پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر رسوماتی سەر سووتەمەنی دەدات


رووداو دیجیتاڵ

هێشتا وادەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دیارینەکراوە، لەکاتی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەدا بڕیارە یەکەم مادە کە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت مادەی 42ـی رەشنووسی بودجە بێت، کە تایبەتە بە سەپاندنی رسومات لەسەر سووتەمەنییەکان لەنێویاندا بەنزین و گازوایل.
 
هەرچەندە بڕیاربوو کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژەدان بە خوێندنەوە و پەسندکردنی مادە و بڕگەکانی رەشنووسی بودجە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-06-2023، دەستی پێبکردایە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکە نەکراوە. 
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، رێگە بە پەسندکردنی ئەو مادەیە نادەن، چونکە باری سەرشانی هاووڵاتییان قورس دەکات.
 
کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە خوێندنەوەی مادەی 42 بکرێت، هێشتا روون نییە ئەو مادەیە پەسند دەکرێت یان رەتدەکرێتەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە لەگەڵیدا نین و دەڵێن رەتیدەکەنەوە."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر ئەو مادەیە پەسند نەکرێت، ئەوا داهاتەکانی عێراق بۆ ئەمساڵ کەمدەکاتەوە و بڕی کورتهێنانی زیاد دەکات، واتە ئەم مادەیە لێکەوتەی دارایی هەیە و کاریگەریی لەسەر داهاتەکان دەبێت.
 
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "ئەو مادەیە لادەبەین و نابێت باج و رسومات لەسەر خەڵک زیادبکرێت."
 
مادەی 42ـی رەشنووسی بودجەی عێراق تایبەتە بە سەپاندنی رسومات بەسەر سووتەمەنییەکان و دەقەکەی بەمشێوەیەیە:
 
یەکەم: رسومات بەپێی رێژەکانی خوارەوە وەردەگیرێت و داهاتەکانی دەبنە داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتی:
 
- رێژەی 5٪ لە داهاتەکانی فرۆشتنی هەر لیترێک.
- رێژەی 10٪ لە داهاتەکانی فرۆشتنی هەر لیترێک گازوایل.
- رێژەی 1٪ لە داهاتەکانی فرۆشتنی هەر لیترێک نەوتی رەش.
- رێژەی 15٪ لە داهاتەکانی هەر لیترێکی سووتەمەنیی هاوردەکراوی ئۆتۆمبێل کە کە راستەوخۆ لە رێگەی وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنییەوە دەفرۆشرێت.
 
دووەم: پێویستە وەزارەتی دارای رێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی بڕگەکانی سەرەوەی بەشی یەکەم دەربکات.