گرووپی موقاوەمە: لە 24 کاژێردا 24 هێرشمان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو گرووپەی ناوی خۆیان ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، دەڵێت، لە 24 کاژێردا 24 هێرشیان بۆ سەر "نەیارانیان" لە عێراق و ناوچەکە کردووە. بانگەشەی ئەوەش دەکات لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل 197 هێرشیان کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، ئەو گرووپە لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی هێرشەکانی لە 24 کاژێری رابردوو بڵاوکردەوە کە گوایە بە دەیان درۆن و مووشەک کردوویانە.
 
لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، 197 هێرشیان کردووە.
 
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدێن.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، لە 4ـی ئاداردا زۆرترین هێرشیان کردووە، کە 29 هێرش بووە.