمڕۆ لێرە ماوەمەوە پرسیار لە جەنابتان بکەم. ئێمە وەک دەرچووانی بەشی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، دەرچووانێکی زۆرمان هەیە لە ساڵانی 2014ـوە تا 2025، لەو نێوەندەدا هیچ دامەزراندنێک نەبووە، لە کاتێکدا هاوشانانمان ئێمە لە ناوچەکانی مادەی 140 هەروەها هاووڵاتیانی دیکەی پارچەکانی دیکەی عێراق، هەمویان دەرگای دامەزراندن بە روویان کراوەتەوە. ئەوەی لێرە بۆ من پرسیارە، بەرنامەی ئێوە چییە، ئەگەر لە پۆستەکەتان مانەوە؟ هیچ بەرنامەیەکتان هەیە لەسەر ئەم پرسە؟
 
رووداو: سەرۆکوەزیران، پرسیارەکە لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی لە کۆلیژی پزیشکی. من با بە شێوەیەکی فراوانتر ئەم پرسیارە بکەم، چونکە نەک تەنیا دامەزراندن لە کوردستاندا نییە، مووچەش نییە. با بەم شێوەیە پرسیارت لێ بکەم، تۆ مووچەی مانگی 11ـت وەرگرتووە؟ مووچەت هەیە، وانییە؟ زۆر قسەمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، دەمەوێت پرسیار بکەم. مانگێک پێش ئێستا رێککەوتنێکی مێژوویی کرا کە چارەسەری کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کرد. هەموو خەڵکی کوردستان دڵخۆش بوون کە ئەمە چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هێشتا مووچەی مانگی نۆ نەدراوە، دووەم مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵ چی؟ با روون بم لەگەڵت سەرۆکوەزیران، لە کوردستاندا خەڵکێکی زۆر پێیانوایە بەڕێزتان بەربەستن لە بەردەم مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەمە رای خەڵکی سادەیە، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردن نزیکە و بۆئەوەی دەنگدەرەکانتان دەنگتان پێ بدەن، چونکە ئێوە مووچەی هەرێمی کوردستان نادەن؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: با ئەم بابەتە جیابکەینەوە و هەندێک تێگەیشتنی هەڵە راست بکەینەوە، چونکە ئێمە لەبەردەم عێراقێکی تەواوداین، هەموو پارێزگاکان، دەستوور و یاسا حوکممان دەکەن، وانییە؟ من هیچ دەسەڵاتێکم نییە لە دەرەوەی دەستوور و یاسا. لەوە تێگەیشتوون؟
 
ئامادەبووان: بەڵێ.
 
محەممەد شیاع سوودانی: من نیم، کاتێک دەڵێم من، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانم. من یەکێکم لە کۆمەڵێک کەس دەنگدەدەین، لەسەر بڕیارێک دەنگدەدەین، وەک ئەنجوومەنی وەزیران هیچ دەسەڵاتێکمان نییە لە دەرەوەی دەستوور و یاسا. دەستوور و یاسا چی دەڵێن سەبارەت بە سامانی سرووشتی؟ دەڵێن هەموو پارێزگاکان و هەرێم دەبێت داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست بکەن. پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی لە 2023وە رادەست نەکردووە؟ ئایا دادپەروەرییە پارێزگاکان داهاتی نەوتی و نانەوتیی خۆیان بخەنە ناو ئەو گەنجینەیەوە و هەرێم نەیکات و دواتر دابەشی بکەین بەسەر هەموو عێراقدا؟
 
ئامادەبووان: بێگومان نا!
 
رووداو: سەرۆکوەزیران، بابەتەکە دوو رووی هەیە. ئەوەی تۆ دەیڵێیت، من تێی دەگەم، بەڵام لایەنێکی دیکە و چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە لە کوردستانەوە، تەنانەت سیاسەتوانانیش دەڵێن لە ساڵی 2007دا رێککەوتنێک لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و مالیکیدا واژۆ کراوە. ئەو کاتە سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و ئەوی دیکە سەرۆکوەزیران، هەروەها مام جەلال، خوا لێی خۆش بێت، واژۆی لەسەر کردووە. ئەگەر تەنانەت هیچ رێککەوتنێک لەسەر یاسای نەوت و گاز نەبێت تا ساڵی 2007، کوردستان مافی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەیە. ئەمە لایەنێکی دیکەی بابەتەکەیە. من تێدەگەم، دوو گوتار هەن. من گوێم لە هەردوو لایەن گرتووە، بەڵام ئەوەی دڵم دەڕەنجێنێت خەڵکی سادە و مامۆستایانن، سەرۆکوەزیران..
 
محەممەد شیاع سوودانی: نەک تەنیا تۆ، دڵی ئێمەش دەڕەنجێت، کاتێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادرێ، بەڵام ئێمە ناچارین بەپێی یاسا بجوڵێینەوە، رێککەوتن و واژۆکردنەکان کە لە رێککەوتنی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتدا کراون، دەستوور و یاسا هەڵناوەشێننەوە. یاسامان هەیە. با باسی دەستکەوتەکانی ئەم حکومەتە بکەین، قسەکانمانی ئەو کاتەت لەبیرە؟
 
رووداو: بێگومان..
 
