هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: رێگری لە هەر هەڵوێستێک بکرێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتگیریی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکای کرد و داوای کرد رێگری لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک بکرێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق دەگەیێنێت، هەروەها پاڵپشتیی چاکسازییە ئابوورییەکانی حکومەتیان کرد.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی میوانداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کردووە کە تێیدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەر و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ئامادەی بوون.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پێشوازی و پاڵپشتییان لە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە و رایانگەیاند، رۆڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەرز دەنرخێنن بۆ رێگری لە دروستبوونی جەنگ؛ هەروەها ئەو هەڕەشانە رەتدەکەنەوە کە لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێن.
کۆبوونەوەکە شەوی 8ی شوبات لە بەغدا ئەنجامدرا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پارتی، یەکێتی، لایەنە سوننەکان، بابیلیۆن و بەرەی تورکمانی بەشدار بوون.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە گرنگی زانیوە رێگری لە هەر لێدوان و گوتارێکی رۆژنامەڤانی و هەڵسوکەوتێک بکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندیی عێراق ناگونجێت.
یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە هاوپەیمانییەکە تاوتوێی کردووە، دۆخی دارایی ئێستای عێراق بووە و باسیان لە پاڵپشتیکردنی رێکارە بنەڕەتییەکانی حکومەت کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بازرگانیی بونیاتنەر، هەروەها بە گرنگیان زانیوە پاڵپشتیی چاکسازییە ئابوورییەکان بکرێت کە حکومەت دەستیپێکردووە، لەگەڵ ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە توندکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و رێگری لە سەرجەم شێوازەکانى قاچاخبردن، هەروەها پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بنەبڕکردنی خۆدزینەوە لە باج و گومرگ.
هاوپەیمانییەکە جەختی لە گرنگیی ئەو پلانە چاکسازییانە کردەوە کە ئامانجیان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و بووژانەوەی پیشەسازیی نیشتمانییە، لەگەڵ هەر هەنگاوێک کە سەرچاوەی داهات هەمەجۆر بکات و وا بکات بە تەواوی پشت بە نەوت نەبەسترێت.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێی دۆسیەی گواستنەوەی داعشەکانی لە سووریاوە بۆ عێراق کردووە و پشتگیریی رێکارە یاسایی و دادوەرییەکانی کرد کە عێراق گرتوویەتییە بەر، هەروەها داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێبهێنن بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لەو دۆسیەیەدا و داوایان لەو وڵاتانە کرد کە ئەو داعشانە وەربگرنەوە کە خەڵکی وڵاتەکانیانن بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە.