لیژنە باڵاکەی حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە لە 24 کاژێردا راسپاردەکانی ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ، ئەو لیژنە باڵایەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکیهێنا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.
رووداو زانیویەتی، لیژنەکە لە 24 کاژێردا راسپاردەکانی خۆی ئامادە دەکات، دواتر راستەوخۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لیژنەکە پێکهاتووە لە محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو دەستی کەوتوون، ئەمشەو شاندی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کورد لە بەغدا، لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ رێککەوتنێکیان رانەگەیاندووە.