محەممەد شیاع سوودانی: دەستمان پێکرد، رووبەڕووی ئەم کێشەیە بووینەوە. یەکەم، بڕیارێک لە دادگای نێودەوڵەتییەوە دەرکرا بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی تورکیاوە، دواتر راگیرا، یاسای بودجە هاتە پێشەوە و لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان کێشەمان هەبوو، ساڵێک لەگەڵ هەرێم و کۆمپانیاکاندا دانوستانمان کرد تا گەیشتینە رێککەوتن. حەوت مانگ کۆمپانیاکان نەهاتن و هەرێم گوتی من ناتوانم و چووینە ئەو دۆخەوە. ئێمەش هاتین و یەکلاییمان کردەوە. بەمدواییانە رێککەوتین، هەناردەکردن دەست پێبکاتەوە و دەستمان پێکردووەتەوە. ئێستا بەشە گرنگەکەی کێشەکە کۆتایی هاتووە.
 
رووداو: سوپاس بۆ خودا.
 
محەممەد شیاع سوودانی: داهاتە نانەوتییەکان ماون. ئەوانەی رسوومات و باجن. هەموو پارێزگاکان ئەم رسووماتانە رادەست دەکەن. براکانی هەرێم، راڤەیەکی دیکەیان هەیە. رێککەوتین، کێ ئەم ناکۆکییە یەکلایی بکاتەوە، لیژنەیەکمان پێکهێنا، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە بابەتەکە سیاسی نییە. حکومەت نایەوێت مووچە ببڕێت بۆئەوەی پێگەی خۆی لە شەقامدا بەرزبکاتەوە، شەقام پەرۆشی گەلەکەمانە لە کوردستان و زەرەرمەندبوونیان قبووڵ ناکات، ئەوەش پێوەری ئەم سیاسەتوانە و ئەوی دیکە نییە. نا، شەقام هۆشیارتر و نیشتمانپەروەرترە. بابەتەکە تەکنیکی، یاسایی و کارگێڕییە، نەوەک سیاسی، هیچ سیاسی نییە. دووپاتی دەکەمەوە، پەیوەندیم کرد بە کاک مەسعود بارزانی و کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور، گوتم بابەتەکە هیچ بڕیارێکی سیاسی لەگەڵدا نییە. لە هیچ لایەکەوە کێشەیەک هەیە کە داهاتە نانەوتییەکانن و چۆن چارەسەری بکەین؟ لیژنەکە رێککەوتن کە خاڵە جیاوازەکان دەستنیشان بکەین و بچینە ئەنجوومەنی دەوڵەت. ئەنجوومەنی دەوڵەت بەرپرسە لە راڤەکردنی یاساکان. ئەنجوومەنی دەوڵەت یاساکانی وەرگرت و وەڵامی داینەوە. گوتی ئەم رسووماتانە بۆ پارێزگاکان و هەرێمە. نەوەک تەنیا هەرێم، پارێزگاکان. ئەم رسووماتانە بۆ گەنجینەی گشتییە، ئەم قسەیە باشە؟
 
رووداو: ئەوە لە سەرەتاوە رێککەوتنمانە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: بۆ کوێ بڕۆین؟ پرس بە کێ بکەین؟ گوتیان ئەنجوومەنی دەوڵەت، چوینە ئەوێ و وەڵامی داینەوە، بەڵام هێشتا براکان تێبینییان هەیە. مووچەش بەردەوامە. بەردەوامە، چونکە ئێمە رەوشی مووچەخۆران لەبەرچاو دەگرین و ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارە و بڕیاری داوە و پارەدان بەردەوامە. تەنیا مانگی هەشت... ئێمە مووچەی مانگی 11مان خەرج نەکردووە، 10مان خەرج کردووە. بەردەوامین لە پێدانی مووچە و تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبین. ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆکی حکومەت رێککەوتین، دوو تیم ئامادە بکەین، چونکە بودجەی ساڵی 2026مان لەپێشە، با رێکبکەوین و یەکلایی بکەینەوە، ئایا پشکی هەرێم بەپێی نەریتی باوی 12.6 بدرێت؟ پشکەکەی بدرێتێ و ئەو خۆی دابەشی بکات بەسەر مووچە و کارەکان و وەبەرهێناندا؟ یان بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەردەوام بین لە پێدانی راستەوخۆی مووچەی مووچەخۆران، ئەمەش پرسیارەکەی ئەو برایەی دەورووژێنێت
 
رووداو: سەبارەت بە دامەزراندنەکان..
 
محەممەد شیاع سوودانی: دامەزراندنەکان. چونکە تۆ سبەی کە وەزارەتی دارایی بەرپرسیارە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشکی هەرێم لە دامەزراندندا دابین بکات، بۆیە پێویستە ئەمە گفتوگۆ و بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەمە دەبێتە ئەو بابەتەی کە لە ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026ـدا باسی دەکەین.
 
رووداو: ئینشاڵڵا. بەڕێز سەرۆکوەزیران، پرسیارێک بەتایبەتی سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ، چونکە دەزانم ئەم شەو ملیۆنان بینەر لە کوردستان چاوەڕێی وەڵامن لەسەر ئەمە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: هەموو مانگێک مووچەیان پێ دەدەین. هەر مانگێک مووچە دەدەین. مانگی نۆ، ئینشاڵڵا، بە زوویی دەگات.
 
رووداو: چونکە تا ئێستا چاوەڕێی مانگی نۆن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: فەرمانبەران مانگێک دواکەوتوون لە ماوەی رابردوودا. لەگەڵ هەر تەمویلێکدا، مووچەی فەرمانبەران دابین دەکەین. تا کۆتایی ساڵ کێشەمان نابێت.
 
