ئەردۆغان و ترەمپ پرسی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران و دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد؛ ئەردۆغان رایگەیاند، ئەم ئاگربەستە "دەرفەتێکی گەورەیە" بۆ ئاشتیی هەمیشەیی.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 8-4-2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بووە بەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا راگەیێندراوە. ئەردۆغان خۆشحاڵیی خۆی بەو هەنگاوە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "دوای 40 رۆژی سەخت و پڕ لە ئاڵۆزی بۆ جیهان، ئەم دەرفەتە دوو هەفتەییەی هاتووەتە پێشەوە، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ رێککەوتنی ئاشتیی هەمیشەیی."
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریشی داوە لەوەی دەبێت ئەم ماوەیە بە باشی بقۆزرێتەوە و گوتوویەتی: "پێویستە رێگە نەدرێت ئەم پرۆسەیە تێکبدرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان جەختی لە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە کردووەتەوە لە سەقامگیرکردنی دۆخەکە و ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بەشێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی چارەسەری کە لەگەڵ پاکستان و وڵاتانی دیکەی "دۆست و برا" بەڕێوەدەچن.
پەیوەندییەکەی ئەردۆغان و ترەمپ لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لەسەر بنەمای نێوەندگیریی دەوڵەتی پاکستان و ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی ئێران خستوویەتییەڕوو، بڕیاریان داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە رابگرن، تاوەکو دەرفەت بۆ دیپلۆماسییەت بڕەخسێت.