سەرۆکایەتیی کۆمار: پشتگیری چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستوورەوە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، سەرۆکایەتیی کۆمار پاڵپشتی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، هاوڕێ تۆفیق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرۆکایەتیی کۆمار پاڵپشتی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی یاساکانی کارپێکراو و لەژێر چەتری دەستوور."
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، 20-1-2025 سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکردووە.
هاوڕێ تۆفیق لەو بارەیەوە، ئاماژە بەوە دەدات، "سەرۆککۆمار دژایەتی هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری وڵات ناکات و ئەو سکاڵایەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبەردەم دادگەی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە هەستکردن بەبەرپرسیارێتیی نیشتیمانی لە بەرامبەر ئازاری بەشێکی زۆری عێراقییەکان سەرچاوەی گرتووە و خۆپیشاندانی جەماوەری و مانگرتن لە خواردن بۆ کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەر کە بووەتە هۆی داخستنی چەندین قوتابخانە و پەکخستنی هەزاران خوێندکار."
هاوکات باس لەوە دەکات، ئامانجی ئەم داوایە "بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و دەستوورییە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم وێڕای بەرز نرخاندنی هەموو هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە داراییەکان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و رادەستکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی بۆ حکومەتی فیدراڵی."
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار دا هاتووە: "سەرۆکایەتیی کۆمار دامەزراوەیەکی دەستوورییە کە ئامانجی پاراستنی سیستەمی دەستووری، پاراستنی مافەکانی هەموو خەڵکە بەبێ جیاوازی و پشتیوانی لە هەموو دەسەڵاتەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کاتێک دەنگی گەلەکەمان یەکگرتوو بێت، وڵاتەکەمان خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بەدی دەهێنێت."
هەر لەسەر سکاڵاکەی لەتیف رەشید؛ رۆژی دووشەممە، 10ـی شوبات، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تووشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆککۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرج کردووە و هیچ لای ئێمە نەماوە."