وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: داشکاندن بۆ پلیتی گەشتەکان بۆ 2349 کەس کراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ لە داشکاندنی پلیتەکانی گەشتکردن 2349 کەس سوودمەند بوون، لەنێویاندا 116 نیڤشکان کە رێژەی داشکاندنی پلیتەکانیان 50%ی بەهای راستەقینەی خۆی و 1024 تووشبووی شێرپەنجە هەن کە رێژەی داشکاندنیان 90%ی بەهاکەیانە.
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023 گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەبارەی داشکاندنی پلیتەکانی گەشتکردن بە فڕۆکە بۆ ژمارەیەک چین و توێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو کەسانەی لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون 2349 کەسن، لەو ژمارەیە 116یان نیڤشکانن کە رێژەی داشکاندنی نرخی پلیتەکانیان 50%یە و 1024 تووشبووی شێرپەنجە کە رێژەی داشکاندنیان 90%ی بەهای پلیتەکانە، جگە لە 9 چاودێریکاری ئاسمانی کە رێژەی داشکاندن بۆ ئەوان 50% دەبێت."
هەروەها ئاشکرای کرد، 1200 خانەنشینیش لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون کە رێژەی داشکاندنی پلیتەکانیان 25% دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەکەیان بەردەوام دەبێت کە خزمەتێکی باشی گەیاندووە بۆ ئەو توێژانەی کە زۆرینەیان کەمدەرامەت و ئەوانەی بژێویی ژیانیان زەحمەتە.
داشکاندنی بەهای پلیتەکانی گەشتکردن بۆ بەشێک لە چین و توێژەکانی عێراق بە هێڵی گواستنەوەی عێراقی لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی جێبەجێ کرا.