رووداو دەچێتە زیندانەکەی ئەبوبەکر بەغدادی
رووداو- ئوم قەسر
ئەوكاتەی پۆلیسی سەربازیی سوپای ئەمریكا لە سەرەتای ساڵی 2005، بەندكراوی ژمارە 15791 یان بە كەلەپچەكراوی هێنایە نێو زیندانی بوكا لە شارۆچكەی ئوم قەسر لە باشووری عێراق، نەیاندەزانی چ كاراكتەرێكی گرنگ و مەترسیداریان لەچنگدایە. بەندكراوەكە گەنجێكی تەمەن 33 ساڵ بوو كە لە شاری فەللوجە دەستگیر كرابوو، ناویشی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم ئەلبەدری بوو، بەڵام تەنیا 10 مانگ لە بەندیخانەكە مایەوە و ئازاد كرا. ساڵانێك دواتر ئەو كەسە بە نازناوی ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوتەوە و بووە كەسی یەكەمی رێكخراوی داعش كە بە ترسناكترین و بەهێزترین رێكخراوی جیهادی لە جیهان دادەنرێ.
وەكو زۆرینەی سەرچاوە میدیاییەكان ئاماژەیان بۆ كردووە، هاتنی ئەبوبەكر بەغدادی بۆ زیندانی بوكا، دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ ئەو، چونكە لەنێو ئەو زیندانەدا پلانی هەنگاوە یەكەمینەكانی دروستبوونی داعش دانرا، دوای ئەوەی جیهادییەكان لەگەڵ ئەفسەرە بە ئەزموونەكانی دەزگای هەواڵگری و گاردی كۆماری رژێمی بەعس لەو زیندانە بەیەك دەگەن.
زیندانەكە لە نێوەڕاستی بیابانێكی وشكی كاكی بەكاكیدایە لەسەر سنووری نێوان عێراق و كوێت. هەرچەندە ماوەی هەشت ساڵە داخراوە، بەڵام هێشتا شوورا سەخت و تۆكمەكانی، بەربەستە كۆنكرێتییەكانی، قوللە و خاڵە پاسەوانییە بەهێزەكانی، وەكو خۆیان ماون، یەكە جیاوازەكانی زیندانەكەش هێشتا سام و ترسناكیی ئەو رۆژانەی تێدا زیندووە كە زیاتر لە 24 هەزار زیندانیی جیهادی و ئەفسەری پلە باڵای سوپای سەردەمی بەعسی لەخۆگرتبوو.
(رووداو) وەكو یەكەمین دەزگای میدیایی كوردی، سەردانی زیندانی بوكا دەكات و لەنێو پاشماوەی زیندانەكە و هۆڵەكانی ئەو گرتووخانەیەدا، وێنەكانی ئەو رۆژگارە دەگێڕێتەوە.
زیندانەكە لە دوو شوورای تۆكمە پێكهاتووە، یەكەمیان شوورایەكی خۆڵینە، بە بەرزیی 18 مەتر كە هەردوولای شووراكە بەشێوەیەكی سەخت لێژ كراوە، بەشێوەیەك مرۆڤ بە ئەستەم دەتوانێ بەسەریدا سەركەوێ. لەسەر لووتكەی شووراكەش دوو هێڵی تەلی دڕكاوی بە بەرزیی دوو مەتر جێگیركراون. شوورای دووهەمیشیان شوورایەكی كۆنكرێتیی تۆكمە و بڵندە، لە نێوان دوو شووراكەشدا بۆشاییەكی فراوان هەیە، هەر نێوان 100 مەتریش قوللەیەكی پاسەوانی هەیە بۆ چاودێریكردنی ئاسایشی كەمپەكە.
