قەرزى کۆن و گەرەنتى نوێ بەربەستن بۆ رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو راپۆرت لەبارەى پێشهاتەکانى رێککەوتنى نێوان بەغدا و هەولێر و جیاوازى بۆچوونەکانیان دەدرێتە سەرۆکوەزیرانى عێراق. قەرزى کەڵەکەبووى کۆمپانیاکانى نەوت گرێکوێرەیەکى سەرەکىی بەردەم رادەستکردنى نەوتە، کە حکومەتى فیدراڵ تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بچێتە ژێر بارى دانەوەى.
 
کارنامەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، تاوتوێکردنى پرسى دانوستاندنى نێوان بەغدا و هەولێرى تێدا نییە.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى کە رووداو لە دوو سەرچاوەى ئاگادار لە بەغدا وەری گرتوون، تیمى راوێژکارانى سەرۆکوەزیرانى عێراق دوو راپۆرت بەجیا دەدەنە لیژنەى وەزاریى حکومەت بە سەرۆکایەتیى محەمەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانى عێراق لەبارەى نوێترین پێشهاتەکانى دانوستاندنى نێوان هەردوولا.
 
یەکێک لە راپۆرتەکان لەبارەى پێشنیاز و بۆچوونى هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییە لەبارەى داهاتى نانەوتییەوە. راپۆرتى دووەمیان لەبارەى بەربەستەکانى بەردەم رادەستکردنى نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
 
کارى ئەو تیمەى راوێژکارانى یاسایی سەرۆکوەزیرانى عێراق بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بوو، بۆ ئەوەى هەردوو لایەنى هەولێر و بەغدا بگەیێنێتە رێککەوتن.
 
جگە لە رێککەوتن لەسەر بڕى داهاتى نانەوتى رادەستکراو لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، رادەستکردنى نەوتیش بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، مەرجى سەرەکیی رێککەوتنە بۆ ناردنى مووچەى ئەو مانگانەى دیکەى هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکراون.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانى رووداو لە بەغدا گوتى: "یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم رادەستکردنى نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان قەرزێکى کەڵەکەبووە کە نزیکەى یەک ملیار دۆلارە، وەزارەتى نەوت ئامادە نییە بەرپرسیارێتیى دانەوەى ئەو قەرزانە بگرێتە ئەستۆ بە پاساوى ئەوەى کە هیچ بنەمایەکى یاسایی نییە بۆ دانەوەى ئەو قەرزە".
 
هەموارى یاسای بودجەى گشتى، 16 دۆلارى دیاریکردووە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت کە وەک شایستەى دارایی بدرێتە کۆمپانیاکان، بەڵام لە هەموارەکە باس لەو قەرزە کەڵەکەبووانە نەکراوە.
 
8ى ئەیلوولى 2025، کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند: "پێشتر لە 25ى حوزەیرانى 2023 تاوەکو 30ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ 11 ملیۆن و 826 هەزار بەرمیل نەوتیان رادەستى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستەى دارایی ئەو نەوتەیان نەداوە.
 
ئەو 16 دۆلارەى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت بۆ کاتێکى دیاریکراوە، تاوەکو ئەو کاتەى کۆمپانیایەکى راوێژکاریی بەهاى راستەقینەى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت بۆ هەر بەرمیلێک بەجیا دیاری دەکات.
 
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانیان ئامادە نین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە تاوەکو رێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ نەکەن، کە تێیدا بەرپرسیارێتییەکان و میکانیزمی پێدانی شایستە داراییەکانیان روونکرابێتەوە.
 
بەغدا تاوەکو ئێستا نەچووەتە ژێر بارى واژۆکردنى رێککەوتنێکى نوێ بۆ ئەوەى گەرەنتى خەرجکردنى 16 دۆلارەکە بدات، بەپاساوى ئەوەى لە هەموارى یاسای بودجەى گشتى ئاماژەى پێکراوە.
 
عەلی شاتری، بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق سۆمۆ لە بەرنامەى رووداوى ئەمڕۆ لەوبارەیەوە گوتى: "چ گەرەنتییەک لە خودی یاساکە باشترە؟"
 
بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، 230 هەزار بەرمیل نەوت بەمەبەستى هەناردەکردن لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت.