لە دادگای لاهای، سکاڵا لە دژی چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی تۆماردەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوێکی سڤیلی عێراقی، کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، سەرقاڵی بەرزکردنەوەی سکاڵایەکە لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی، لە دژی ژمارەیەک بەرپرس و سەرکردەی میلیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران، بەتۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی خۆپێشاندەران.
 
عەلی فازڵ، سەرۆکی رێکخراوی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی عێراقی - ئەمریکی، لە توویتەری خۆیدا ئاشکرایکرد، سکاڵاکە لە دژی بەرپرسانی سیاسی، سەرکردەی ئاسایش و میلیشیاکانە.
 
لای خۆیەوە فایەق شێخ عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، سکاڵاکە دوێنێ دووشەمە لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی بۆ تاوانی جەنگ، بەرزکراوەتەوە و لە سكاڵانامەکەشدا ناوی 41 بەرپرسی عێراقییوەک تۆمەتبار تۆمارکراوە.
 
هێشتا روون نییە، دادگای لاهای داواکە قبووڵ دەکات یان نا، بەڵام فازڵ ئاشکرایکردووە هەوڵی یەکەمیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکە سەرکەوتوو نەبووە، چونکە نامەی سکاڵاکە، مەرجە پێویستەکانی دادگاکەی تێدا نەبووە.
 
شێخ عەلی، کە ئەویش لە توویتەرەوە باسی لە سکاڵاکە کردووە، دەڵێ لیستە 41 کەسییەکە، بە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەستپێدەکات، کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، ماوەیەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ماوەیەکیش فەرماندەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە.
 
ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق زیاتر ئاشکرایکردووە، کە لیستەکە بە ناوی فالح فەیاز دەستپێدەکات و بە ناوی حامد جەزائیری کۆتاییدێت، لە کاتێکدا، ناوی هادی عامری، ژمارە شەشە لە لیستەکەدا.
 
جەزائیری سەرکردایەتی میلیشیاکانی "سەرایای خوراسانی" سەر بە ئێران دەکات، لە کاتێکدا عامری سەرکردەی رێکخراوی بەدرە کە وابەستەی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
 
عەلی فازڵ، سەرپەرشتی هەوڵەکانی تۆمارکردنی سکاڵاکە دەکات لە دادگای لاهای لە دژی بەرپرسە عێراقییەکان. لە کاتێکدا سەرچاوەکان دەڵێن لە خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی رابردوودا، کە زۆرینەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە، زیاتر لە 550 کەس کوژراون و هەزارانی دیکەش برینداربوون، تائێستا ژمارەیەک خۆپێشاندەر بێسەروشوێنن. ئەمەش هەمووی بەهۆی هێرشی راستەوخۆی هێزەکانی عێراق بۆ سەر خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی چەکی زیندوو لە دژیان.
 
سەرچاوەکان دەڵێن میلیشیا پشتگیریکراوەکانی تاران، بەشدارییان لە پرۆسەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا کردووە، کە داوایان دەکرد کۆتایی بەقەڵەمڕەوی ئێران لە عێراقدا بهێنرێت، جیا لە نەهێشتنی گەندەڵی و گۆڕینی چینی دەسەڵاتداری وڵات و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 
فایەق شێخ عەلی کە ئێستا لە دەرەوەی عێراق دەژی، پێشتر هێرشی کردبووە سەر میلیشیا عێراقییەکان و بە "پیس" ناوی بردبوون، دوای ئەوەی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆمارکرا و داوای لابردنی پارێزبەندی یاسایی لەسەری کرا.
 
دادگایەکی عێراق، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ فایەق شێخ عەلی دەرکرد، دوای ئەوەی لەلایەن هادی عامرییەوە بە "هەڕەشەلێکردن" تۆمەتبارکرا.
 
شێخ عەلی کە پێشتر چەندینجار هەڕەشەی لە سەرکردەی میلیشیاکان کردبوو، بەوەی بیانداتە دادگا بەتۆمەتی کوشتن و گەندەڵی، هەڕەشەی ئەوەیکرد کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە "هاوپەیمانییەکی گەورە"وە دەگەڕێتەوە کە نوێنەرەکانی، سەرکردەی خۆپێشاندەرە "شۆڕشگێڕەکان" دەبن.