ئامادەبوو: سڵاو سەرۆکوەزیران. پرسیارێکی سیاسییم هەبوو بەڵام بەهۆی کەمیی کاتەوە بەرژەوەندی شار و خەڵکەکەم لە نەجەف دەخەمە پێش پرسیارەکەوە، حەز دەکەم پەیامی خەڵکی نەجەف بگەیەنم، سڵاو لە نەجەف، شاری زانست و زانایانە، شاری عەلی کوڕی ئەبی تالیبە، ناوەندی خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە، شایستە نییە بەم شێوەیە بیبینین. نەجەف گرفتی ژێرخانی لاواز و کەمی پرۆژەی هەیە. سەردانی پارێزگار دەکەین، دەڵێت 10 ملیۆنم نییە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە. زۆربەی پرۆژەکان سستن، وەک دەزانن لە زیارەتی ئەربعینیدا، ملیۆنان زیارەتکەر روو لەو شارە دەکەن. ئەوان پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ژێرخان و کارەبایە، دوا جار کە زیارەتیان کردبوو، کارەبای شاری نەجەف بڕا و زۆر زیارەتکەرمان هەبوون و من ئەمە بە شایستە نازانم، تەنانەت ناوچەی شەقامی فڕۆکەخانەی نەجەف، پیس و پۆخڵی و تۆز و خۆڵی زۆر دەبینین لەو ناوچانە. پرسیارێکی دیکەشم هەیە کە لەلایەن ئەندازیارانەوە راسپێردراوم، کەی یاسای پاراستنی ئەندازیاران دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەندازیاران بەبێ پاراستن کار دەکەن. لە کەرتی تایبەتدا بە 250 هەزار کار دەکەن و هیچ پارێزراو نین.
 
محەممەد شیاع سوودانی: خزمەتگوزاری لە هەموو پارێزگاکان، لەکاری پێشینەی ئەم حکومەتە بووە، هەموو پارێزگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە رێگەی پرۆژەی ژێرخانی ئابووریی تایبەت بە بودجەی حکومەتەوە چارەسەرمان کردووە، واتە لە بەغداوە نەک پارێزگاکان. هەموو پارێزگایەک تەرخانکراوی دارایی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پرۆژەی ژێرخانی ئابووری. لیستەکە درێژە بۆ هەموو پارێزگاکان، نەجەف و پارێزگاکانی دیکە، بە حوکمی کات و سێ ساڵ، ناتوانین هەموو پرۆژەکان تەواو بکەین. ئێمە باسی کەموکورتییەکی روون دەکەین، 2583 پرۆژەی نیوەچڵ لە ساڵی 2005وە، دەستمان بە جێبەجێکردنیان کردووە، 131 تریلیۆن دینار تێچووەکەیە، نەجەفی پیرۆزیش ژێرخانی لاوازە. من گرنگی بە ژێرخان دەدەم، نەک پرۆژە لاوەکییەکان. چەند پرۆژەیەکمان لە ناوەند، حوریە و ناوەندی نەجەف و وێستگەی چارەسەرکردن و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاڵاوگەدا هەیە کە 70 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 30 هەزار زیادکراوە و بووەتە 100 هەزار. هەروەها وێستگەی حەیدەرییە و ناوەند و شوێنی دیکە.
 
ئامادەبوویەک: گرێبەستەکە واژۆ کرا؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ گرێبەستی بۆ کرا، پارەی بۆ تەرخان کراوە و کۆمپانیای ئاشور لە وەزارەتی نیشتەجێکردن دەست بەکارەکانی دەکات، هەموو ئەمانە پەسەند کراون و پارەیان بۆ تەرخان کراوە. ئەم حکومەتە، لیژنەیەکی تایبەت بە زیارەتە ملیۆنییەکانی هەیە، پێشتر لیژنەیەکی کاتی پێکدەهات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. بەڵام ئێمە دەبێت لیژنەیەکی هەمیشەیی دامەزرێنین. لیژنەی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان، پرۆژەی چەندین ملیاردیمان پێشنیاز کردووە، هەروەها بەستنەوەی قەزاکان و دروستکردنی پرد و رێگای نێودەوڵەتی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی زیارەتکەر و هاووڵاتیان راگەیێندراوە. بێگومان پێویستی بە زیاتر هەیە. بەڵام بەپێی پلانی حکومەت، پرۆژەکانمان خستوونەتە واری جێبەجێکردنەوە. بابەتی ئەندازیاران، هەموو کارمەندان ئێستا یاسایەکیان هەیە، یاسای کار، کە مافی هەمووان دابین دەکات، ئەندازیار، پزیشک یان کرێکار یان هەر پیشەیەکی دیکە بێت. ئەگەر پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمان هەبێت، بێگومان ئێمە پشتگیری دەکەین. ئەندازیاران ئەمڕۆ بنیاتنەری عێراقن، ئەم دەستکەوتەی ئێستا گەنجانی ئێمە دروستیان کردووە. لە هەر پرۆژەیەکدا 60% بۆ 80%ـی گەنجان کار دەکەن و شارەزایی وەردەگرن لەو پرۆژانەدا.
 
