سوودانی چەند لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ساخکردنەوەی 450 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان یان ئەگەری فرۆشتنی نەوتەکە بە ژمارەیەک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێناوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8-10-2023، باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی هێڵی کوردستان - جەیهانەوە، بە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە: "محەممەد شیاع سوودانی، ژمارەیەک لیژنەی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە ساخکردنەوەی نەوتی کوردستان کە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لەنێوخۆدا پێکهێناوە، ئەگەری ئەوەش هەیە چارەسەری دیکە بۆ فرۆشتنی نەوتەکە هەبێت، لەنێویاندا فرۆشتنی بە وڵاتانی ئوردن یان سووریا، یان لوبنان."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کردووە، پێشنیازێکی دیکەش ئەوەیە ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت لە نەوتی باشووری عێراق قەرەبوو بکرێتەوە لە رێگەی چاککردنی سیستەمی هەناردەکردن و کارکردن بەم ئاڕاستەیە بەردەوامە بۆ ئەوەی زیان بەر بودجە نەکەوێت."
 
لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە بە لێکەوتەی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس و لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، لەو کاتەوە 6 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە، بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی داهاتەکانی کوردستان کەمبووەتەوە و کێشەی بۆ دروستبووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە لە نوێنەرانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی نەوتی عێراق پێکهاتبوون سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پشکنینیان بۆ بۆریی نەوتی کوردستان کردووە و دواتر راپۆرتێکیان داوەتە وەزارەتی نەوتی عێراق و گوتوویانە "بۆرییەکە کێشەی تەکنیکی تێدایە." سەرچاوەیەکی بەرپرسیش دەڵێت: " کێشەکە رووننەکراوەتەوە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە بارەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا گوتی: "هێڵەکە لە رۆژی چوارشەممەوە، واتە دوێنێ ئامادەیە بۆ کارکردن و هیچ کەموکورییەک نەماوە سەبارەت بە هەڵگرتنی نەوت لە جەیهان و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-10-2023، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە سیمپۆزیۆمی "هەفتەی دیپلۆماسییەتی کوردی" لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر رایگەیاند: "ئێستا مشتومڕ و هەوڵی زۆر هەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، وڵاتانی وەکو ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە هەوڵدان ئەو کێشەیە چارەسەربکەن، بەتایبەت ئەوەی لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە."
 
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە درێژییەکەی 511 کیلۆمەتر دەبێت، لە ساڵی 2010ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، لە کۆتایی  ساڵی 2013 نەوتی پێدا گواسترایەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.