دانانی پەنجە پەیکەرێک لەبەردەم هۆتێلێکی بەغدا ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لەوکاتەوەی پەردەى لەسەر لادراوە، پەیکەرى پەنجە لەبەردەم یەکێک لە هۆتێلەکانى بەغدا بووەتە جێی مشتومڕى شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. 
 
دانانی ئەو پەیکەرە، تەوژمێکى تووڕەیی و رەخنەى زۆرى دروستکرد، لەکاتێکدا پرسیار لەسەر ئاماژەکەى و شێوازى دروستکردنى دەکرێت کە بەگوتەى هەندێک لە هاووڵاتییان، شیاوى مێژووى عێراق و شارستانێتییەکەى نییە.
 
غەیس زەیدى، خوێندکاری زانکۆ دەڵێت: "ئەم پەیکەرە لە بەغدا نەشازە، لەگەڵ شارستانێتیى عێراق ناگونجێت، پەیکەرى پەنجە ماناى چییە؟ ئایا ئاماژەیە بۆ ئامانجێک یان شارستانێتییەتێک؟ ئاماژەیە بۆ چى؟ ئەوە تەنیا پەیکەرێکە کە ئێستا بێڕێزییە بەرامبەر بە بەغدا".
 
مونتەزیر عەباس، خوێندکارێکی دیکەی زانکۆیە و ئاماژە بەوە دەکات: "پەیکەرەکە ئاساییە و لەم شوێنە دانراوە، وەک ئەوەى خاوەن هۆتێلەکە نووسیوێتى بەردەوام دەبین و پەنجەکانمان دەمێنێت، من واى دەبینم کە پەیکەرەکە زۆر ئاساییە وەک چۆن ئەوەى لە هەندێک وڵاتى دیکە دانراوە، خاوەنى هۆتێلەکە مافى خۆیەتى لە بەردەم هۆتێڵەکەیدا دایبنێت و ئەوە شتێکى ئاسایبیە".                         
 
سەندیکاى هونەرمەندانى عێراق رەخنەى لێدەگرێت و سەرسوڕمانى خۆی دەربڕى لەوەى بەشێوەیەک دانراوە کە پێچەوانەى رێنماییە حکومییەکانە. نووسراوێکى ئاراستەى دەستەى وەبەرهێنان کردووە بۆ ئەوەى داوا لە خاوەنى هۆتێڵەکە بکرێت کە ئەو پەیکەرە لابدات و پەنا بۆ هونەرمەندانى پەیکەرتاش ببەن بۆ ئەوەى پەیکەرێکى دیکە دابنرێت کە ئاماژەى روونى تێدابێت بۆ مێژووى عێراق و شارستانێتییەکەى.
 
جەبار جودى، نەقیبى هونەرمەندانى عێراق گوتی: "ئێمە لەگەڵ جوانیداین، لەگەڵ ناشرینیدا نین، هەمیشە شتى جوان دروست دەکەین و نامانەوێت بینینی خەڵک و شوێنەکان تێک بدەین، شێوازى جێبەجێکردنى ئەمە لاساییکردنەوەیەکى کوێرانە و خراپ و سانایە، سیمبولەکانى شێواند و بێڕێزیشی بەرامبەر بەو شوێنە کرد کە لێى داندراوە".
 
پەیکەرى پەنجە لە ناوچەى جادرییەى بەغدا، لە پەیکەرێکى هاوشێوەى پەیکەرتاشی فەرەنسى سیزار وەرگیراوە، کە لە چەند وڵاتێک هەیە، بەڵام بە گوتەى هەندێک لە پسپۆران لە عێراق بەشێوەیەکى نەشیاو دروستکراوە.