ئامادەبوو: من لێرەوە وەکو نوێنەری خەڵکی کەرکووک دەپرسم. ئایا کەی لەگەڵ ئاڵای عێراق ئاڵایەکی دەستووری و یاسایی کە ئاڵای کوردستانە لەدەست پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک ئەبینین؟
 
ئامادەبوو: ناوم کەمال عوبەیدییە و چالاکی مەدەنی و دامەزرێنەری تیمی وەرزشیی ریازم. ئاڕاستەی هاوپەیمانێتییەکەتان، بنیاتنان و گەشەپێدانە، بەڵام باسی چ گەشەیەک دەکەین کاتێک کەرتی کشتوکاڵ لەبەردەمماندا داڕماوە، جووتیار زەوییە بەپیتەکەی جێدەهێڵێت و بۆ پارووە نانێک روو لە شار دەکات، بەهۆی گرانبوونی کەرەستەی کشتوکاڵی، نەبوونی پشتیوانی حکومەت و کەمئاوی؟ ئایا هیچ پلانێکی ستراتیجی هەیە پشتیوانی لە جووتیار بکات و ستوونە ئابوورییەکەی عێراق رزگار بکات؟
 
ئامادەبوو: ئێمە پردی نێوان کۆماری عێراق و دەوڵەتە تورکییەکانین کە بەشێکیان ئەندامی ناتۆن. بۆچی ئەم پردە بەکارناهێنن بۆ نوێنەرایەتیی پێکهاتەی تورکمان و خزمەتکردنی عێراق و بەدەستهێنانی مافەکانمان؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: کەرکووک عێراقێکی بچووکە. هیوادارم کردەوەکانمان یەک بگرن و پارێزگاری لە کەرکووک بکەین بە پێکهاتە بەڕێزەکانییەوە، پێکەوەژیانە ئاشتیانەکەی بپارێزین کە ئەوەش بووە هۆی لەباربردنی زۆرێک لە هەوڵەکانی ئاژاوە، بەڵام هۆشیاریی نیشتمانی لە ئاستێکی بەرزدابوو، شانازیی پێوەدەکەین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەمان ئەنجامدا کە لە ساڵی 2005وە پەکخرابوو، واتە خەڵکی کەرکووک دەرفەتیان بۆ رەخسا نوێنەرانی خۆیان لە حکومەتی خۆجێییدا هەڵبژێرن و ئەمەش بەشێکە لە چارەسەری کێشەکان. ئێمە وەک حکومەت، هەوڵمان دا هەموو پێکهاتەکان کۆبکەینەوە دوای دواکەوتنی لێکتێگەیشتنەکە لە بەغدا، گوتمان با لە بەغدا بگەنە رێککەوتن، نەک دەرەوە. کۆمان کردنەوە و چەندین دانیشتن و گفتوگۆ و داوای کارنامەمان لێ کردن، جگە لە مەسیحییەکانیش کە ئامادە بوون، کارنامەمان کردە یەک و لەسەری رێککەوتین، تووشی شۆک بووین کاتێک بەشێکیان، چوون رێککەوتن و حکومەتێکی خۆجێییان پێکهێنا، ئەمەش مافی خۆیانە. ئەنجوومەنی پارێزگا دوای هەڵبژاردن، مافی خۆیەتی حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵماندا کاردانەوەکان کاریگەریی خراپیان لەسەر شەقام نەبێت، بەڵام بێگومان کاریگەریی هەبوو و سکاڵای ئەنجوومەنی دەوڵەت و. گرووپی دووەمیش هێشتا هیچ دانیشتنێکی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا نەکردووە، وانییە؟ دەبێت نوێنەرانتان، نوێنەرانی تورکمان کە دەبێت یەکگرتوو بن بەبێ گوێدانە مەزهەب، روانگەی خۆیان پێشکەش بکەن و چۆن خزمەت بە پێکهاتەکەیان بکەن و هەروەها برا کورد و عەرەبەکان، روانگەیەکی یەکگرتوو ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و یاساکانی کشتوکاڵ، زەوی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان. من چاوم بە ژمارەیەک لە برا تورکمانەکان کەوت کە قوربانیانی رژێمی دیکتاتۆری بوون و چەندین کێشەی خۆیان خستەڕوو لەسەر گوندی بەشیر و ئەوەی ماڵەکانیان پێ نەدەدرا و بابەتی یاسایی هەبوون. باسی کشتوکاڵ... ئەگەر پشتیوانی هەبێت بۆ کشتوکاڵ ئەوا لەم حکومەتەدا بووە، ئەمڕۆ کە پشتیوانی لە جووتیار دەکەین و بەرهەمەکانمان لێی وەردەگرینەوە بە 850 هەزار. لەکاتێکدا ئەگەر لە دەرەوە گەنم هاوردە بکەم، 400 هەزار دەدەم. من پشتیوانیی دووقات زیاتر دەکەم و ئەمە زیان نییە، بەڵکو پشتیوانییە لە جووتیار، ئێمە ئەمڕۆ یەکەمجارە کۆگایەکمان هەبێت کە بەشی ساڵ و نیوێکمان بکات. کاتێک بوومە سەرۆکوەزیران، کۆگاکە بەشی دوو هەفتەی دەکرد، لە کاتی جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا، 45 ملیۆن کەس، گەنممان بەشی دوو هەفتەش نەدەکرد، بێدەنگ بووین، قسەمان نەکرد، پلانمان دانا، پشتگیریمان لە جووتیاران کرد. بە هەر دیدێکی ئابووری بێت، یان پشتگیری لە بەرهەم دەکەیت یان کەرەستەکان، من پشتگیری لە بەرهەمەکان دەکەم. بە 850 لێت وەردەگرم. ئەمەش تێچووەکەیەتی، حسابکراوە. رێککەوتنەکەی تورکیاش، دابینکردنی ئاوەکە مسۆگەر دەکات. تایبەتمەندی پارێزگاکە و هەڵکردنی ئاڵاکان... من هیوادارم بە گیانێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکرێت و هیچ لایەنێک نەوروژێنرێت. هەموو ناونیشان و رەمزەکان جێی رێزن، بەڵام لەژێر ئاڵای عێراقدا کۆدەبنەوە کە هەموومان کۆدەکاتەوە.
 
