دادگەی فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەک لە دژی مادەی تایبەت بە کۆتای پێکهاتەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی، سکاڵا لە دژی مادەی 9ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکات، سکاڵاکە لەسەر سێ بڕگەی مادەکەیە و تایبەتە بە بەربژێرەکانی کریستیان و تۆماری دەنگدەران و دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان، بەو پێیە کریستیانەکان ناتوانن لیستیان هەبێت و تەنیا دەتوانن بە بەربژێری تاکەکەسی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، ئەو راوێژکارە دەڵێت، "داوامانکردووە تۆماری تایبەت بە کورسیی کۆتا و پێکهاتەکان هەبێت."
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 14-08-2023، دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای عیماد یوخەنا یاقۆ، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە کە لە سکاڵاکەیدا داوا لە دادگەکە دەکات بڕیار بە نادەستووریبوونی بڕگەیەکی "ب، ج، د"ی خاڵی یەکەمی مادەی 9ـی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە 12ی ساڵی 2018 بدات کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان و بەدیاریکراوی کورسیی کریستیانەکان.
رۆژی چوارشەممە، 09-08-2023، عیماد یوخەنا یاقۆ، لەبارەی سکاڵاکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی هەموارکردنەوەی یاساکە ئێمە وەکو پێکهاتەکان نابێت وەکو پارت و لایەنی سیاسیی بەشدارببین، بەڵکو وەکو بەربژێری تاکەکەسی، ئەوەش ستەمێکە و جیاکارییەکە لە خەڵکی دیکە جیامان دەکاتەوە، بۆیە داوا دەکەین ئەو هەموارە رەتبکرێتەوە، جگە لەوە ئێمە وەکو پێکهاتەکان بەتایبەت کریستیان داوامان کردووە تۆماری تایبەت بە دەنگدەرانی خۆمان هەبێت بۆ ئەوەی کەس هەست بە ستەم نەکات و بابەتی پێکهاتەکان لەلایەن حیزب و پارتەکانی دەرەوەی پێکهاتەکانەوە نەقۆزرێتەوە."
عیماد یوخەنا یاقۆ داوا دەکات ئەوانیش تۆمارێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی لەرێگەی دەنگدەرانی پێکهاتەکانەوە کورسییەکان یەکلایی بکرێتەوە نەوەک خەڵکی دیکە.
بەپێی دوایین هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان مادەی 15ی پێشوو هەموارکرایەوە، مادەکە 5 کورسیی کۆتا لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت بە پێکهاتەی کریستیان و کورسییەک لە پارێزگای نەینەوا بۆ ئێزدییەکان و کورسییەک لە بەغدا بۆ سابیئەی مەندایی، کورسییەک لە پارێزگای نەینەوا بۆ پێکهاتەی شەبەک و کوردی فەیلیش یەک کورسیی لە پارێزگای واست دەبێت.
کورسییەکانی هەولێر و دهۆک یەک بازنە دەبێت، کورسییەکانی بەغدا و نەینەوا و کەرکووک یەک بازنە دەبێت.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کریستیانەکان بەهۆی کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی دیکە لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا لە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 250 هەزار کریستیان.
بەشێک لە پێکهاتەکانی عێراق رەخنە لە بەشێک لەلایەنەکانی دەسەڵات و حیزبە فەرمانڕەواکانی عێراق دەگرن لەوەی رێگەیان نەداون لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان هەبێت.