"لە شارۆچکەى زلوعیە 7 چەکدارى داعش کوژران"

رووداو ـ سەڵاحەدین

جێگرى پارێزگارى سەڵاحەدین رایگەیاند لە ئاکامى رووبەڕووبونەوەیەکى سەربازى لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانى سەر بە دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعش لە شارۆچکەى زلوعیە 7 چەکدارى داعش کوژران.

عەمار حیکمەت، جێگرى پارێزگارى سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە ئاکامى رووبەڕووبوونەوەیەکى سەربازى لە شارۆچکەى زلوعیە لە پارێزگاى سەڵاحەدین لە نێوان چەکدارانى داعش و هێزە ئەمنییەکان، کە خاڵێکى پشکنینى سەربازییان کردبووە ئامانج 7 چەکدارى داعش کوژران".

دوێنێش لە ئاکامى تەقینەوەى دوو ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەى زلوعیە، کە خاڵێکى پشکنینى هاوبەشى پۆلیس و سوپا و هێزى سەحوەکانى کردبووە ئامانج 20 کەس لە ریزەکانى هێزە ئەمنییەکان کوژران و 80 ی دیکەش برینداربوون.