مژارێکی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانە

09-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێ تەوەرێکی کۆبوونەوەکەش پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق راپۆرتی خۆیان لەبارەی دوایین پێشنیاز و لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بخەنەڕوو یان گوتەی خۆیان لەو بارەوە پێشکێش بکەن. هاوکات دیوانی چاودێریی دارایی عێراق راپۆرتێک کە بۆچوونی هەولێر و بەغدای لەخۆگرتووە، لە کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەخاتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە. 
 
سەرچاوەکە گوتی، لەسەر ئەو بنچینەیە بڕیار دەدرێ کە ئایا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێ یان نەنێردرێ. 
 
ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممەدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچە نەدرێ، ئەگەری زۆرە پرسەکە بۆ چەندین رۆژ دوابکەوێ، چونکە بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە لە عێراق پشووی فەرمی دەبێ و کۆبوونەوەی دواتری ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەکەوێتە رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب.
 
یەکێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی داهاتی نانەوتییە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر ئەو پرسە رێکنەکەوتوون. حکومەتی عێراق داوای 50٪ـی تەواوی داهاتی نانەوتی دەکات کە گومرگ، باج و رسووماتی وەزارەتەکان دەگرێتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی دیکەی هەیە و دەڵێ، داهاتی نانەوتی تەنیا گومرگ و ئەو داهاتانە دەگرێتەوە کە بەپێی دەستوور فیدراڵین، نەوەک هەموو رسووماتەکان.
 
شاندێکی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی، بودجە و پرۆژەی "هەژماری من" زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕوپڕی کرد، بەڵام بێ گەیشتنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا ئامادەکاریی تەواو بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە و ناکۆکی لەو بارەیەوە ماوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە