گرووپێکی چەکداریی عێراق: تا دەستدرێژییەکانی زایۆنی لە غەززە رانەوەستێت هێرشەکانمان راناگرین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە رانەگیرێن، هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دژی هێزەکانی ئەمریکا راناگرن.
شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گرووپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، یەکێک لەو گرووپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل و بوونی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نیشاندەدات و بە یەکێک لە گرووپەکانی نزیک لە ئێران هەژماردەکرێت، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە راوەستانی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆ سەر غەززە نەبێت، راناوەستێت".
دەشڵێت، "هیچ ئاگربەستێک لەگەڵ داگیرکاری ئەمریکی لە عێراق بەدی نایەت تاوەکو ئاگربەستی راستەقینە و پابەندبوونی دوژمن پێیەوە لەگەڵ کەسوکارمان لە غەززە روونەدات".
ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لە پۆستەکەیدا باسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات و دەڵێت، "دەرچوونی گەرەنتیکراوی ئەمریکا لە عێراق نایەتە دی تاوەکو ئەوکاتەی کاروانی هاوکارییەکانی گەرەنتیکراو و بەردەوامی مرۆیی و دەرمان نەگاتە غەززە".
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لەو گرووپانەی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی جیابووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی گرووپێکی چەکدارە، بەڵام بەشێکە لە هاوپەیمانیی "نەبنی" بە سەرۆکایەتی هادی عامری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان لە دوای شەڕی غەززە گرتووەتە ئەستۆ.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.