هۆلاند: بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی عێراق دژی داعش

رووداو- بەغدا

ئەمڕۆ هەینی سەرۆكی فەرەنسا گەیشتە بەغداو لەلایەن سەرۆككۆماری عێراق پێشوازی لێكرا، دواتریش كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا، لە كۆنگرەكەدا سەرۆكی فەرەەنسا رایگەیاند :" پشتگیری عێراق دەكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە و بۆ  چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ( ناسراو بە داعش)یش رۆژی دووشەممە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی دەبەستین".

فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، "سوپاسی رۆڵی فەرەنسا دەكەم لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەتایەبت لەو كۆنگرەیەی كە بڕیارە رۆژی دووشەممە ببەسترێ". هەروەها گوتی: "هیوادارین فەرەنسای دۆستمان لەگەڵ عێراقدابێت و لە پەیوەندییەكی نایابدابین، ئەمە نەك هەر تەنیا بۆ ئەو ئاریشەیەی ئێستا عێراق تێیكەوتووە، بەڵكو لە بواری جیاواز و لە ئێستا و لە ئایندەدا".

فرانسوا هۆلاند، سەرۆكی فەرەنساش گوتی: "لێرەم  بۆ ئەوەی هاوسۆزی خۆم بۆ حكومەتەكەی ئێوە دەربڕم و فەرەنسا لەپشتی ئێوەدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە، ئێمە لەگەڵتانین لە لایەنی تەناهی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنەی روویان تێكردوون".

هەروەها گوتی، "دەبێ هەموو گەلانی دونیا لەسەر هەمان رێگا بەردەوامبن بۆ پشتگیریكردنی ئێوە و بەرگرتن لە تیرۆر، بۆیە فەرەنسا بڕیاریداوە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە پاریس رێكبخات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ژمارەیەك وڵات بانگهێشت دەكەین، ئەمەش بەو مەبەستەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆڵێك بگێڕێت لە ئایندەی عێراقدا".

سەرۆكی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "ئامانجی ئەو كۆنگرەیە پێشكەشكردنی هاوكارییە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێ بەرەنگاری داعش ببێتەوە، ئەم هاوسۆزییەی فەرەنساش لە زۆر رووەوە دەركەوتووە، لە رووی هاریكاری سەربازی و مرۆیی و بەردەوامیش دەبین لەو هاوكاری و هاوسۆزییە، بەتایبەت لە جەنگی دژی داعش".

بڕیارە هەر ئەمڕۆ هۆلاند سەردانی هەولێریش بكات و لە لایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوزای لێبكرێت. كە ئەمەش بۆ یەكەمجارە سەرۆكی وڵاتێكی  زلهێز و خاوەن ڤیتۆی ئەنجوومەنی ئاسایش بێتە هەرێمی كوردستان.