بەرپرسێکی عێراق: کازمی و رەئیسی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران کۆبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی بابەتی وزە و پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە بکەن.
کۆبوونەوەکە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی لەو کاتەوەی رەئیسی لە مانگی رابردووەوە بووەتە سەرۆککۆماری ئێران و بە کەمتر لە یەک مانگیش پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دێت.
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکات، بە فرانس پرێسی گوت، "کازمی کێشەکانی ئاسایش، وزە و پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە لەگەڵ رەئیسی تاوتوێ دەکات."
عێراق چەندین ساڵە بووەتە کارەکتەری نێوەندگیر لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەکەی کە ئێرانی دراوسێی و ئەمریکان. ئێران هەژموونێکی گەورەی لە عێراق هەیە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی هەندێک گرووپ و کەسایەتییەوە کە نزیکن لە تارانەوە.
عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە هاوردەی گاز و کارەبای ئێران دەبەستێت، بە جۆرێک ئێران سێیەکی پێداویستیی گاز و کارەبای عێراق دابیندەکات. بەغدا ئێستا 6 ملیار دۆلار بەهۆی دابینکردنی وزەوە بۆ عێراق قەرزداری ئێرانە.
لە مانگی نیسانەوە، بەغدا بووەتە نێوەندگیر لە نێوان سعودیە و ئێران بۆئەوەی پەیوەندیی نێوانیان ئاسایی بێتەوە کە لە ساڵی 2016 وە تێکچووە.
کۆتایی مانگی رابردوو عێراق لووتکەیەکی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە بەست و تێیدا وەزیرانی دەرەوەی ئێران وسعودیە بەشداربوون، هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش بەشداربوو.
چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەدا پرسی ڤیزە بۆ زیارەتکارانی ئێران کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە دەکەن لە عێراق باسبکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 9-9-2021 بەرپرسانی عێراق رێنوێنیی نوێیان دەرکرد بۆ ئەو بیانییانەی مانگی داهاتوو سەردانی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
ئۆفیسی کازمی گوتی، رێگە بە 60 هەزار زیارەتکار دەدرێت، لەکاتێکدا پێشتر راگەیێندرابوو کە تەنیا رێ بە30 هەزار کەس دەدرێت.