بەغدا و واشنتن بۆ پاراستنی دیپلۆماتان کۆبوونەوە؛ ئەمریکا چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکەی 8ی ئەم مانگە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق بۆ پێنجەمین جار کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات بۆ رێگریکردن لە "هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق تاوتوێ کرا."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە پرسی پاراستنی دیپلۆماتان، باس لە چەندین پرسی ئەمنیی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا کراوە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا دەستخۆشی لە پابەندیی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی رۆژی 8ـی نیسان، کە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە سەر دیپلۆماتانی ئەمریکی.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانە تاوەکو ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکەوە بوون، رووبەڕووی یاسا و لێپرسینەوە بکرێنەوە.
رۆژی هەینی 10-4-2026 بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 8ی نیسان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا هێرش کراوەتە سەر ستافی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن گوت: "رۆژی 8ی نیسان، لە لایەن میلشیایەکی تیرۆریستیی عێراقییەوە بە درۆن هێرش کرایە سەر ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ستافەکەیان، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتی: "هەموو ستافەکەمان سەلامەتن."
ئەو هێرشە کاردانەوەی تووندی واشنتنی بەدوای خۆیدا هێنا. بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی "ناڕەزایەتیی تووند و سەرکۆنەی" خۆی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق.
هەروەها گوتیشی: "داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل لە هێرشەکە بکات و بەرپرسیارانی ئەو کارە رووبەڕووی سزا بکاتەوە."