دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵای یەکێتی کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەوە لە پەرلەمانی کوردستان، دوو سکاڵای لە دادگەی باڵای فیدراڵی لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تۆمارکردووە و بڕیارە سبەی یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی دادگەکە بۆ دوو سکاڵاکە بەڕێوەبچێت.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە سبەی یەکشەممە، 11-6-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کۆببێتەوە.
 
سکاڵای یەکەم، ژمارە 83/فیدراڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکار (زیاد جەبار)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات، دادگە مادەکانی 1،9،15،22،36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری هەژمار بکات.
 
ئەو سکاڵایە لەسەر هەریەک لە "رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان" تۆمارکراوە.
 
سکاڵای دووەم، کە ژمارە 84/فیدراڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکار (زیاد جەبار)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات دادگە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی بزانێت و ئەندامیێتییان هەڵبوەشێنیتەوە، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان.
 
رۆژی یەکشەممە، 11-06-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەردوو سکاڵاکە کۆدەبێتەوە.
 
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵای یەکەم پەیوەندیی بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، ئێمە تانەمان لە بەشێک لە مادەکانی داوە بەتایبەت بابەتەکانی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەگشتی و کورسیی پێکهاتەکان، پێمانوایە دادپەروەری لە دابەشکردنی جوگرافی و نوێنەرایەتی نییە، دەبێت هاوسەنگی تێدابێت، هەروەها پێمانوایە سیستەمی یەک بازنەیی لە زۆر کەم شوێنی دونیادا پەیڕەو دەکرێت و دەبێت بگۆڕدرێت، لەگەڵ ئەوانەشدا بابەتی تۆماری دەنگدەران، کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان تۆمارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە و جیاوازییەکە زیاتر لە 700 هەزار دەنگدەرە".
 
سەبارەت بە هۆکاری سکاڵا تۆمارکردن لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لوقمان وەردی ئاشکرای کرد "بەهۆی ئەوەی بەشێک لە رێکارەکان پەیوەندییان بە حکومەتەوە هەیە، بەتایبەت لە بابەتی تۆماری دەنگدەراندا، کە دەبوو وەزارەتی پلاندانان ئاماری دروستی هەبێت و، ئەو جیاوازییە زۆرەی لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی پلاندانانی عێراقدا نەبێت".
 
سەبارەت بە سکاڵای دووم، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لە کۆتایی مانگی رابردوودا تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنیشی لەگەڵ هەڵوەشایەوە و ئەو سکاڵایە رەنگبێت زوو بڕیاری لەبارەوە بدرێت".
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دانا و رایگەیاند؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.