ساڵی 2023 زیاتر لە 689 ملیار پشک لە عێراق مامەڵەیان پێوەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 689 ملیار پشک لە بۆرسەی عێراق ئاڵۆگۆڕیان پێکراوە، کە بایی زیاتر لە 680 ملیار دینار بووە. دەشڵێت، "بەراورد بە ساڵی 2022، رێژەی پشکە ئاڵوگۆڕپێکراوەکان 200% زیادیکردووە."
 
تەها ئەحمەد عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 689 ملیار و 622 ملیۆن پشک لە بازاڕە داراییەکان بە بەهای 680 ملیار دینار مامەڵە و ئاڵۆگۆڕیان پێوە کراوە، دەشڵێت، "ژمارەی ئەو گرێبەستانەی کراوە 155920 گرێبەست بوون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2022دا 15% زیادیکردووە."
 
ئەو بەرپرسەی دەستەکە لە قسەکانیدا ئەوەشی باس کردووە، کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لە رێسا و رێنوێنییەکانی کارکردن کردووە و هانی دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ، لەنێویاندا دامەزراوە داراییەکانی نابانکی، کە وەکو کۆمپانیای نێوەندگیر کار دەکەن، لەپێناو راکێشانی وەربەهێنەران بۆئەوەی لە بازاڕ و کاخەزە دارییەکانی عێراق وەبەرهێنان بکەن.
 
مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕ لە بازاڕە داراییەکان لە ساڵی رابردوودا پشکی 91 کۆمپانیای گرتووەتەوە، کە لە لیستی بازاڕەکەدا هەیە، بەپێی زانیارییەکانی ئەو دەستەیە، کەرتی بانکی بەشی زۆری مامەڵە داراییەکانیان لە بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان هەبووە، پاش ئەو کەرتی گەیاندن و پاشان وەبەرهێنانی دارایی و دڵنیایی بووە.
 
بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان ئێستا 103 کۆمپانیای تێدایە، لە هەشت کەرتدا کار دەکەن کە بانکەکان، گەیاندن، پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری، خزمەتگوزاری، وەبەرهێنانی دارایی و دڵنیایی دەگرێتەوە.