دادگەی فیدراڵی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاتوێکردنی سکاڵایەک لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە؛ بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگە گوێ لە داواکاری و بەرگریی هەردوو لایەنی سکاڵا دەگرێت و بەڵگەی دیکەیان لێوەردەگرێت.
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، دادگەکە تاوتوێی سکاڵایەک لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات، کە لە سەرەتای ساڵی 2016 راگیراوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراوە.
 
لەو سکاڵایە کە ژمارە 134/فیدراڵی/2023 و لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی کوردستانەوە تۆمار کراوە، سکاڵاکار داوادەکات دادگەی فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
 
رۆژی هەینی 8-9-2023، یوسف عوسمان عەوێنەیی، سەرۆکی دەستەی باڵای یەکێتیی فەرمانبەرانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکێکە لەو مافانەی لە 1-1-2026ەوە تاوەکو ئێستا راگیراوە و نادرێت، ئێمە چەند جارێک داوامان لە حکومەت کردووە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە ئێستا کە چووەتە دادگەی فیدراڵی ئومێد دەکەین مافەکانمان بۆ بگەڕێندرێتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچەیان، زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە.
 
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسومات.