دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی لەدژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو دادگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو جۆرە سکاڵایانە لە تایبەتمەندی ئەو نییە.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-9-2023، دادگەکە تاوتوێی سکاڵایەکی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد کە دووەم دانیشتنی دادگەکە بوو بۆ ئەو کەیسە، سکاڵاکە لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2016 راگیراوە. سکاڵاکە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکرابوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە ئەو بابەتە لە پسپۆڕی ئەودا نییە و دوای تاوتوێکردنی لەنێو دادوەران، دادگەکە بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی دا.
سکاڵاکە ژمارە 134/فیدراڵی/2023 و لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکار داوایکربوو دادگەی فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
رۆژی هەینی، 8-9-2023، یوسف عوسمان عەوێنەیی، سەرۆکی دەستەی باڵای یەکێتیی فەرمانبەرانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکێکە لەو مافانەی لە 1-1-2016ـەوە تاوەکو ئێستا راگیراوە، ئێمە چەندجارێک داوامان لە حکومەت کردووە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە ئێستا کە چووەتە دادگەی فیدراڵی ئومێد دەکەین مافەکانمان بۆ بگەڕێندرێنەوە."
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچەیان، زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.