رووداو: بەتایبەتی پرسیارەکەی ئەو برایە سەرۆکوەزیران، پەیكەرى پێشمەرگە لە کەرکووک، دوای شەڕی داعش دروستکرا، پێشتر ئاڵای کوردستانی بەدەستەوە بوو ، بەڵام لە رووداوەکانی 2017دا لابرا و تەنیا ئاڵای عێراقی ماوەتەوە. ئەو برایە پرسیاری کرد، هیچ دەرفەتێک هەیە ئاڵای عێراق وەک ئاڵای نیشتمانی و ئاڵای کوردستانیش وەک ئاڵایەکی نەتەوەیی لەلایەوە بێت؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: هیچ کێشەیەک نییە ئەگەر خەڵکی کەرکووک لەسەری رێکبکەون. چی رێگری دەکات..
 
ئامادەبوو: من سەمەدم لە بەغدا، نوێنەری گەنجانی بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی دەستەی چاودێریی خاوەن پێداویستیی تایبەت. سەرۆکوەزیران، پرسیارم لەسەر یاسای ژمارە 38ـە تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەتەکانە، دوای هەموارکردنەوەکەی دوایی، مووچەی هاوکاری بێکار لە 170 هەزارەوە بۆ 250 هەزار بەرزکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک، تەنانەت تەرخانکردنی 5% لە دامەزراندندا بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت جێبەجێ نەکراوە لە هەندێک لە دامەزراوە حکومییەکان کە پێیانوایە ناتوانن کار بکەن. پێچەوانەی رۆحی یاسا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، پێشتر لە پارێزگای بەغدا ژمارەیەکمان لە کورتە باڵاکان، بەشداریمان پێکردوون، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە، بە هیواین ئەمە لەبەرچاو بگرن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: سوپاسێکی زۆر. 5%ـی پابەندکەرە و یاسایە، هەر لایەنێک جێبەجێی نەکات رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و ئێمەش لەوبارەوە راگەیێندراو دەردەکەین. پرسی هەموارکردنەوەکە کە مووچەی بەخێوکەری تەرخانکراو بەرز دەکاتەوە، دەزانن لە 25دا خشتەی بودجە نەبوو، وەزارەتی دارایی دەبێت تێچووەکان بخەمڵێنێت بۆئەوەی لە بودجەدا جێگەی بکاتەوە و بۆ کەسانی شایستە خەرجی بکات.
 
ئامادەبوو: من ئەرشەد لامی لە پارێزگای واست، سەرۆکوەزیران داوای لێبووردن دەکەم لە تێبینییەکی کورت پاشان پرسیارەکەم. لە کاتی دەستبەکاربوونتان، پەیوەندییەکی باشت لەگەڵ پارێزگاری پێشووی واست، محەممەد جەمیل میاحیدا هەبوو. دەستپێشخەرییەک بۆ هاوپەیمانێتی لە نێوان واست بە سەرۆکایەتی خۆی لەگەڵ ئێوەدا هەبوو، بەڵام چەندین هۆکار و ناکۆکی بوونە رێگر، بەپێی خوێندنەوە سیاسییەکانی شەقام و کاریگەریی خراپیان هەبوو لەسەر واست. هەروەها لە سەردانەکەی دواییت بۆ واست، باسی ئەوەت کرد واست 2 تریلیۆن دیناری زیادەی وەرگرتووە لە بودجە. دوای ئەوە، دیوانی پارێزگای واست راگەیێندراوێکی هاوشێوەی رەتکردنەوەی بڵاوکردەوە و پرسیاری لە چارەنووسی ئەو پارەیە کرد. حکومەت چۆن دەتوانێت پرسیار لە حکومەت بکات و ئێمە لە کێ پرسیار بکەین و بزانین پارەکەمان بۆ کوێ دەڕوات. ئەمە تێبینی بوو. پرسیارەکەم لە بەڕێزت، بەڕێز سەرۆکوەزیران، ئایا ناکۆکی لەگەڵ میاحیدا بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوو لە ئاگرکەوتنەوەکەی هایپەر مارکێتی کوت کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان لای دادگەن و بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدراوە و بنەماڵەی قوربانیان چاوەڕێن؟ یان ناکۆکییەکە پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی میاحی لە هاوپەیمانی خزمەتگوزاریی شێخ شەبل زێدییەوە بوو؟ کە لەگەڵ دیدی هاوپەیمانێتی بنیاتناندا نایەتەوە لە رووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی: هیچ ناکۆکییەکی سیاسی لەگەڵ دکتۆر محەممەد میاحی پارێزگاری پێشوودا نییە. ئەو یەکێک بوو لە پارێزگارەکان و پشتگیریی حکومەتی فیدراڵیی هەبوو. رووداوی هایپەر مارکێتەکە، لێرە ئێمە بە شێوەیەکی پیشەییانە مامەڵەمان لەگەڵ کرد، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان بەکاریانهێنا، کێشەیان لەگەڵ پارێزگار و لایەنێکی دیکەدا هەبوو، ویستیان بیکەنە هۆی کێشە، بەڵام وەک حکومەت، مامەڵەی پیشەییانەمان لەگەڵدا کرد. ئەو رۆژەی رووداوەکە، من خۆم سەردانی پارێزگاکەم کرد، پارێزگار لەوێ بوو و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کۆبوومەوە و لیژنەیەکم بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنا، میاحی گوتی، "من لەگەڵ هەر راسپاردەیەکم". لیژنەکە کارەکانی خۆی تەواوکرد، من سووربووم لەسەر ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دوای پەسندکردنی من، لیژنەکە دەرکەوت کەمتەرخەمیی هەبووە، داوای لێکۆڵینەوەی ئیداریمان کرد و هەروەها لیژنەیەکمان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی پارێزگارەکان پێکهێنا. کەمتەرخەمیی پارێزگاری پێشوویان دەستنیشانکرد و پەسەندمان کرد و رەوانەی دادگامان کرد. کوا کێشە سیاسییەکە لێرەدا؟ کێشەیەکی سیاسی نییە، کەموکورتی روویداوە، کەمتەرخەمی و خراپ بەڕێوەبردن، دەبێت یەکێک بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی یاسای بەرگری شارستانیدا پارێزگار، سەرۆکی لیژنەی باڵایە. بۆیە لیژنەکە بە کەمتەرخەمییەکە گەیشتووە و ئێمەش پەسەندمان کردووە. ئەوەی قسەی لەسەر ململانێ و... ئەمانە کەشێکی سیاسین و بە نەرێنی بەکاردەهێنرێن، هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ئەرکی ئێمەوە بەرامبەر پارێزگای واست، پلان هەیە و من تۆ و تیمێکی گەنجان رادەسپێرم. یەکشەممە بڕۆ بۆ وەزارەتی پلاندانان و دارایی و لیستەکەیان لێ وەربگرە و بیدە پارێزگا. بەداخەوە کار هەیە بۆ برەودان بە مەینەتیی هاووڵاتییان و لەو هەڵبژاردنەدا درۆ و چەواشەکاری بەکاردەهێنرێت. هەمیشە دەڵێین پێویستە گوتارێک هەبێت و لەسەر بنەمای راستی و شەفافیەت بێت، بەبێ چەواشەکردنی رای گشتی و هیوادارم پێیەوە پابەند بن.
 
