ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان چەندین رێگەچارە خراونەتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەکەیاندا لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، چەندین رێگەچارە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خراونەتەڕوو، لەنێویاندا هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و لابردنی چەمکی خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"، کە کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تیمی راسپێردراوی حکومەتی عێراق بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی پەرلەمانی عێراق ئەندامانی تیمەکە ئاماژەیان بۆ ئەو کێشە یاساییانە کردووە کە هاتوونەتە بەردەم جێبەجێکردنی بودجە لەنێویاندا رادەستنەکردنی بەشێک لە داهاتەکانی نەوت و گاز کە دەدرێنە وێستگەکانی کارەبا، هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە پشتبەستن بە خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"زیاتری وەرگرتووە.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێک لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەکە و تیمی حکومەتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی عێراقی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا زۆر وردەکاریی دارایی تایبەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند کران، لەنێویاندا داهاتەکان و خەرجییەکان و بەتایبەتیش مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان کە ئێمە جەختمان لەوە کردەوە دەبێت بەزووترین کات مووچە بدرێت و نەبێتە پرسێکی هەڵواسراو لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی عێراق."
سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بودجە، نەرمین مەعرووف گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە چەندین خاڵدا ناکۆکن، دیارترینیان چەمکی خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"یە، ئێمە گوتمان ئەو چەمکە لەساڵی 2015ەوە لە یاساکانی بودجەدا هەیە و جێبەجێ نەکراون، بۆیە یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەبوو ئەو چەمکە لاببرێت یان هەڵپەسێردرێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "چەندین رێگەچارەی دیکە خرانەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانە یاسای بودجەی گشتیی عێراق هەمواربکرێتەوە و دەستکاریی ئەو چەمکە بکرێت، یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان ئەوەبوو داهاتی نانەوتیی سەرجەم پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان خۆیان بێت و تەنیا لە داهاتی نەوتی هاوبەشی بکرێت."
خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"، بریتییە لە خەرجییەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو چەمکە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی سەردەمی پۆڵ برێمەری حاکمی مەدەنیی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە هەیە، بەپێی ئەو یاسایە، هەر ساڵێک ئەگەر عێراق بودجەی نەبوو، ئەوا پشت بە خەرجییەکانی ساڵی پێشتری دەبەستێت بۆ ئامادەکردنی بودجەیەکی کاتی بۆ راییکردنی کارەکانی، واتە بە نموونە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، خەرجیی کردەیی 15 پارێزگاکەی عێراق 47 تریلیۆن دینار بوو، دوای دەرهێنانی خەرجی سیادی و حاکیمە، ئەوەی ماوەتەوە کە بۆ مووچە و بەڕێوەبەردنی دامەزراوەکانی لەساڵی رابردوو خەرجکراوە کە نزیکەی 20 تریلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ژمارەیە بە رێژەی 12.67٪ دەبێت.
د. نەرمین مەعرووف، دەڵێت: "ئێمە چەندین رێگەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، هەرچەندە عێراق دەڵێت هەرێمی کوردستان لەو شەش مانگەی ئەمساڵ زیاتر لە هەشت تریلیۆن و 500 ملیار دیناری هەبووە و زیاتر بووە لەو پشکەی لە بودجە هەیەتی کە دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئێمە گوتمان خوێندنەوەی هەڵە بۆ ئەو چەمکی خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"یە هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە سبەی سێشەممە، 12-9-2023، لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک دەزگای دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکەیان دەبێت و پاش ئەوە لەگەڵ لایەنی دیکەی دارایی عێراق و پاشان هەرێمی کوردستانیش کۆدەبنەوە و راپۆرتێکی تایبەت بە وردەکاری کێشەکان و چۆنێتی چارەسەرکردنیان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان و روانگەی چارەسەریی خۆیان دەخەنەڕوو.
یاسای بودجەی گشتی عێراق ناکۆکیی قووڵی خستووەتە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، چەمکی خەرجیی کردەیی "الانفاق الفعلي" هۆکارێکی سەرەکیی ناکۆکییەکەیە.
ئەمڕۆ کە 11ـی ئەیلوولی 2023ـیە، تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مووچە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە و ئەو حکومەتە پابەندی یاسای بودجە و رێککەوتنەکان نابێت. بەپێچەوانە حکومەتی عێراقیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپابەندنەبوون تۆمەتبار دەکات.
4ـی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان گوتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێک و 300 ملیار دینارە و گوتیشی، "بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی لە بودجە بۆ مووچەخۆرانی ئێمە دیاریکراوە، هەموو مانگێک تەنیا بۆ مووچە 940 ملیارمان بۆ دانراوە، بەڵام بەگوێرەی خەرجیی فیعلی بێت، مانگانە 598 ملیار دینار زیاترمان بەرناکەوێت [لە بودجەی عێراق]."