حکومەتی عێراق: ئەمریکا رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق دەڵێ، " ئەمریکا پابەندە بە رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق". سەبارەت بە هەوڵی پڕچەککردنی راستەوخۆی پێشمەرگەش دەڵێ "هەموو هاوکارییەکی پێشمەرگە دەبێ بە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی".
سەعد حەدیسی ، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق لەبارەی پڕچەککردنی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی پێشوەختەیان هەیە، کە دەبێ رێز لە سەروەریی عێراق بگرێ". جەختیشیکردەوە "پڕچەککردنی هەر لایەنێک لە عێراق پێشمەرگە بێت یان حەشدی شەعبی دەبێ بە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی ناوەند".
سەبارەت بە لێدوانی هەندێک لە ئەندامانی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن ، کە بە "پێشێلکردنی دەستووری عێراق" تۆمەتباری دەکەن، حەدیسی بۆ رووداو گوتی "لێدوانی ئەو پەرلەمانتارانە گوزارشتە لە هەڵوێستی خۆیان، ئێمە مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەین".
مەسعود بارزانی 3ی ئایار بە سەردانێکی 7 رۆژی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکەی هێناو دەچێتە وڵاتانی ئەوروپا. بارزانی لە واشنتن لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی "سەرکەتوو" بووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە ئیدارەی ئەمریکاوە بەڵێنیان پێداوە چەک بگەیێننە دەست پێشمەرگە.