ئامادەبوو: سەرۆکوەزیران من خەڵکی ناسریەم، ئەو پارێزگایەی کە قوربانیی زۆری داوە. من کەمترین هاووڵاتیم کە باسی ئەو پارێزگا گەورەیە دەکەم کە تۆ زۆر بەباشی دەیناسیت و بەمدواییانە سەردانت کرد. بەڕێز سەرۆکوەزیران، لە ناسریە ژمارەیەک کارمەندی کاتییمان هەیە کە بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک دەبێت بکرێنە گرێبەست. تاوەکو ئێستا نەکراون بە گرێبەست، ئەمە خاڵی یەکەم. دووەم، پرسی دەربازبوون لە سزا، سەرۆکوەزیران هەموومان دەزانین نەهێشتنی ئەم دیاردەیە چارەسەری گەورەترین کێشەکانمان دەکات. ئێمە گەورەترین رووداوەکان دەبینین و لیژنەی بۆ پێکدێت و لە لیژنەکاندا کۆتایی دێت. بۆ نموونە کوژرانی خۆپێشاندەرانی 2019 و پێش ئەوەش. ئەمە لە بواری ئەمنییەوە، بەڵام لە بواری دارایی و گەندەڵی و سیاسیدا، ئەو کەسانەی لە سزا دەرباز بوون، هەروەها ئەوانەی پێشتر داعشی بوون و گەڕاونەتەوە. من دەزانم دادگا ئازادی کردوون، رەنگە ئەوە بەرپرسیاریێتیی ئێوە نەبێت، بەڵام نەهێشتنی ئەو دیاردەیە وایکردووە، بچووکترەکانیش دەرباز ببن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: سوپاس، هەموو کارمەندان بەپێی گرێبەستی ئاسایشی خۆراک یان بڕیاری 315، لە بودجەی 26دا دەخرێنە سەر کاری هەمیشەیی، مافیان پارێزراوە، سەبارەت بە دەربازبوون لە سزا، بەتەواوی لەگەڵتدام، دەبێت هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە خوێنی عێراقیدا هەبووە، سزا بدرێن بۆئەوەی چاکسازی و چارەسەر بکرێت، لەم حکومەتەدا هەموو دۆسیەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا رێڕەوی خۆیان وەرگرتووە. هیچ دۆسیەیەک نەبووە، لێکۆڵینەوە، دەستنیشانکردنی تاوانباران، لە کاتەکانی دیکەشدا بابەتی پارەی گشتی، تەنانەت سزای دارایی فەرمانبەران و بەرپرسان کە هۆکارن بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەمەمان ئەنجامداوە، راسپاردەکانمان نێردراون بۆ دادگا، ئەوانەی گومانی تیرۆریان لەسەرە، بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی هاتوون کە لە پەرلەماندا دەرکراوە. بەڕاستی ئێمە وەک حکومەت ئەوەمان نەناردووە، لە رێککەوتنە سیاسییەکەدا، تەنیا ناساندنی سەر بە تیرۆر، چونکە براکان... نامەوێت لەو بارەیەوە قسە بکەم، گوتیان لە کاتی داعشدا، خەڵکی بە زۆر بەیعەتیان پێ داوە، دوای رزگارکردنیش، دەزگا ئەمنییەکان دەستگیریان کردوون. ئەوان ناچار بوون، بۆیە پێناسەمان بۆ کرد، گۆڕانکارییەکە لە پەرلەماندا بوو. گەندەڵکارانی ئیداری، مادەی هۆشبەر و توێژی دیکەی تێخرا، ئەمە لەو پرۆژەیەدا نەبوو کە حکومەت پەسەندی کردبوو.
 
