باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق ستایشی فایەق زێدان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، تێڕوانینى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە پرسە سیاسییەکاندا جێگەى "ستایشە" بەتایبەت ئەو پرسانەى پەیوەندییان بە "سەروەریى یاسا" لە عێراق هەیە. 
 
رۆژی 10ی تشرینى دووەمى 2023، ئەلینا رۆمانسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس (تویتەری پێشوو)، ستایشى تێڕوانینى  فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراقى کردووە، لەو پرسانەى کە بە گوتەی ئەو، جێگەى گرنگى هەردوولا بوون.
 
باڵیۆزى ئەمریکا، 7ی تشرینی یەکەم لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەتەوە، بەڵام سێ رۆژ دواتر پۆستێکی لەسەر کردووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، لەو کۆبوونەوەیەدا، فایەق زێدان و ئەلینا رۆمانسکى باسیان لە پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵات کردووە.
 
یەکێک لەو پرسە یاساییانەى لەنێوان ئەنجوومەنى باڵاى داوەرى و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، دۆسیەى کوژرانى قاسم سولەیمانی، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبیە لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە لەنزیک فڕۆکەخانەى بەغدا.
 
رۆژی 5ى کانوونى دووەمى 2023، فایەق زێدان لە مەراسیمی یادکردنەوەى ئەو رووداوە رایگەیاند، دادگەى عێراقى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا دەرکردووە، کە دانى بە هێرشەکەدا ناوە.
 
رۆژی 3ی کانوونى دووەمى 2020، لە بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا هەریەک لە ئەبو مەهدى موهەندیس و قاسم سولەیمانی کوژران، ئەو کات دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکى ئەمەریکا بوو.