لایەنگرانی سەدر بۆ پشتگیریکردنی حەماس خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەدان هاووڵاتی لە مەیدانی تەحریری بەغدا بۆ پاڵپشتیکردنی حەماس و فەلەستینییەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
ئەو هاووڵاتییانە دوای پەیامەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هاتنە مەیدانی تەحریر کە داوای خۆپێشاندانی ملیۆنی کردووە بۆ پشتگیریکردنی فەلەستینییەکان.
یەکێک لە خۆپێشاندەران بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدای گوت: "ئێمە دەمانەوێ هاوکارییان بکەین و هەرچییەکیان پێویستبێت لە خزمەتیاندا دەبین، ئەبوو هاشم (موقتەدا سەدر) داوای کرد و ئێمە هاتینە ئێرە".
9ـی تشرینى دووەمى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە پەیامێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بانگەوازێکى بڵاوکردەوە بۆ خۆپێشاندانەکە لە دواى نوێژى هەینیی 13ـی تشرینى یەکەم لە گۆڕەپانى تەحریر لە بەغدا.
موقتەدا سەدر داوا دەکات لەو خۆپێشاندانەدا ئاڵاى ئیسرائیل بسووتێندرێت و ئاڵاى فەلەستین لەپاڵ ئاڵاى عێراق بەرزبکرێتەوە.