ئامادەبوو: من نور زەهرام و خوێندکاری پزیشکی لە زانکۆی موستەنسرییە و چالاکوانی مەدەنی. ئەو بابەتەی بۆ من گرنگە، دۆسیەی دامەزراندنە، بەتایبەتی کارمەندی پزیشکی و پزیشکان، چونکە پزیشک، کەمیی هەیە لە ژمارەیان و ناگونجێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان، ئەوەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی دوو سێ ساڵی و کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر پزیشکانی دیکە و سیستەمی تەندروستی. پرسیارەکەم ئەوەیە، چ هاوئاهەنگییەک هەیە لە نێوان ئێوە و وەزارەتی دارایی؟ هەر ساڵە باس لە کورتهێنان دەکرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی: وەزارەتی تەندروستی، پێداویستییەکانی خۆی رادەستی دارایی دەکات، دەڵێت من ئەوەندەم پێویستە، ساڵی پار بیست و نۆ هەزاریان پێویست بوو. دەرچووانیش 97 هەزارن لە هەموو کۆلێژە پزیشکییەکان.
 
نور زەهرا: پزیشکیی گشتی.
 
محەممەد شیاع سوودانی: دکتۆرە، با روانگەی حکومەتت بۆ روونبکەمەوە. سەنتەرێکی تەندروستیمان لە کەرخ هەیە، 160 دەرمانسازی لێیە، زیاتر لەوەی کە هەیەتی. سیاسەتێکی هەڵە هەیە، ئەم یاسایانە هەمووی دامەزراندن ناچار دەکەن. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت من تەنیا بیست و نۆ هەزارم پێویستە، پێشتر لیژنەیەکمان لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی خزمەتگوزاری و تەندروستی پێکهێنا، چارەسەرێکیان دانا، پشتیوان بە خودا تا کۆتایی ساڵ جێبەجێی دەکەین، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و پێداویستییەکان دابین دەکات تەنیا ژمارەی پزیشکان کەمە. هەموو ژمارەکان بەگوێرەی پێویستییەکانی وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێندرێن.
 
نور زەهرا: من خوێندکاری قۆناخی چوارەم.
 
محەممەد شیاع سوودانی: هێشتا دەرنەچووی.
 
ئامادەبوو: من ئاوارەیەکی قەزای شنگالم. کەی کاتی ئەوە دێت ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە؟ رێککەوتنی شنگال بۆچی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە؟ 11 ساڵە ئاوارەی دهۆکم، منداڵەکانم لە دهۆک گەورە بوون. تاوەکو کەی ئاوارە بین؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: چی رێگریت لێدەکات بگەڕێیتەوە؟
 
ئاوارەیەکی شنگال:  میلیشیاکان لە شنگال. ئەگەر دەتەوێت...
 
محەممەد شیاع سوودانی: حەشدی شەعبی، سوپای عێراق، رێگریت لێدەکەن؟
 
ئاوارەیەکی شنگال: نەخێر، بەڵام لایەنی دیکە هەن...
 
محەممەد شیاع سوودانی: نا لایەنی دیکە نییە، رێککەوتنی شنگال چییە؟ خاڵەکانی دەزانی؟
 
ئاوارەیەکی شنگال: بەشێکی دەزانم.
 
محەممەد شیاع سوودانی: من پێتدەڵێم. یەکەم باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، دووەم دانانی قایمقام، سێیەم دامەزراندنی 2500 پۆلیس. ئەم حکومەتە دەستی کرد بە جێبەجێکردنی. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرا. ئەنجوومەن قایمقامی بۆ شنگال هەڵبژارد. بۆچی دەست بەکار نابێت؟ تۆ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی... من پرسیار دەکەم... بۆ ئەوەی بزانم کەموکورتییەکە لە کوێیە. کێشەکە لەوەدایە کە رێککەوتن نییە لەنێوان هەرێم و پارێزگای نەینەوا. قوربانییەکە ئێوەن. من تاوەکو کەی قوربانی بم... یاساکە روونە. قایمقام دەبێت دەست بەکار بێت، ئێمە وەک حکومەت، سندووقێکمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا داناوە بە 35 ملیۆن دۆلار و 70 ملیۆنی دیکەمان بۆ زیاد کردووە و پرۆژەش هەیە. ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە، ئەوەی دیکە پەیوەندی بە رەوشی سیاسییەوە هەیە..
 
ئاوارەی شنگال: بەڕێز سەرۆکوەزیران، حەوت گەڕەک لە شنگال وێران بوون.  بەسەربەرزییەوە، ئەم حکومەتە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، رێگەی بە ئێزدییەکان داوە خاوەنی موڵکی خۆیان بن.
 