بناغەی زیندانی بوكا لە ساڵی 2003 لەلایەن هێزەكانی بەریتانیاوە دانرا بۆ دەستبەسەركردنی ئەو سەربازانەی سوپای پێشووی عێراق كە وەكو دیلی جەنگ خۆیان دەدا بەدەستەوە. ئەوكات پێیدەگوترا كامپی فرێدی بۆ دیلەكانی جەنگ. لە كۆتایی ساڵی 2003دا كەمپەكە پێشكەشی سوپای ئەمریكا كرا، ئەوانیش فراوانیان كرد و ناونرا كەمپی بوكا، وەك رێزلێنانێك بۆ رۆناڵد بوكا، ئەندامی پۆلیسی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا كە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەردا كوژرابوو.
ئەمریكا ویستی كەمپی بوكا بكاتە زیندانێكی نموونەیی بۆ ئەوەی شوێنی زیندانی ئەبو غرێب بگرێتەوە كە بەهۆی دزەكردنی چەند وێنەیەكی ناو زیندانەوەكەوە بەدناو بووبوو. وێنەكان ئەوەیان بۆ رای گشتیی جیهانی دەرخست كە لەو زیندانەدا چ پێشێلكارییەك دەرهەقی بەندكراوە عێراقییەكان كراوە.
هەر بۆیە لەنێو كەمپی بوكادا زیندان نەبوو بە مانای زیندان، بەڵكو سەرجەم گیراوەكان بەسەر چەند یەكەیەكی جیاوازدا دابەشكرابوون كە لە 24 یەكەی سەربەخۆ پێكهاتبوو، زیندانییەكانیش تا ڕادەیەك ئازادیی هەڵسوكەت و مامەڵەكردن و یەكتربینینیان هەبوو لەنێو یەكە گەورەكاندا. ئەو تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی كە زیندانی بوكا ببێتە شوێنێكی ئارام بۆ كۆبوونەوەی جیهادییەكان و لە هەمانكاتیشدا شوێنێكی بێوەی بۆ گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لە نێوان ئەندامانی گرووپە جیهادییە جیاوازەكاندا.
عەممار ساڵح، رۆژنامەنووسێكی خەڵكی بەسرەیە، پێشتر ئاگاداری رەوشی زیندانەكە بووە، ئەو بە (رووداو)ی گوت: "زیندانی بوكا، رووبەرێكی ئارام بوو بۆ تروكانی شانە سەرەتاییەكانی داعش، چونكە بە هەزاران ئەندامی گرووپە توندئاژۆكان لە شوێنێكدا كۆكرانەوە كە ئازادیی یەكتر بینین و گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەیان هەبوو. زۆربەی زیندانییەكان بۆ ساڵانێكی درێژ پێكەوە بوون، ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بتوانن پلانی رێكخراوێكی ترسناكی وەكو داعش دابنێن".
لە خۆڕا نەبوو میدیا جیهانییەكان، زیندانی بوكایان بە زانكۆی بەرهەمهێنانی داعش ناوبرد، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەوانەی لە بوكادا زیندانی بوون، دواتر پەیوەندییان بە رێكخراوی داعشەوە كرد و لەنێو رێكخراوەكەدا بوونە كاراكتەری كاریگەر. جگە لە ئەبوبەكر بەغدادی، زیاتر لە 10 ئەمیری باڵای دیكەی رێكخراوەكە رۆژێك لە رۆژان لە بوكا بوون، لە گرنگترینیان ئەبو محەممەد ئەلعەدنانی، ئەبو موسلیم ئەلتوركمانی، ئەبو عەبدولڕەحمان ئەلبیلاوی و ئەبو هاجەر ئەلعراقی و چەندانی دیكە.
عەممار ساڵح دەڵێت یەكێك لە هەڵە ستراتیژییەكانی ئەمریكییەكان لە زیندانی بوكادا تێكەڵاوكردنی جیهادییەكان و ئەفسەرانی باڵای سوپای پێشووی عێراق بوو، كە دواتر هێزێكی ترسناك و كاریگەریان لێ دروستبوو.
