زەنگی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لێدرا


رووداو دیجیتاڵ 

دوای راگرتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ چەند کاژێرێک، جارێکی دیکە زەنگ بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لێدرا. 
 
لە دانیشتنی پەرلەمان، پێنج مادەی دیکە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە زیادکران و دەنگیان لەسەردرا کە بەمجۆرەن: 

1- بودجەى پەرلەمانى عێراق: بەگوێرەى پێشنیازى لیژنەى دارایی پێشکێشکراوە کە تێیدا 418 ملیار و 872 ملیۆن و 567  هەزار دینار وەک بودجەى پەرلەمانى عێراق دیاریکراوە و چۆنیەتیی بە هەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەستى پەرلەمانى دیاریکردووە. 
 
2- بودجەى دەسەڵاتى دادوەرى: لەو مادەیەدا بودجەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بە 714 ملیار و 886 ملیۆن و 347 هەزار دینار دیاریکراوە و بودجەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقیش بە 15 ملیار و 153 ملیۆن و 950 هەزار دینار دیاریکراوە.
 
3- دەسەڵاتى ئەنجوومەنى زانکۆکان: بە گوێرەى ئەو مادەیە ئەنجوومەنى زانکۆکان دەتوانن هەژمارى بانکی بکەنەوە بە دۆلار بۆ ئەوەى پەیوەندى لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ببەستن بۆ وەرگرتنى کۆمەک و گرێبەستى دروستکردنى نەخۆشخانە فێرکارییەکان. 

4- وەزارەتى دارایی گواستنەوە لە بودجە بکات بۆ تەرخانکردنى پارەى دامەزراندنى 336 کەس بۆ وەزارەتى بەرگرى.

5- دامەزراندنى دوو هەزار کەس بە گرێبەست لە دیالە و سێ هەزار کەس لە میسان.

ئێستا لە کۆی 68 مادەی فەرمی، تەنیا مادەی 15ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق ماوە کە دەنگى لەسەر بدرێت بەهۆى ناکۆکیی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکانەوە لەسەرى. 

هاوکات پەسندکردنى پێشنیازى گەڕاندنەوەی پاشەکەوتى مووچە ماوە بخرێتە نێو پڕۆژەیاسای بودجە، پێشنیازەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەڵێن، هەموو هەوڵێک دەدەن پاشەکەوتی مووچە بگەڕێننەوە.