بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن: راپرسیش کراوەتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "ئەو راپرسییانەی بڵاودەکرێنەوە زۆر سەرەتایین و ئاراستەکراون، راپرسییەکان زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن، زیاتر ئەو کەسانە دەنگ دەدەن لەگەڵ ئەو شوێنەن راپرسییەکە بڵاودەکاتەوە".
ئاکام جەمال لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16ـی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان رێگری هەیە راپرسی جیدیی و راستەقینە بکرێت، تەنیا رێگە بەو راپرسییانە دەدرێت کە ساختەن و پێشوەخت دانراون، یان ئاراستەکراون، بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی دەیکات ئەو ئەنجامە دەربێنێت خۆی دەیەوێت و بیکاتە بانگەشە، واتا راپرسی کراوەتە کەرەستەی بانگەشە، ئێمەش وەک پەیمانگەی کوردی هیچ راپرسییەکمان نەکردووە".
لەبارەی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئاکام جەمال دەڵێت: " بەپێی ئەو چاودێرییانەی کردوومانە، لە دوای 2021 هەڵبژاردن بەرەو پاک و بێگەردی زیاتر دەڕوات، کۆمیسیۆن رێکاری تووند و تۆڵتر دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی رێگەبگرێت لە لە ساختەکاری، ساختەکردن وەک 2018 نیە، ئێستا ئەلیکترۆنیە و تەنیا بە کارتی بایۆمەتری دەتوانیت دەنگ بدەیت".
ئاکام جەمال راشیگەیاند: "تاوەکو خەڵک زیاتر بەشداری دەنگدان بکەن، نرخی کورسی بەرزتر دەبێتەوە و دەتوانن گۆڕانکاری رێژەیی لەو هاوکێشە سیاسییەی هەیە بەدیبکەن".
بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن سیستمەکەی بە زیان بۆ هەندێک لایەن زانی و دەڵێت، "سانتلیگۆ لە بەرژەوەندی حیزبە بچووکەکان نییە، چونکە هەر لایەنێک چەند دەنگ بهێنێت دابەشی 1.7 دەکرێت".
ئەو بەرپرسەی پەیمانگەی کوردی دەشڵێت، "لە سیستمی سانتلیگۆدا چانسی بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ سەرکەوتن تارادەیەکی زۆر سفرە، چونکە ناتوانێت بە تاکە کەسی کێبڕكێ لەگەڵ لیستێک بکات کە 30 بەربژێر یان 36 بەربژێری هەیە".