لەنێو زیندانی بوكادا ئەبوبەكر بەغدادی چاوی بە حاجی بەكر، ئەفسەری باڵای هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی بەعس كەوت كە دواتر حاجی بەكر توانی زۆر لە كاربەدەست و پلەدارەكانی گاردی كۆماری بهێنێتە ریزەكانی داعشەوە، بەهۆی ئەوەی ئەزموونی سەربازیی گرنگ و بەهێزیان هەبوو، توانییان باڵی سەربازیی رێكخراوەكە لە رووی پلان و نەخشەی جەنگییەوە بگەیەننە ئاستێكی باڵا.
یەكێك لەوانەی كە رێبەری بۆ تیمەكەی (رووداو) دەكرد و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئاماژەی بۆ شوێنی بەندكردنی ئەبوبەكر بەغدادی كرد كە لە یەكەی )709 تی ئێچ) دەستبەسەر بووە.
هەرچەندە رووداو ناتوانێ زانیارییەكانی ئەو رێبەرە پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام شوێنەكە لە ژمارەیەك هۆڵی گەورەی لە جەمەلۆن دروستكراو و دەیان كۆمەڵە خێوەتی مامناوەند پێكهاتبوو، هەندێ لە هۆڵەكان تەنیا راڕەوێكی تەلی دڕكاوی لە یەكی جیادەكردنەوە كە ئەوەش هێمایەك بوو بۆ ئەوەی زیندانییەكان بە ئاسانی یەكدییان بینیوە.
یەكێك لە ئەمیرەكانی رێكخراوی داعش بەناوی ئەبو ئەحمەد كە پێشتر لەوێ زیندانی بووە و رۆژی 12ی دیسەمبەری 2014 قسەی بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی كردووە، دانی بەو راستیەدا ناوە كە زیندانی بوكا یاریدەدەری بەهێز بوو بۆ لەدایكبوونی داعش. ئەبو ئەحمەد بە رۆژنامە بەریتانیەكەی گوتووە: "هەر عەرەبێكی سوننە هاتبێتە نێو زیندانی بوكا، رێكماندەخست بۆ ئەوەی ببێتە بۆمبێكی تەوقیتكراو و سەربازێكی ئەو هێزەی بڕیارمان دابوو دوای زیندان دروستی بكەین. دەمانزانی رێكخراوی قاعیدە كۆتایی هاتووە، چونكە ئەمریكا هەموو رێگاكانی لێ گرتبوو".
زیندانی بوكا رۆژی 17/9/2009 لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە فەرمی داخرا. زۆربەی بەندكراوان ئازادكران، ئەوانەشی مانەوە بەسەر زیندانەكانی عێراقدا دابەشكران كە زۆربەیان بەر زیندانی ئەبو غرێب و مەحاویل كەوتن. دواتر لە چەند هێرشێكی رێكخراوی داعشدا بۆ سەر ئەو گرتووخانانە هەموویان ئازادكران.
نۆڤاك ئارام بتروسیان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، جەخت لەو راستییە دەكاتەوە كە داعش لەنێو هەناوی زیندانی بوكادا لەدایكبوو، پێیوایە ئەزموونی بوكا هەڵەیەكی ستراتیژی بوو بۆ هەموو لایەك. دەربارەی ئایندەی زیندانەكەش بە (رووداو)ی گوت كە كەمپەكە دراوەتە سێ كۆمپانیای عێراقی و ئوردنی و كوێتی بۆ ئەوەی بكرێتە ناوچەیەكی بازرگانیی ئازاد.
نزیكەی هەشت ساڵە كەمپی بوكا خاڵی كراوەتەوە لە زیندانییەكانی، بەڵام ئەوانەی رۆژێك لە رۆژان لە بوكا بوون، زیاتر لە دوو ساڵە، سێ شار و 27 قەزا و 63 شارۆچكەی عێراقیان كردووەتە زیندانێكی گەورە بۆ دانیشتووەكانیان.