عێراق رێوشوێنی ئەمنی لە نزیک باڵیۆزخانە و سەنتەرەکانی شەش وڵات تووندتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق داوا دەکات هێزی ئەمنیی زیاتر بۆ پارێزگاریکردن لە باڵیۆزخانەی شەش وڵات لە بەغدا لەو وڵاتانەی کە پشتیوانیی کارەکانی بزووتنەوەی حەماسیان لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل نەکردووە، بڵاوبکرێتەوە و رێوشوێنی زیاتر بگیرێنەبەر. ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی هەینی نوێژی یەکگرتوویی بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین لە بەغدا بکرێت و خۆپێشاندانی ملیۆنیش بەڕێوەبچێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ژمارە 1126 ئاڕاستەی هەشت دەزگای ئەمنی کراوە، داوادەکرێت هێزی ئەمنی و رێکارە ئەمنییەکان لە نزیک ئەو باڵیۆزخانانەی کە هەڵوێستی"نەرێنی"یان لەگەڵ دۆزی فەلەستین هەبووە بەهۆی رووداوەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل تووند بکرێت.
ئەو شوێنانەشی لە راگەێیندراوەکەدا هاتووە بریتییە لە "سەنتەری رۆشنبیریی تورکی لە ناوچەی وەزیرییە، باڵیۆزخانەی ئۆکراینا، باڵیۆزخانەی بەحرەین لە ناوچەی مەنسوور، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە شەقامی سەعدوون لە نزیک گۆڕەپانی کەهرەمانە."
هەرچی پەیوەستە بە باڵیۆزخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، لە نووسراوەکەدا هاتووە: "نووسراو بۆ فەرماندەیی فیرقەی تایبەت بکرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست لەنزیک ئەو باڵیۆزخانانە بگیرێتەبەر."
لە 7ـی ئەم مانگەوە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لە نێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.