محەممەد شیاع سوودانی: ئەم ئێزدییە مافی موڵکدارێتی نەبوو، ئێمە بڕیارمان دەرکرد و کرا، ئەمە ئاماژەیە بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو قەزایە.
 
ئاوارەی شنگال: بەڕێز سەرۆکوەزیران، وەرە لەگەڵم بۆ گەڕەکە وێرانبووەکان، حەوت گەڕەکی وێران بوو لە شنگال هەن، ئەگەر وێنەی راستیان پێنادەن، سوێند دەخۆم حەوت گەڕەکی...
 
محەممەد شیاع سوودانی: نا وێنەکان گەیشتوون و بە وردی چاودێری شنگال دەکەم. خانووی خزمانم وێران کراون...
 
ئامادەبوو: ناوم ئەحمەد مەرسوومییە لە ئەنبار. قەزاکەمان قەزایەکی نوێیە و هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە. دۆسیەیەکیان لەسەر 100 ملیار داوەتە قایمقام. ئێمە دادگاو و شارەوانی و پەروەردەمان نییە. پرسیارەکەم ئەوەیە سەرۆکوەزیران، پێشنیار چییە بەشێکی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بکرێتەوە؟ بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، تایبەت بە دروستکردنی قوتابخانەکان بۆئەوەی پارەکان بەهەدەر نەچن؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: سوپاس، لیژنەیەک دەنێرین بۆئەوەی یاریگاکە ببینێت و چارەسەری بکات. ژێرخانی ئابووری، بێگومان هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە و دەبێت تەرخانکراوی هەبێت چ لەسەر پارێزگا یان حکومەتی فیدراڵی، بەڵام بۆ دامەزراندنی بەشێکی وەها، ئێمە یەکەی پلاندانانمان لە هەموو پارێزگایەکدا هەیە کە چاودێری پرۆژەکان دەکەن و لە وەزارەتی پەروەردەدا، بەشی بیناکانی قوتابخانەکانمان هەیە و ئەوان چاودێرییەکە دەکەن.
 
ئامادەبوویەک: مزگێنی 100 ملیار بۆ ژێرخان دەدەیت بە دانیشتووانی رەمڵ؟
 
محەممەد شیاع سوودانی: با لەو تەرخانکردنانە دڵنیا بینەوە.
 
ئامادەبوویەک: ئێمە ناوچەیەکی سنووریین، لەگەڵ سووریا.
 
محەممەدشیاع سوودانی: پشتیوان بە خودا، هەموو ناوچەیەک ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ دەکرێت، لەو تەرخانکراوانە دڵنیا دەبینەوە.
 
ئامادەبوو: موهەیب ئەعرەجیم لە پارێزگای موسەننا، تۆ دەزانیت پێویستیمان بە گرنگیپێدانێکی تایبەتە، ماوەیەک پێش ئێستا سەردانت کردین و هەندێک پرۆژەت کردەوە، بەڵام رەنگە هەندێک پرۆژەی نیوەچڵی 2012 لەبیرکرابن وەک نەخۆشخانەی ئەڵمانی، کە 400 قەرەوێڵەیە و ئەگەر ئەمە تەواو بکرێت، کەرتی تەندروستی رزگار دەکات. لە موسەننا، تەنیا نەخۆشخانەیەکی حوسەین هەیە، لە خزمەتگوزاری کەوتووە و هیچی بۆ ناکرێت، هیوادارم پێداچوونەوە بە پرۆژە نیوەچڵەکان بکرێت. هەروەها یاریگای سەماوە کە جێی 30 هەزار هەواداری تێدا دەبێتەوە و پرۆژەی ساڵی 2012ـە و تا ئێستا تەواو نەکراوە، کۆمەڵگای غەدیر و شاری وەرکا، کۆمپانیای رەیحانە دوو ساڵە دەستی بە کارەکانی کردووە، ئێستا تەنیا کاولکاری و تۆز و خۆڵە، هیواداربووین پرۆژەکە تەواو ببێت بەڵام کۆمپانیاکە کارەکانی راگرتووە، بەهیواین بەدواداچوونی بۆ بکەیت...
 
محەممەد شیاع سوودانی: روونە، من کەمێک پێش ئێستا باسی ژمارەی پرۆژە نیوەچڵەکانم کرد و بە تایبەتی نەخۆشخانەکان، فەرمانی دیوانی ژمارە 45، چاودێری نەخۆشخانەکان دەکات لەوانەش نەخۆشخانەی ئەڵمانی. چەند رۆژێک پێش ئێستا من لە پارێزگاکەدا بووم و پارێزگار سستی کارەکانی کۆمپانیاکەی خستە روو سەرەڕای تەرخانکراوی ئەم دواییە، لە پەیوەندیداین لەگەڵیان و ئەگەر نەتوانن رێوشوێن دەگرینەبەر و بە کۆمپانیایەکی دیکەی دەسپێرین. لە موسەننا، نەخۆشخانەی رومێسە و خدر هەن کە لەم حکومەتەدا پەسند کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دەبێت دەستبەجێ هەڵمەتی ناوزڕاندن رابگیرێ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا بە شێوەیەکی "دەستبەجێ" هەموو جۆرە هەڵمەتێکی ناوزڕاندن لە رێگەی میدیا، و لێدوانی تووند رابگیرێ. بەرپرسێکی نێو چوارچێوەکە دەڵێ، بەردەوامبوونی ئەو هەڵمەتە دژبەیەکانە کاریگەری لەسەر چوارچێوە و بڕیارەکانی دروست دەکات.